سەرۆک مام جەلال، مامی دڵسۆزی مافەکانی ژنان بوو

10:59 - 2022-10-02
دووتوێ
1266 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

ئەگەر بمانەوێت باس لە سەرکردە و سەرۆک هەڤاڵ مام جەلال بۆ نەوەکانی دوای خۆمان و ئەوانەی لە ژیانیاندا نەیانتوانیوە بە خزمەتی بگەن و بیناسن بکەین، دەبێت بزانن ئەو تەنیا سەرکردەیەکی کورد و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەروەها یەکەم سەرۆک کۆماری کورد نەبووە لە عیراق، چونکە پێویستە نەک تەنیا وەکو سیمبولێکی سیاسی و خەباتگێڕێک بۆ مەسەلەی کورد بیناسن، بەڵکو جگە لەوە دەبێت لایەنی مرۆڤدۆستی و گرنگیدانی ئەو پیاوە مەزنە بە بابەتی مافی مرۆڤ و یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا بناسن لە سەردەمێکدا کە لەم وڵاتەدا کەم کەس هەبووە لە مافی مرۆڤ و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان تێگەیشتبێت یان زانیبێتی، بەڵام مام جەلال پیاوێک بە رۆشنبیرییەکی بەرزەوە پێش سەردەمی خۆی کەوتبوو.

توندوتیژی دژی ژنان
رەنگە زۆرمان ئاگاداری ئەوە بین مام هەرگیز ئامادە نەبووە ئیمزا لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی هیچ مرۆڤێک بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو مرۆڤە سەدام حسێن-یش بێت، چونکە مام وەکو پارێزەرێک واژۆی لەسەر یاداشتنامەی رەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان کردبوو وەکو ئەندامی یەکێتی پارێزەرانی نێودەوڵەتی و باوەڕی بەوە هەبووە ئەو سزایە بۆ هیچ مرۆڤێک گونجاو نییە، بەڵام لە زۆر بۆنەدا کاتێک باسی ژن کوشتن کراوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەوەی ئیمزا لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی پیاوێک بکات کە ژنێک  بکوژێت، ئەمە بەو واتایەی مام جەلال چەندە لە خەمی مەسەلەی ژناندا بووە و چەندە یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان و بەدیهێنانی مافەکانیانی بەلاوە گرنگ بووە، ئەوەتا لەسەر مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان و بەگژداچوونەوەی ئەو دیاردەیە دەڵێت: «داڕشتنی پلانی هەمەلایەن و ژیرانە بۆ یەكخستنی ریزەكانی ژنان ‌و توندوتۆڵكردنی كۆششەكانتان بۆ بەگژاچوونەوەی توندوتیژیی ‌و ستەمی كۆمەڵایەتی ‌و چەوسانەوەی رەگەزیی ‌و ناعەدالەتی كە هێشتا نەتوانراوە بنبڕ بكرێن» بۆ ئەو مەسەلەیەش ساڵی 2000 ئەوکاتە مام جەلال سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) بوو، چ وەک پۆستەکەی لەڕووی یاساییەوە و چ وەک سەرکردەی حزبێکی سۆشیال دیموکرات کە پشتیوانی مەسەلەی یەکسانیی جێندەری دەکات، دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێنا و دوای کەڵەکەبوونی چەندین دۆسێی تاوانی کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەف و پەرەسەندنی دیاردەی فرەژنی و لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی، بە راوێژ لەگەڵ لیژنەیەکی قانوونیدا، کاری کرد بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی و یاسای ژمارە 62ی دەرکرد کە  تێیدا تاوانی کوشتنی ژنان وەک هەر تاوانێکی دیکەی کوشتن هەژمارکرا و هیچ پاساوێک نەهێڵرایەوە بۆ تاوانبارانی کەیسی کوشتنی ژنان تا بەو پاساوانە بە سزایەکی سوک دەربازیان ببێت، هەروەها یاسای ژمارە 59 ی دەرکرد کە رێگریی لە دیاردەی فرەژنی دەکات و وەک تاوان هەژماری دەکات بەبێ پاساوی یاسایی و پزیشکی و رەزامەندیی ژنی یەکەم پاڵپشت بە پاساوەکان، بەوەش گرێکوێرەی یاسایی بەردەم دادوەران و دەزگای دادوەریی کرایەوە کە پێشتر بەهۆی یاسا کۆنەکەوە دەستیان بەسترابوو لەبەردەم کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی شەرەف.

سەرۆک مام جەلال لەگەڵ گروپی کیژانی سلێمانی2007-

هێنانە پێشەوەی ژنان
مام جەلال هەمیشە وەکو مرۆڤدۆستێک باوەڕی بە یەکسانیی مرۆڤەکان بووە و باوەڕی بە مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەریی هەبووە لە هەموو کایەکانی ژیاندا و هەمیشە دووپاتی کردۆتەوە وەکو دەڵێت: « پێویستە لەناو حزب ‌و دەزگاكانی حكومەتدا ژنان ‌و كچان پێش بخەین ناڵێم بۆ دیكۆر، بەڵام بە شایستەیی ‌و لێوەشاوەیی خۆیان»  بەو وتەیەدا دەردەکەوێت مام جەلال باوەڕی بەوە بووە ژنی خاوەن ئەزموون و بە توانا بواریان بۆ بڕەخسێت و لەنێو کایەی سیاسی یان حکومیدا رێگەیان پێبدرێت بێنە پێشەوە و جێدەستیان دیار بێت، واتا مەسەلەکە باوەڕبوونی بووە بەوەی ژن خاوەنی توانا و بەهرەیە نەک تەنیا وەکو جۆرێک لە بانگەشەی پێشکەوتوویی ژن بهێنرێتە پێشەوە، بەڵکو ئەو ژنانە کێن و چی لە توانایاندایە.

گەشەی کۆمەڵگە
مام جەلال کاتێک باس لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی کوردەواری و کوردستانی کردووە لەو لایەنەشەوە ژنانی لەبیرنەکردووە و جەختی لەوە کردۆتەوە ژنان کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئازادی و بنیاتنانی دیموکراسی لەم وڵاتەدا پێویستن، ئەوەتا دەڵێت: «لەم سەردەمی ئازادی‌ و بنیاتنان‌ و گەشەپێدانی وڵات ‌و دەستكەوتەكانیشدا، هێشتا رۆڵ‌ و خەباتی ژنان پێویستییەكی چارەنووسسازە، چونكە بەبێ ئازادیی ژنان، پەرەپێدانی كاروانی ئازادی ‌و پڕۆسەی دیموكراتیزەكردنی كوردستانەكەمان بەنیوەناچڵی دەمێنێتەوە و پێشناكەوێ» واتا مام جەلال رای وابووە بەبێ ئازادیی ژنان و رۆڵیان لە پێشخستنی وڵاتدا کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان ناڕێک و لاسەنگ دەبێت، لە زۆر بۆنەدا باسی لەوە کردووە ئەگەر بۆ پۆستێک دوو کەس هەڵبژاردە بن بۆ ئەو پۆستە و هەردووکیان بە توانا بن، یەکێکیان ژن بێت ئەوا باشترە پۆستەکە بدرێتە ژنەکە و بڕوای زۆری بە تواناکانی ژنان هەبووە بەوەی دەتوانن لەو پێگانەدا کارەکان باشتر بەڕێوەبەرن.

هێزی ژنان
هەڤاڵ مام جەلال رۆڵ و خەباتی ژنانی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا هەرگیز لەبیر نەکردووە و لە بەرچاوی بووە و رێزی خۆی بۆ دەربڕیون و هەر مام خۆی خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی ژنانە و هاندەر بووە بۆ پێکهێنانی فەوجێکی ژنان لە نێو هێزی پێشمەرگەدا و لەبارەی رۆڵی ژنان لە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەڵێت» ژنانی كوردستان شانبەشانی چینوتوێژەكانی تری كوردەواری، بەشدارییەكی زۆر چالاكانە و رووسوورانەیان لە تێكۆشانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا كردووە، تێكۆشانێك كە مایەی شانازییە بۆ خۆتان و گەلەكەتان».

سەرۆک مام جەلال هەمیشە باوەڕی بەمافی ژنان و یەکسانیی جێندەری هەبووە و دەیوت: پێویستە لەناو حزب و حکومەتدا ژنان و کچان پێشبخەین بە شایستەیی نەک وەک دیکۆر

مام جەلال وەکو سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە هانی ئەندامان و یەکێتییەکانی داوە بۆ مانەوەی یەکێتی و گەشەسەندنی بەردەوامی بەوەی کە پێویستە گرنگی بە رۆڵی ژنان بدرێت لە نێو کایەکانی حزبدا و کراوە بن بەرامبەر ژنە بەتواناکانی نێو یەکێتی و رێگرییان لێنەکرێت بێنە پێشەوە و هەر کاتێک ژنانی یەکێتی ئاستەنگ یان خەمێکیان هەبووبێت، هەمیشە هەڤاڵ مام جەلال وەکو باوک و برایەک هاوخەمیان بووە و راستەوخۆ کێشەکانی بۆ چارەسەر کردوون و رێگەی نەداوە هیچ کەسێک ناهەقی بەرامبەر بە ژنانی یەکێتی بە تایبەتی و کۆی ژنانی کوردستان بە گشتی بکات و تا ئەو رۆژەی چاوی لێکنا، بۆ ژنان و مافەکانیان مام و باوک و برای دڵسۆز و گەورەیان بوو.

#یادی مام #دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان