دوێنێ لە هەولێر، لە رێوڕەسمێكدا پێنجەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوان و سەركردە و نوێنەری لایەنە سیاسییە عیراقی و كوردستانی و باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی بیانی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی سەرۆك مام جەلال، بەڕێوەچوو.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر: كۆچی دوایی مام جەلال خەسارەتێكی بێئەندازەبوو
لە رێوڕەسمەكەدا، كە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رێكیخستبوو، وتاری بەخێرهێنان و دامەزراوەكە، لەلایەن باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی پێشكەشكرا، تێیدا ئاماژەی بەوەكرد كە كۆچی دوایی مام جەلال خەسارەتێكی بێئەندازەبوو لە یەكێتی و خەڵكی كوردستان و هەموو عیراق، پڕکردنەوەی شوێنەکەی زۆر ئەستەمە، وتیشی: سەرۆك مام جەلال زۆری بەسەر هەموومانەوە هەیە، دەبێت رێبازەكەی و بیروبۆچوون و خەبات و تێكۆشانی لەپێناوی سەرفرازیی گەلی كوردستان و بنیاتنانی دیموكراسی لە عیراقدا لەبیرنەكەین و بیپارێزین. هەروەها كورتەیەكی لەبارەی دامەزراوەكەوە خستەڕوو.
پاشان كورتە ڤیدیۆیەك لەبارەی وتە و ژیانی سەرۆك مام جەلال، پێشكەشكرا.
سەرۆك كۆمار: سەرۆك مام جەلال رێبەرێكی هەرە درەوشاوەیە
دواتر، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لە وتەیەكدا رایگەیاند: ناوی مام جەلال، پێگەی لە مێژوودا و یادەوەریی لە دڵی گەلدا، هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. وتیشی: مام جەلال بە تەنها سەرۆك و بیرمەندێكی سیاسی نەبوو، بەڵكو رێبەرێكی هەرە درەوشاوە و داهێنەری شۆڕشی نوێ و لەهەمانكاتیشدا پێشمەرگەیەكی دێرین و دانەبڕاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و دیموكراتخوازێكی هەرە راستگۆی ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی عیراقیش بوو. خەسڵەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی مام؛ لێبووردەیی و دادپەروەری و جوامێریی و مرۆڤدۆستی، بەهاناوەچوونی هەژاران و بێنەوایان و داڵدەدانی ئاوارە و دەربەدەران بوو، كە ئەوانەش سەرمایەی گەورەن و مایەی شانازیین. «سەرۆك مام جەلال بۆ خوێندكارەكانی مامۆستا و بۆ هاوڕێكانیشی سایە و سێبەری وەفا بوو، لەگەڵ شۆڕشگێڕەكان پێشمەرگە بوو، لەگەڵ نووسەران و رووناكبیران داكۆكیكارێكی نەگۆڕی رای سەربەست و ئازادیی بیركردنەوە و بیروباوەڕ بوو».
سەرۆك وەزیرانی عیراق: پێویستمان بە ئەدەبیاتی سیاسی و حیكمەتی مام جەلال-ە بۆ چارەسەری كێشەكان
پاشان، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە وتەكەیدا، ئەوەی خستەڕوو كە سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانی بوو، هەمیشە لەپێناوی نیشتمان و ئاشتی و ئازادی و سەقامگیریی و دیموكراسیدا دەجەنگا، كەسایەتییەك بوو بۆ نیشتمان كاریدەكرد، ئەگەر ئێستا لەنێوماندا بوایە، دەیتوانی چارەسەری زۆربەی كێشەكان بكات بە دیالۆگی هێمنانە و قەیرانەكان كەمبكاتەوە، «جێگای بەڕێزیان زۆر دیارە و پێویستمان بە ئەدەبیاتی سیاسی و حیكمەتی مام جەلال-ە بۆ چارەسەری كێشەكان».
سەرۆكی هەرێم: سەرۆك مام جەلال زۆر پەرۆش بوو بۆ تەبایی
لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لە وتەیەكدا رایگەیاند: بە رێز و شكۆوە یادی سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە، بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوورە لێمان، هەمیشە هەستمان بەو بۆشاییە كردووە كە بەڕێزیان بەجێیهێشتووە. «لەم یادەدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی، سڵاوم هەیە بۆ هێرۆخانی هاوڕێ و هاوخەبات و هاوژینی مام جەلال، هیوادارم تەندروستی باش و تەمەنی درێژبێت».
وتیشی: خۆشحاڵم بە راگەیاندنی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، مێژووی مام جەلال بەشێكی گرنگە لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بۆیە هەبوونی دامەزراوەیەك بۆ نیشاندانی خەباتی بەڕێزیان، كارێكی گرنگە. راشیگەیاند: سەرۆك مام جەلال زۆر پەرۆش بوو بۆ تەبایی، بەتایبەتی تەبایی نێوان پارتی و یەكێتی، وتیشی: تەبایی پارتی و یەكێتی و مۆركردنی رێكەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال و سەرۆك مەسعود بارزانی، دەستكەوتی زۆری بۆ گەلی كوردستان بەدەستهێنا، راشیگەیاند: پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا، ئێستاش جارێكی دیكە پێویستیان بە رێكەوتنێكی نوێی هاوبەشە بە گوێرەی قۆناغەكە، «رێكەوتنی پارتی و یەكێتی و یەكڕیزیی هەموو لایەن و پێكهاتەكان زۆر پێویستە».
