باوکی ئازیزم، مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەهێنێت

10:34 - 2022-10-03
کوردستان
651 جار خوێندراوەتەوە

پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێکی پڕ لە هیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی، كوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.

دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و هێزێکی لەبن نەهاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێکانتدا هەر لەوپێناوەدا بوو.
لای هەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو رێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچکە تەندروستەکە و هەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش هەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست.



دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵكەكەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین كە وەرمانگرتووە. یەكێتی هەڵگری سیاسەتێكی حەكیمانە و تەندروست بێت وەك ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەكرد. بەدیدگایەكی نیشتمانییەوە كار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان بكەین و خزمەتی خاك و خەڵكە خۆشەویستەكەمان بكەین. هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەكان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەكاندا كراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەك فەراهەم بكەین كە تاكەكان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكەن. دەزانین رێگەكەمان سەختە و بەربەستەكان زۆرن، بەڵام بەڵێنێكە و داومانە (نەسرەوتن تا سەركەوتن).

ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی كۆچتدا بۆم نووسیت هەر بڕیارێك داومانە و دەیدەین لەپێناوی چاكەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێك بەویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان کرد كە لێمان چاوەڕێدەكرا. رێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی كردووە و رووبەڕووی نایەكسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەكارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە كردووە. یاساشكێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەركەكانمان داناوە. لەبوارەكانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشكەشكردووە و بەردەوامیش دەبین. 

لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆك كۆماری بوویت، بەدۆخێكی هەستیار و تەنگژەیەكی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. روانینێكی سادە بۆ دۆخەكە ئەو راستییەی دەردەخست كە كۆچی تۆ چ بۆشاییەكی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستكردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوهەری تۆ لە هەوڵەكانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و كۆكردنەوەی لایەنەكان لەپێناوی هاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی حەكیمانەی تۆی پەیڕەوكرد و هەمووان شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن كە بەشێك بووین لە چارەسەر نەوەك ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.

یادت بەخێر شكۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەهێنێت


كوڕی خۆت
بافڵ

#یادی مام #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان