ئا: ئیسماعیل مەحمود
ئەم ناونیشانەی سەرەوە مانشێتی لاپەڕەی وەرزشی ژمارە 564 – ی رۆژنامەی (المدی) بووە كە رۆژی شەممە 24/12/2005 بڵاوبۆتەوە، خالید مەحفوز كە رۆژنامە نووسێكی ئەو رۆژنامەیە بوو، راپۆرتێكی یەك لاپەڕەیی لە ژێر ئەو ناونیشانەدا بڵاوكردۆتەوە، راپۆرتەكەشی وەك خۆی نووسیویەتی بە بۆنەی دوو سەركەوتنی وەرزشی گرنگەوە بووە كە هەڵبژاردەی عیراق لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا تۆماریان كردووە.
یەكەم سەركەوتنیان ئەوەبووە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق توانی میدالی زێڕ و جامی پاڵەوانی خولی تۆپی پێی (خولی یارییەكانی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا) بباتەوە كە لە قەتەر كرا، یارییەكە رۆژی 10/12/2005 كراو لە یاریی كۆتاییدا پاش یەكسان بوون 2-2 لەگەڵ سوریا، بە پەنالتی یارییەكەی بردەوە و جامی یەكەمی و میدالی زێڕیان بردەوە، هەر لەو خولە وەرزشییەی وڵاتانی ئاسیادا پاڵەوانی كوردی بەرزكردنەوەی قورسایی (هەرێم تەها) ش میدالێكی زێڕی تری بۆ عیراق بردبووە وە.
بەم بۆنەیەوە رەحمەتی مام جەلال سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق، پێشوازی لە هەڵبژاردەی عیراق و پاڵەوان (هەرێم تەها) كرد، رۆژنامەنووس خالید مەحفوز لە راپۆرتەكەیدا بە وردی تیشكی خستۆتە سەر دیدارەكە و وتەكانی سەرۆكی مام جەلالی رەحمەتی لەو بۆنەیەدا.
وتەكانی مامی رەحمەتی
ئەو رۆژنامە نووسە عیراقییە سەبارەت بە وتارەكەی مامی رەحمەتی دەڵێت: بۆچی ئەو دیدارە رووداوێكی گرنگ بووە لە مێژووی تۆپی پێی عیراقدا، چونكە سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق وتارێكی جوان و وردی نەك تەنیا لەسەر بارو دۆخی یاریی تۆپی پێی عیراق پێشكەش كرد، بەڵكو وتارەكەی وەڵامدانەوەیەكی خێراو دەست بەجێی سەرجەم ئەو پێشنیازانەش بوو كە ئامادەبووانی دیدارەكە بۆ جەنابی كردبویان، بەڕێزی سەرجەم پێشنیاز و داواكارییەكانی ئەوانی ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح كرد كە جێبەجێبكرێن، لە پێش هەموویانەوە مەسەلەی دامەزراوە وەرزشییەكان كە گرنگترین پێداویستی وەرزشكارانی عیراقە و جەنابی وتی: لەو رووەوە جیاوازییەكی یەكجار گەورە لە نێوان عیراق و وڵاتانی تردا هەیە، بەرهەم ساڵحی راسپارد گرنگی تەواو بەم مەسەلەیە بدرێت و پەلە لە جێبەجێكردنیاندا بكرێت.
مەرجی مامی رەحمەتی چی بووە؟
وەك رۆژنامە نووسەكە نووسیویەتی سەرۆك مام جەلال هەر قسەی لەسەر ئەو مەسەلەیە نەكرد، بەڵكو زۆر لەو زیاتر چووە قووڵایی باسی وەرزش و گرنگی وەرزشەوە، لە دیدارەكەدا زۆر بە گرنگییەوە وتی: یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریی كردنی من لە حكومەتی نوێی عیراقدا ئەوە بوو خواست و داواكارییەكانی وەرزشكاران لە عیراق دابین بكرێن، لەبەرئەوەی وەرزش هۆكارێكی گرنگ و بنەڕەتییە لە یەكێتیی وڵات و هۆكارێكە بۆ بنبڕكردنی جودا خوازی و پەرتەوازەیی و ناكۆكییەكان لە وڵاتدا.
سەرۆك تاڵەبانی هەر ئەوەندە نا بەڵكو وتی: من هەموو هەوڵ و تواناكانی خۆم دەخەمە گەڕ تا سەرچاوەكانی پارە و دارایی بۆ وەرزش و وەرزشكاران پەیدا بكەم و لەمەی ئێستا هەیە زیاتر بكرێن تا وەرزش لە گێژاوی كێشەو كەم و كوڕییەكان دەرباز بكەین جا ئەوەش ئەگەر بە بودجەی تایبەتی سەرۆكایەتی كۆمار بووە یان بە داهاتەكانی دەوڵەت.
لە وەرزشیشدا شارەزایی هەبووە
هەروەها وتی: من خۆم ئیتر هەوڵدەدەم بەشێك لە كاتەكانی خۆم بۆ پەرەپێدان و گرنگیدان بەوەرزش و پێشخستنی وەرزش لە عیراقدا تەرخان بكەم، ئەوەش بەوەی پەیوەندییەكانم لەگەڵ لێپرسراوانی وەرزشدا زیاتر بكەم و لەگەڵیان قسە بكەم و گفتوگۆیان لەگەڵ بكەم، بەتایبەتیش من خۆم دەمێكە دەمەوێت دیدار لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراقدا بكەم.
رۆژنامەنووسەكە لە راپۆرتەكەیدا پاش ئەوەی تیشكی خستە سەر گرنگترین قسەكانی سەرۆك تاڵەبانی لەو دیدارەدا، ستایشی سەرۆك تاڵەبانی كردووە كە كەسێكە حەكیمانە لە بواری وەرزشیش گەیشتووە، زۆر زیرەكانە لەوەرزشیشدا شارەزایی هەبووە، زۆر باش دەیزانی وەرزش و وەرزشكارانی عیراق لە چ بارو دۆخێكدان و مژدەی دڵخۆشكەری پێدان كە چاوی لێیان دەبێت و ئەوانیش هەموویان بە روویەكی خۆش و دڵێكی خۆشەوە دیدارەكەیان كۆتایی پێهێنا و ماڵئاواییان لەسەرۆك تاڵەبانی كرد.
رای ئامادەبووان لەسەر مامی رەحمەتی
راپۆرتەكە لەكۆتاییدا رای ئامادەبوانی لەسەر دیدارەكەی سەرۆك تاڵەبانی وەرگرت و ئەوانیش بەمشێوەیە دیدارەكەیان هەڵسەنگاند:
*حسێن سەعید-سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق: ئێمە زۆر ئاسودە و بەختەوەر بووین بەو دیدارە، بەتایبەتی بە قسەكانی سەرۆك تاڵەبانی، دڵنیاشین پاشەڕۆژی وەرزش باشتردەبێت لەسەردەستی سەرۆك تاڵەبانی و كەسە خێرخوازەكان.
*ئەحمەد عەباس-ئەمینداری یەكێتیی تۆپی پێی عیراق: من زۆر شادمان و بەختەوەر بووم بەم دیدارە لەگەڵ جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق، لەهەمووشی گرنگتر ئەو قسە بەتام و جوانانەی بەڕێزی بوو بەگشتی لەسەر وەرزشی عیراق، ئێمەش بەڵێنی پێدەدەین لەئاستی خواستەكانی جەنابیدا بین و هیوادارین تەندروست باشبێت و هیوای زۆرمان پێیەتی.
*ئەكرەم ئەحمەد سەلمان-راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق: بەناوی كاستی راهێنەریی هەڵبژاردەكەو كادرانی پزیشكی و سەرجەم یاریزانەكانەوە سوپاسی ئەو پێشوازییەی سەرۆك كۆمار دەكەم، تەنیا لەبەر ئەوەنا كە جەنابی رێزی لێناین، بەڵكو ئەوەشمان لە جەنابی بینی گیانێكی وەرزشیی بەرزی هەیە و ئەوەش خۆی بۆخۆی گەورەترین خەڵات بوو بۆ ئێمە.
*نور سەبری-گۆڵچی هەڵبژاردەی عیراق: ئەم ساتەی بەدیداری سەرۆك تاڵەبانی شادبووین، خۆشییەیەكی هیچی كەمتر نەبوو لەو خۆشییەی یاریی كۆتایی كە توانیمان بە پەنالتی یارییەكە ببەینەوە و ببینە پاڵەوانی ئاسیا.
كۆتایی راپۆرت
خالید مەحفوز راپۆرتەكەی بەم چەند دێڕە كۆتایی پێهێناوە: لەكۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێین سەرۆك تاڵەبانی خاڵەكانی بە جۆرێك دەخستە سەر پیتەكان ئێمەی تێدەگەیاند زانیاریی تەواوی لەسەر وردەكارییەكانی وەرزشی عیراق هەیە، بە وردی و بابەتییانە كەم و كوڕییەكانی وەرزشی عیراقی باس دەكرد، هەروەك نەریتی خۆی زۆر بە لەباقەتەوە قسەكانی خۆی دەكرد، زۆر لە خۆ بوردوانە قسەی بۆ دەكردین بەجۆرێك وا خۆت دەهاتە پێش چاو زۆر دەمێكە ئێمە هەموومان مام جەلال دەناسین، هەرچەندە هەموومان بۆ یەكەمجار بوو بەدیداری شاد بووین.
لەكۆتاییدا نووسیویەتی: پیرۆزبێت لە وەرزشی عیراق ئەم رێزلێنان و خەڵاتكردنە، پیرۆزبێت لە تۆپی پێی عیراق سەركردەیەكی گەورەی هەیە و جێدەستی لەسەر وەرزشی عیراق دیار دەبێت و ئەو سەركردەیەش (مام جەلال)ە.