ئەوەشی خستەڕوو كە مام جەلال هێز و گەورەیی بە پۆستی سەرۆك كۆماری دابوو، ببووە هۆكاری تەبایی بۆ هەموو هێزە عیراقییەكان، داكۆكیكارێكی زۆر باشی كورد، شیعە و سوننە و هەموو پێكهاتەكان بوو، بارەگاكەی لە بەغدا ببووە شوێنی خاوكردنەوە و نەهێشتنی ناكۆكییەكان، بە كۆچی دوایی، كۆڵەگەیەكی گەورەی تەوافوق لەدەستچوو، سەنتەرێكی سەرەكیی گفتوگۆی سیاسی نەما، بە رادەیەك ئێستاش خەڵك و هێزە عیراقییەكان هەستیپێدەكەن.
تۆنی بلێر: مام جەلال سەركردەیەكی گەورە بوو بۆ هەموو عیراقییەكان
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، لە پەیامێكی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا، وتی: مام جەلال سەركردەیەكی گەورە بوو بۆ هەموو عیراقییەكان، لەڕووی نێودەوڵەتییەوە نرخێكی تایبەتی خۆی هەبوو، یەكێك بوو لە هەرە سەركردە بەنرخەكان، لە تەمەنی كاركردنی سیاسیدا یەكێكبوو لە سەركردە بەهێزەكان، لە كۆبوونەوەكاندا بوونی خۆی دەسەلماند، هەمیشە بەشێوەیەكی ئەرێنی بیری لەكارەكان و كێشەكان دەكردەوە، هەمیشە ئامۆژگاریی باشی پێبوو بۆ هەموان، پشتیوانی هاووڵاتیان بوو، ئیلهامبەخشێك بوو بۆ من كاتێك گوێم لە قسەكانی دەگرت.
وتیشی: سەرۆك جەلال تاڵەبانی هەوڵی سەقامگیریی بۆ تەواوی عیراق دەدا، بەلێپرسراوێتییەوە كاریدەكرد و لەهەموو راستییەكان تێدەگەیشت، هەوڵی دەدا یەكەم كەس بێت چارەسەرێك بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە بەبێ جیاوازی. بەدەستهێنانی یەكێتییەك لەنێوان عیراقییەكاندا كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام بەڕێزیان هەوڵی دەدا هەموولایەك كۆبكاتەوە و حكومەتێك دروست بكات یارمەتیدەری هەموولایەك بێت، هەموو كاتێك وڵاتی بەرەو ئاشتی بردووە و كاریكردووە بۆ نەوەی داهاتوو، هیوادارم نەوەی داهاتوو لەسەر رێبازەكەی بڕۆن و هەوڵبدەن بەیەكێتییانە بژین.
قوباد تاڵەبانی: سەرۆك مام جەلال رێبازێكی بۆ بەجێهێشتووین رێنیشاندەرمانە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەشدا، قوباد تاڵەبانی، وتاری خانەوادەی سەرۆك مام جەلال-ی خوێندەوە و رایگەیاند: بەناوی خانەوادەكەمانەوە، بەتایبەتی برای گەورەم كاك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەجیاتی دایكی ئازیزمان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، سوپاسێكی گەرمتان دەكەین بۆ ئامادەبوونتان، سوپاسی بێپایانمان هەیە بۆ وتارە بەنرخەكانتان و بۆ هەموان كە پەیامیان ناردووە و بەشداربوون و ماندوبوون بە رێوڕەسم و یادەكەوە.
راشیگەیاند: ئەوەی بینیمان و بیستمان، رێز و خۆشەویستییەك بوو بۆ تێكۆشەرێك كە هەموو ژیانی تەرخانكرد لەپێناوی ئاشتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و یەكسانی و دیموكراسی، سەرۆك مام جەلال رێبازێكی بۆ بەجێهێشتووین رێنیشاندەرمانە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان، دەتوانین سوود لە هەنگاوەكانی وەربگرین، بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێكی سەخت دەتوانین وەڵامەكان لە وتار و نووسین و لێدوانەكانیدا بدۆزینەوە، بۆ ئێمە و بۆ زۆربەمان مام جەلال ئەزموونە، مەدرەسەیە، رێنیشاندەرە، ئەمڕۆ رووبەڕووی چەندین تەحەدا و كێشە بووینەتەوە، با لەخۆمان بپرسین: ئایا ئەگەر ئێستا سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەگەڵماندا بوایە، چی دەگوت؟. «ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستە بگەڕیێنەوە بۆ گفتوگۆ، سازان، كۆدەنگی، پێكەوەژیان، كە ئەمانە مەبدەئەكانی مام جەلال بوون و پەیڕەوی دەكردن».
لە كۆتاییشدا، هیوای خواست كە یادكردنەوەی ژیان و خەباتی سەرۆك مام جەلال، نزیكمان بكاتەوە لەیەكتری، «بەرپرسیارێتییەكی مێژووییمان لەسەرشانە، با سوود لە رێباز و ئەزموونی سەرۆك جەلال تاڵەبانی وەربگرین و لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدابین».