ئەم دۆسێیە کە پوختەیەکە لە ناوەڕۆکی کتێبێکی نووسەر دلێر سەلیم بە ناونیشانی ((موجته‌با میرزاده شانازیی میوزیكی كوردی)) جگە لەوەی بەشێک لە ژیانی ئاسایی و هونەریی موزیسیان و هونەرمەندی گەورە موجتەبا میرزادە و ئاستەنگەکان و گەشەپێدانی هونەرەکەی و وێستگەکانی کارکردنی و ئاوازە نەمرەکانی تێدا خراوەتەڕوو، کۆی بابەتەکەش سەرنجێک لای خوێنەر دروست دەکات کە ئەویش بریتییە لەوەی زمانی هونەر و زمانی موزیک رۆحی گوێگر و بینەر و وەرگر دەبزوێنن، چونکە ئەگەرچی هەر نەتەوەیەک خاوەنی میلۆدی و ئاوازی تایبەت بەخۆشی بێت، بەڵام ئەو تایبەتمەندییە ناتوانێت رێگربێت لەوەی سنوورەکانی هەستی نەتەوەی دیکە نەبڕێت، ئەوە‌ی لێرەدا دەبێتە مایە سەرنج لای خوێنەر ئەو توانەوەیەی نێوان گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکی کوردی موکریانە لەگەڵ موزیسیانێک کە گوێ ی میوزیکی و پەنجەکانی ژەنینی تا ناسینی حەسەن زیرەک لە ئاواز و میلۆدیی فارسی‌دا قەتیسماوە، بەڵام کارکردنی لەگەڵ زیرەکی نەمردا، هەستی هونەری بەسەر هەستی ناسیۆنالیستیدا زاڵ دەکات و هانی دەدات میوزیک و میلۆدی بۆ چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیکەی گورد ئامادەبکات و بژەنێت.
دیارە ئەو هەستەش لای ئەو هونەرمەندانەوە پەیدا دەبێت کە لەناو هونەرەکەیاندا تواونەتەوە و لەناو رۆحی خۆیاندا هەموو سنوورەکانی جیاوازیی چینایەتی و نەتەوایەتییان تێپەڕاندووە، دەنا ئەگەر ئەو هەستە هونەریی و جیهانبینییە نەبوایە میرزادە لە دوای زیاتر لە دەیان ساڵ لە کۆچی دوایی حەسەن زیرەک، کەماڵی هونەریی خۆی نەدەگەڕاندەوە بۆ حەسەن زیرەک، بەڵکو پێچەوانەکەی پێ دەوتین،
دۆسێ
ئا/ جه‌واد حه‌یده‌ری
كه‌م كه‌س هه‌یه له‌ناو كورد و گه‌لانی دیكه‌ی ئێران‌دا ناوی موجته‌با میرزاده‌ی نه‌بیستێبێت و گوێی له كه‌مان و سێ تاره‌كه‌ی ئه‌و نه‌گرتبێت و سه‌رمه‌ست و دڵخۆش نه‌بووبێت بە ئاوازەکانی.
موجته‌با میرزاده پیاوێكی سه‌نگین و سه‌لار و بێده‌نگ، هه‌رچه‌ندە خۆی بێده‌نگ بوو، به‌ڵام میوزیكه‌كه‌ی هاوار ده‌كات، هاوار ئه‌مما چ هاوارێك، میوزیكه‌كه‌ی خۆراكی مێشك و هێدی كه‌ره‌وه‌ی دڵ و رۆح، ئارامكه‌ره‌وه‌ی دڵی پڕ كه‌یل و كه‌سه‌ر. ئه‌م بابه‌ته كه له‌م دووتوێیه خراوه‌ته ڕوو هه‌وڵێكه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌ك كتێبی (موجته‌با میرزاده شانازیی میوزیكی كوردی) كه له نووسینی دلێر سه‌لیمه.
له ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌كدا خۆم دۆزییه‌وه
موجته‌با میرزاده ئاوازدانه‌ر و میوزیكژه‌نی ناوداری كورد ده‌ڵێت: ئه‌و میوزیكه‌ی ئێستا دەیژەنم، ته‌واو گۆڕاوه، ئێستا میوزیكێكی كوردییه، ئێستا په‌نجه‌كانم كوردی ده‌ژه‌نێت، ئه‌وه‌م له حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌رگرتووه، له ده‌نگی زیره‌كدا توانیم شێوازی كوردیی خۆم بدۆزمه‌وه«. ل 22
موجته‌با میرزاده باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای میوزیك بووه، هه‌رچه‌ندە له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یاندا نه كه‌سێك هه‌بووه میوزیك بژه‌نێت و نه ئامێرێكی میوزیك له ماڵه‌كه‌یاندا هه‌بووه. ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌یان وه‌ك زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كانی دیكه شه‌رمیان كردووه كه منداڵه‌كه‌یان بچێت به لای میوزیكه‌وه. بنه‌ماڵه‌كه‌یان، بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار بووه و ته‌نانه‌ت رادیۆیەكیشیان نه‌بووه، هه‌ربۆیه به‌دزییه‌وه له پشت ده‌رگاوە گوێی له رادیۆی دراوسێكه‌یان گرتووه. له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ کەناڵی ئاسمانیی كوردسات له ساڵی 2005، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له پێنج ساڵییه‌وه میوزیكی ژەنیووە، به‌ڵام كه‌س گوێی لێنه‌گرتووه و به‌س خۆی تێگه‌یشتووه كه چی دەژەنێت.
هه‌ر له منداڵی‌دا بنه‌ماڵه‌كه‌یان له كرماشانه‌وه ده‌چنه پارێزگای ئیلام، له‌وێ له ته‌مه‌نی 10 ساڵیدا ده‌رفه‌تێكی بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت و فلوتێكی پلاستیكی ده‌ستده‌كه‌وێت و ده‌ست به فلوت ژەندن ده‌كات. باوكی هه‌میشه له‌گه‌ڵ موجته‌با هه‌ڵسوكه‌وتێكی توندی هه‌بووه و داوا له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی «ئابڕووی بنه‌ماڵه‌كه‌یان نه‌چێت»، ده‌ست له میوزیك و گۆرانی هه‌ڵبگرێت. ماوه‌یه‌ك دواتر برا گه‌وره‌كه‌ی موجته‌با سه‌نتوورێك ده‌كڕێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نتور لێبدات، به‌ڵام دوای چه‌ند مانگێك براكه‌ی هیچ فێر نابێت و پاشان سه‌نتووره‌كه ده‌دات به موجته‌با و ئه‌ویش ده‌ست به سه‌نتوور ژەنین ده‌كات و به‌بێ هیچ مامۆستایه‌ك دوای ماوه‌یه‌ك به باشی فێری ژەنینی سه‌نتوور ده‌بێت.
موجته‌با میرزاده لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانییەک لەگەڵ حەسەن زیرەک
موجته‌با چونكه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینی و سه‌ید بوون، لایان حه‌رام بووه كه منداڵه‌كانیان میوزیك بژه‌نن. سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو كه‌ند و كۆسپه‌ی بۆی دروست ده‌كه‌ن، موجته‌با كۆڵ نادات و به دوای خولیای میوزیكه‌وه ده‌بێت و خۆی ده‌ڵێت: «ئه‌و میوزیكه‌ی ئاماده‌ی ده‌كه‌م و ئامێره‌كه‌م ده‌ری ده‌بڕێ، په‌یوه‌ندیی به خۆمه‌وه هه‌یه وه‌ك ناسنامه وایه، ئێوه كه ده‌یبیستن، ده‌ڵێن ئه‌وه ناسنامه‌ی میرزاده‌یه».
موجته‌با باس له‌وه ده‌كات كه له پۆلی شه‌شەمی سه‌ره‌تایی وانه‌یه‌كیان به ناوی میوزیك هه‌بووه، كه مامۆستاكه‌یان «خان بابا خان خوسره‌وانی» بووه كه خه‌ڵكی ئەسفه‌هان بووه و كه‌مانی لێده‌دا. له‌و مامۆستایەوە شتێكی ئه‌وتۆ فێرنابێت، دواتر مامۆستایه‌كی فارسی ده‌بێت به ناوی « فرووته‌ن» كه له شه‌قامی شه‌ریعه‌تی له كرماشان فێرگه‌ی میوزیكی هه‌بووه.
كه‌مانگه‌ر چی له‌باره‌وه ده‌ڵێت؟
له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر هاوڕێی موجته‌با ده‌ڵێت: له فێرگه‌كه‌ی فرووته‌ن وانه‌ی میوزیكم ده‌خوێند، میرزاده‌م له‌وێ بینی، رۆژێك به‌رله‌وه‌ی مامۆستا فرووته‌ن بێت بۆ فێرگه، موجته‌با ده‌ستی به ژەنینی میوزك كرد، له‌پڕ فرووته‌ن هاته‌ژووره‌وه و موجته‌با وه‌ستا، فرووته‌ن پێی وت: بۆ وه‌ستای به‌رده‌وام به، موجته‌باش له‌سه‌ر میوزیك ژەنینەکەی به‌رده‌وام بوو. دواتر فرووته‌ن به موجته‌بای وت: تۆ ئه‌وه‌نده باش كه‌مان دەژەنی، هاتووی فێری چیت بكه‌م؟ ل 14 و 15.
موجته‌با میرزاده ساڵی 1959 ده‌چێته سنه و له‌وێ له به‌رنامه‌ی منداڵان كار ده‌كات. هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی كامكار كه سه‌رپه‌رشتی ئۆركسترایه‌ك له رادیۆی سنه ده‌كات، ده‌بینێت كه موجته‌با باش كه‌مان دەژەنێت، داوای لێده‌كات كه بچێت له‌و ئۆركسترایه كاربكات و موجته‌باش ده‌چێت و ماوه‌ی ساڵێك له‌وێ كار ده‌كات. له‌كاتێكدا كه ته‌مه‌نی 14 ساڵ بووه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كرماشان. ل 14
ئه‌بولقاسمی په‌ره‌ندیان كه هاوڕێی میرزاده‌یه له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: میرزاده هۆگری ژه‌نینه‌كانی په‌روێز یاحه‌قی هونه‌رمه‌ندی فارس بوو، ئه‌و شاره‌زاییه‌كی له میوزیكی كوردیدا نه‌بوو، یان راستتر بڵێین لێی تێنه‌ده‌گه‌یشت و میرزاده له چالاكی قوتابخانه‌كاندا هه‌میشه پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست ده‌هێنا. ل 15
بۆچی میرزاده له رادیۆی كرماشان وه‌رناگرن؟
ساڵی 1960 كه رادیۆی كوردی له كرماشان ده‌كرێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت پێشتریش هه‌بووه، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا زیاتر ده‌بێت به رادیۆیه‌كی كوردی. گروپێكی میوزیك دروست ده‌بێت كه تایبه‌ت دەبێت به رادیۆی كرماشان. موجته‌با ده‌چێت سه‌ردانی رادیۆكه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ وه‌ربگیردرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌وه‌ی میردمنداڵێكه زۆر گرنگی پێناده‌ن و وه‌ری ناگرن، پێیان باش نه‌بووه كه منداڵێك له‌و ته‌مه‌نه‌دا بێته ناو ئۆركستراكه‌وه. ل17
محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر بێژه‌ری ئه‌و كاتی رادیۆی كرماشان له‌باره‌ی وه‌رگرتنی میرزاده له رادیۆی كرماشان ده‌ڵێت: میرزاده نه‌ده‌هاته رادیۆ، چونكه ده‌یوت وه‌رمناگرن، چونكه جارێك چووه وه‌ریان نه‌گرتووه، متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بوو كه وه‌ری بگرن، به‌ڵام من سوور بووم لەسەر ئەوە‌ی كه ده‌بێت میرزاده وه‌ربگیرێت، ساڵی 1961 میرزاده‌م به محه‌مه‌دی عه‌بدولسه‌مه‌دی ناساند كه ژه‌نیاری كلارنێت بوو و خه‌ڵكی سنه بوو، میرزاده چه‌ند خوله‌كێك كه‌مان دەژەنێت، عه‌بدولسه‌مه‌دی به‌دڵی ده‌بێت به تایبه‌تی كه هه‌رزه‌كارێك بتوانێت له‌و ته‌مه‌نه‌دا به‌و جۆره كه‌مان بژەنێت. عه‌بدولسه‌مه‌دی له‌بواری میوزیكدا کەسێکی شاره‌زا بوو، ده‌كرێت به سه‌رپه‌رشتی ئۆركسترای رادیۆی كرماشان و میرزاده وه‌رده‌گرێت.ل 18
یه‌كه‌مین كاری موجته‌با میرزاده له رادیۆی كرماشان بۆ به‌هاری ساڵی 1961 ده‌گه‌ڕێته‌وه گۆڕانییه‌ك بوو بۆ «مورته‌زا توندڕه‌و» له‌گه‌ڵ كچێك به ناوی « وه‌جیهه» كه ده‌بوایه ئه‌و دووانه پێكه‌وه گۆرانی بڵێن، گۆرانییه‌كه‌ش ناوی «كچی كرماشان» بووه. 19 و 20
چوونی حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ رادیۆی كرماشان
حه‌سه‌ن زیره‌ك ساڵی 1962 دوای ئه‌وه‌ی كه به‌رنامه‌ی كوردی له رادیۆی تاران داده‌خرێت، به‌پێی بڕیارێك هه‌ریه‌ك له شوكروڵڵای بابان و سه‌ید عه‌زیزی عه‌له‌وی و حه‌سه‌ن زیره‌ك و میدیای زه‌ندی ده‌گوازرێنه‌وه بۆ كرماشان. له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌وان، ناوی رادیۆی كرماشان ده‌گۆڕدرێت به «ده‌نگی ئێران- به‌شی كوردی» رادیۆ وه‌ك خۆی نامێنێت، كه پێشتر ناوخۆیی بوو، به‌ڵكو له‌ڕووی ئامێر و ده‌نگ و تۆماركردنه‌وه به‌هێزتر ده‌كرێت و له‌وكاته‌وه رادیۆ كوردییه‌كه‌ی كرماشان له ناوخۆییه‌وه ده‌بێت به نێوده‌وڵه‌تی و ده‌نگه‌كه‌ی ده‌گاته هه‌موو وڵاتان. لاپه‌ڕه 21 .
چوونی حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ كرماشان گڕوتنێكی تایبه‌ت به میرزاده ده‌به‌خشێت. ده‌نگی زیره‌ك بۆ میرزاده هیچ سنوورێك نازانێت، به‌رله هاتنی زیره‌ك بۆ كرماشان، میرزاده هه‌فته‌ی دوو رۆژ ده‌چوو بۆ رادیۆ، به‌ڵام كه زیره‌ك ده‌چێت بۆ رادیۆ، موجته‌با هه‌موو رۆژێک سه‌ردانی رادیۆ ده‌كات و به‌وه‌ش ناوه‌ستێت، سه‌ردانی ماڵه‌كه‌شی ده‌كات و له‌گه‌ڵیدا داده‌نیشێت. هۆگریی میرزاده بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك وا ده‌كات كه هه‌ستی كوردی لای میرزاده ببزوێنێت و ده‌نگی زیره‌ك په‌نجه‌ی میرزاده كوردیتر ده‌كات. لاپه‌ڕه 22.
میرزاده پێشتر ئه‌ونده ئاگای له دنیای میوزیك و گۆرانی كوردی نه‌بووه، ئه‌وانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ میرزاده بوون، ئه‌و راستییه ده‌زانن و خودی موجته‌با حه‌زی ده‌كرد وه‌ك په‌روێزی یاحه‌قی فارس بێت، به‌ڵام دواتر كه له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك ناسیاویی په‌یدا كردووه، ئیتر په‌نجه‌كانی بۆ ئه‌به‌د ده‌بنه رێچكه‌یه‌كی ته‌واو كوردی.
جیاوازیی ته‌مه‌نی حه‌سه‌ن زیره‌ك و میرزادە 24 ساڵ بووه. هۆگریی میرزاده بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك واده‌كات كه رۆژ له دوای رۆژ ده‌نگی كه‌مانه‌كه‌ی میرزاده شیرین‌تر بێت و یه‌كه‌مین كاری میرزاده بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانیی ( قاسپه قاسپی كه‌و دێ) بووه.
حه‌سه‌ن زیره‌ك به موجته‌با میرزاده ده‌ڵێت: كاتێك تۆ كه‌مانه‌كه‌ت دەژەنیت، دڵم له‌گه‌ڵیدا ده‌ردێنیت.
ساڵی 1962 هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی ده‌چێته رادیۆی كرماشان و گۆرانییه‌ك تۆمار ده‌كات. خالقی له‌گه‌ڵ میرزاده داده‌نیشن گۆرانی «هه‌ی نابێ نابێ» ئاماده و تۆمار ده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه ئه‌وه ده‌بێته یه‌كه‌مین كاری میرزاده بۆ خالقی، ئه‌و گۆرانییه هەشت خوله‌ك و 37 چركه‌یه، سه‌ره‌تا به مه‌قامێك ده‌ستپێده‌كات و دواتر ده‌بێته گۆرانییه‌كه. لاپه‌ڕه‌ی 24 و 25 .
میوزیك بۆ گۆرانی هه‌ورامی ده‌ژه‌نێت
ساڵی 1962 هونه‌رمه‌ند شه‌فیع كێمنه‌یی كه خه‌ڵكی كێمنه‌ی هه‌ورامانه، ناوه ناوه سه‌ردانی رادیۆکەی كردووه و گۆرانی هه‌ورامی ته‌نها به چه‌پڵه تۆمار كردووه، شه‌فیع پێی وابووه كه گۆرانی هه‌ورامی ناتوانرێت له‌گه‌ڵ میوزیك بوترێت، به‌پێی چه‌شنی گۆرانییه‌كه و وتنه‌كه‌ی. میرزاده به شه‌فیع ده‌ڵێت: ده‌مه‌وێت بۆ یه‌كه‌مجار به میوزیكه‌وه چه‌ند گۆرانییه‌كی هه‌ورامی تۆماربكه‌ین، سێ گۆرانی هه‌ورامی تۆمار ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش ده‌بێته مێژوو بۆ میرزاده كه بووه به یه‌كه‌مین میوزیكژه‌ن كه میوزیك بۆ گۆرانی هه‌ورامی بژەنێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی داخه ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆر له ئه‌رشیفی رادیۆی كرماشان له‌ناوچووه، به‌شێك پێیانوایه دوای رووخانی شا، ئه‌و ئه‌رشیفه له‌ناو حه‌وشه‌ی باڵه‌خانه‌ی رادیۆ سووتێنراوە و هه‌ندێكیش پێیانوایه ئه‌و ئه‌رشیفه براوه بۆ تاران و پاراستویانه و بڵاویان نه‌كردۆته‌وه، هه‌ردوو بۆچوونه‌كه راسته، چونكه بۆ هه‌ردووكیان شایه‌تحاڵ هه‌یه. لاپه‌ڕه‌ی 26 و 27 .
میرزاده سه‌باره‌ت به حه‌زی خۆی بۆ میوزیك ده‌ڵێت: هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای موزیك بووم، هه‌رچه‌ند له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌ماندا نه كه‌سێك میوزیكی ده‌ژه‌نی و نه هیچ ئامێرێکی میوزیكمان هه‌بوو. ژه‌نینی من شتێكی سروشتییه و شتێك نییه كه من فێری بووبێتم یان به ئه‌نقه‌ست وا بژه‌نم. هه‌ستێك له ناخمدایه و بۆ كه‌سیش ناگوازرێته‌وه.
خه‌لیل سه‌دیقی: ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بێت گۆرانی ناڵێم
خه‌لیل سدیقی كه خاوه‌نی ده‌نگێکی تایبه‌ت ده‌بێت، ساڵی 1963 ده‌چێته كرماشان و به نیاز بووه كه چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمار بكات. سدیقی مه‌قامێك ئاماده ده‌كات له هۆنراوه‌ی شاعیر ئه‌حمه‌د هه‌ردی به ناوی « فاتیمه» له‌گه‌ڵ میرزاده ئاماده‌ی ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی تۆمار بكرێت، خه‌لیل سدیقی ده‌ڵێت: گۆرانی ناڵێم ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بێت. میرزاده سه‌باره‌ت به خه‌لیل سدیقی وتویه‌تی: «دوای حه‌سه‌ن زیره‌ك، خه‌لیل سه‌دیقی توانیی هه‌ستم بجووڵێنێت».
ماملێ و میرزاده
ساڵی 1965 هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ دوو گۆرانی «لاله به ده‌ستان و هه‌ی لێ لێ» له رادیۆی كرماشان تۆمار ده‌كات. ماملێ وتوێتی: زۆرجار له كاتی گۆرانییه‌كاندا ئه‌وه‌نده سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه‌ی میرزاده‌م ده‌دا، خه‌ریك بوو گۆرانییه‌كه‌م لێ تێكبچێت. ل 31
رادیۆی كرماشان جگه له به‌رنامه هونه‌رییه‌كانی، چه‌ندین به‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی هەبووه و خاوه‌نی گوێگرێكی زۆریش بووه. كه‌سانی شاره‌زا له‌و رادیۆیه كاریان كردووه، به‌شێك له‌وانه، شوكروڵڵای بابان، سه‌ید تاهیری هاشمی، سه‌ید عه‌زیز عه‌له‌وی، محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر، میدیا زه‌ندی و... هتد. رادیۆی كرماشان خزمه‌تێكی زۆری به هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردی كردووه.
چه‌ند گۆرانییه‌كی زیره‌ك له كرماشان تۆمار كراوه
حه‌سه‌ن زیره‌ك ماوه‌ی چوار ساڵ له رادیۆی كرماشان كاری كردووه و له‌و چوار ساڵه‌دا گۆرانییه‌كی زۆری تۆمار كردووه و رای جیاوازیش هه‌یه له‌سه‌ر ژماره‌ی گۆرانییه‌كان. میرزاده خۆی وتوێتی 172 گۆرانی بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك تۆمار كردووه كه ئێستا نزیكه‌ی 60 گۆرانی له ئه‌رشیفدا ماو‌ن. میدیا زه‌ندی خێزانی حه‌سه‌ن زیره‌ك له كتێبی چریكه‌ی كوردستاندا نووسیویه‌تی: «زیاتر له هه‌زار گۆرانی له رادیۆی كرماشان و تاران تۆمار كردووه». هه‌ر له‌و كتێبه‌دا شوكروڵڵای بابان وتوێتی: «1500 گۆرانیی حه‌سه‌ن زیره‌ك-مان هه‌یه. بۆ ئه‌و دوو قسه‌یه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له به‌رده‌ستدا نییه، بۆیه ده‌كرێت باوه‌ر بكه‌ین كه حه‌سه‌ن زیره‌ك نزیكه‌ی 150 بۆ 200 گۆرانیی تۆمار كردبێت كه ئێستا نیوه‌ی ماوه‌ته‌وه.
میرزاده سه‌باره‌ت به به‌هره و توانای حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ڵێت: كاتێك گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌كمان تۆمار ده‌كرد، ئه‌گه‌ر به هۆكارێك تۆماركردنه‌كه دوابكه‌وتایه، ئه‌وا كاتێكی دیكه كه ده‌ستمان پێده‌كرده‌وه هه‌مان میوزیكمان لێ ده‌دا، به‌ڵام ده‌مانبینی زیره‌ك شیعرێكی دیكه ده‌ڵێت كه هیچ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌ی پێشتره‌وه نه‌بوو، ئه‌وكاته چی به خه‌یاڵدا بهاتایه ده‌یوت. زۆریش له ناوه‌ڕاستی گۆرانیدا مه‌قامی ده‌وت بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاریی بۆ كرابێت، ئه‌مه هونه‌ره راسته‌قینه و خۆڕسكه‌كه‌ی زیره‌ك بوو هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به خاڵی سه‌ركه‌وتن له هونه‌ره‌كه‌یدا. لاپه‌ڕه‌ی 43 .
ده‌نگی زیره‌ك و كه‌مانی میرزاده
ده‌توانین بڵێین كه ده‌نگی زیره‌ك و كه‌مانه‌كه‌ی میرزاده ته‌واوكه‌ری یه‌كتری بوون، زۆر جار ئه‌وه ده‌وترێت ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بوایه، ئه‌و كاره جوانانه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك دروست نه‌ده‌بوون و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ش ده‌وترێت ئه‌گه‌ر ده‌نگی زیره‌ك نه‌بوایه میرزاده‌ش ئه‌و ناوبانگه‌ی په‌یدا نه‌ده‌كرد. ناكرێت غه‌در له كه‌سیان بكرێت، دوو هونه‌رمه‌ندی بێ به‌دیل بوون و ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون.
میرزاده له‌وباره‌یه‌وه وتویه‌تی: «ناتوانم له‌سه‌ر گه‌وره‌یی حه‌سه‌ن زیره‌ك قسه بكه‌م، خه‌ڵك چۆن ده‌توانێ باسی ده‌ریایه‌ك بكات، زیره‌ك بێوێنه بوو و من هه‌ر چییه‌ك بڵێم كه‌مم وتووه، دڵنیاشم نه به‌ر له زیره‌ك و نه دوای زیره‌ك، كه‌سێكی دیكه نییه جێگه‌ی بگرێته‌وه».
میرزاده ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه باشترین سه‌رده‌می ژیانی هونه‌ری و باشترین چانسیش كه هه‌یبووه، ئاشنایه‌تی بووه له گه‌ڵ حه‌سه‌ن زیره‌ك، ده‌توانم بڵێم: حه‌سه‌ن زیره‌ك به هه‌ژاری ده‌ستی پێكرد و به هه‌ژاریش مرد، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی له پاشاییدا مانه‌وه. لاپه‌ڕه 45 و 46 .
حه‌سه‌ن زیره‌ك ماوه‌ی چوار ساڵ له كرماشان ده‌بێت و دواتر ئه‌و شاره به‌جێده‌هێڵێت و بە رۆیشتنی زیره‌ك بێتاقه‌تی میرزاده داده‌گرێت و ئه‌ویش دوای شه‌ش ساڵ كاركردن له رادیۆی كرماشان ئه‌و شاره به‌جێده‌هێڵێت و ساڵی 1967 روو ده‌كاته تاران.
میرزاده به دوو مه‌به‌ست ده‌چێته تاران، یه‌كه‌میان ده‌یه‌وێت بچێته زانكۆ و به شێوه‌یه‌كی زانستی میوزیك بخوێنێت و دووه‌میش تێكه‌ڵاوی دروست بكات.
به‌شێك له‌و گۆرانییانه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك كه میرزاده كاری میوزیكی بۆ كردوون ئه‌وانه‌ن: قاسپه‌ی كه‌و، ئه‌رێ ناز، ئه‌و كچه له‌و ماڵه، نارنج له‌گه‌ڵ هه‌رمێیه، واڕۆیی و به‌جێیهێشتم، عه‌مره‌كه‌م، كرماشان، هاته‌وه با بێته‌وه، هۆ له‌یلی، كه‌تانه، له سیله‌ی قه‌بران، لای لای سووره گوڵ، شازاده‌ی ئێران، لۆركێ، ماڵه بابم نه‌سرینه، مریه‌م بۆكانی، ناڵه‌شكێنه، نه‌مام نه‌مامه، گه‌وهه‌رێ، نامدوێنی، نه‌ورۆز، نییه له ماڵ، نیزام، ئامینێ، ئامینێ گیان ئه‌و ڕۆ ئه‌و ڕۆ، ئامین و ئامین، ئه‌من بولبول ئه‌تۆ گوڵی، هه‌ر وایه، سابڵاخ، مه‌قام و به‌سته‌ی شه‌و، ئه‌رێ بێنه، ئه‌رێ هۆ له‌یلی، ئه‌سمه‌را دولبه‌را، ئه‌ی كیژی لادێ، ئه‌ی وه‌ی له گوڵ، ئایشیلێ ناسك و جوانی، سوێندم خواردووه، ره‌زییه، به‌ناز، بارانه، به‌سته‌ی با وابێ، باوانه‌كه‌ی بابم، بۆچ ئه‌منت ناوێ، وه‌ك قومری، وه‌ره قوربان، كاكی رێبوار، خه‌می خۆمه، بریندارم، چارۆكه‌ت هه‌ولێرییه، چارۆكه سوور تۆبه بێ، چاروكێ، ده‌نگی یار نایه، داینێ تۆ داینێ، دوگمه‌ت داخه، ئایشیلێ نازه‌نینێ، یاره‌كه‌م به‌ڵالوكه، ئه‌مان سه‌بری، شاییه ده‌گه‌ڕێ ئامۆزا. ل157 تا 161.
میرزاده جگه له حه‌سه‌ن زیره‌ك، بۆ محه‌مه‌دی ماملێ، عه‌زیز شارۆخ، مورته‌زا توندڕه‌و، شه‌فیع كێمنه‌یی، ره‌زا سه‌قایی، خه‌لیل سه‌دیقی، مه‌زهه‌ر خالقی، هاشم ره‌بیعی، فه‌تانه وه‌لیدی، ئیبراهیم خۆشنه‌وا، تاهیر تۆفیق، شه‌هرام ناز‌ری، مه‌هدی حوجەت سادات، ئه‌كبه‌ر جه‌میل په‌نا و عه‌لائه‌دینی بابا شه‌هابی، حسێن شه‌ریفی، ئیسماعیل سابووری، زۆر كه‌سی دیكه میوزیكی ژه‌نیوه.
له‌ناو فارسه‌كانیش بۆ زۆربه‌ی هه‌ر زۆری گۆرانیبێژه‌كانی فارس میوزیكی داناوه كه ده‌كرێت ئاماژه به شه‌جەریان، عه‌لیڕه‌زا ئیفتیخاری، رامش، هایده، مه‌هه‌ستی، موعین ئەسفه‌هانی، ئه‌مانەڵڵا تاجیك، گوگوش، په‌یامی عه‌زیزی، فه‌رزین، هومایۆن كازمی، ئیره‌ج، ئیره‌ج مه‌هدیان، ئه‌فشین، مه‌رجان، له‌یلا فروهه‌ر، ئۆمید، شیلا، شه‌كیلا، حومەیرا و ... هتد.
گۆرانی «شیرین گیان» هایده و میوزیكی موجته‌با
میرزاده ساڵی 1976 سه‌رپه‌رشتی ئاماده‌كردنی به‌رهه‌مێك بۆ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ (شه‌هاب جه‌زائیری) ده‌كات كه ئه‌و به‌رهه‌مه له شه‌ش تراك پێكهاتبوو كه یه‌كێك له گۆرانییه‌كان، گۆرانی شیرین گیان بوو، گۆرانیی شیرین گیان له بنه‌ڕه‌تدا هۆنراوه و ئاوازی هونه‌رمه‌ند هاشمی ره‌بیعییه، موجته‌با میوزیكی بۆ ئاماده‌كردووه. ئه‌و گۆرانییه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو. هونه‌رمه‌ند هایده گوێی له‌و گۆرانییه ده‌بێت و رۆژێك ده‌چێته ستۆدیۆ و میرزاده له‌وێ ده‌بێت و داوا له موجته‌با ده‌كات كه ئه‌و گۆرانییه بڵێته‌وه، موجته‌باش پێی ده‌ڵێت: ئاوازه‌كه هی ئه‌و نییه و ده‌بێت مۆڵه‌ت له هاشمی ره‌بیعی وه‌ربگرێت، هایده‌ش مۆڵه‌ت له ره‌بیعی وه‌رده‌گرێت و گۆرانییه‌كەی به میوزیكی میرزاده تۆمار كرد و گۆرانی شیرین گیانی هایده سنووره‌كانی ئێرانیشی بڕی و له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌نگی دایەوە، زۆربه‌ی خه‌ڵك وا ده‌زانن كه ئه‌و گۆرانییه هی هایده‌یه، به‌ڵام له راستیدا ئه‌و گۆرانییه له بنه‌ڕه‌تدا هی شه‌هاب جه‌زائیرییە و هایده وتوێتییەوە.
موجته‌با میرزاده لەگەڵ کۆمەڵێک ژەنیار
میرزاده بۆ له ئه‌مریكا گه‌ڕایه‌وه؟
موجته‌با میرزاده سه‌ره‌تای ساڵی 1990 رێگه‌ی ئه‌مریكا ده‌گرێته‌به‌ر و سه‌ردانی ئه‌و وڵاته ده‌كات، له راستیدا میرزاده ده‌یویست به یه‌كجاری له ئه‌مریكا بگیرسێته‌وه و له‌وێ بمێنێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كەوە نه‌یتوانی زۆر له‌و وڵاته بمێنێته‌وه و به ناچاری گه‌ڕایه‌وه بۆ ئێران، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژنه‌كه‌ی و هه‌ردوو كچه‌كه‌ی لە ئێران بوون و یه‌كێك له كچه‌كانی خوێندكاری زانكۆ بووه. هه‌رچه‌ند میرزاده خۆی حه‌زی ده‌كرد له ئه‌مریكا بمێنێته‌وه، به‌ڵام ناهیدی هاوسه‌ری گوشارێكی زۆر ده‌خاته سه‌ر میرزاده بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و به ناچاری گه‌ڕایه‌وه. ناهید هاوسەری موجته‌با میرزاده سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی ده‌ڵێت: میرزاده حه‌زی لێ بوو بگه‌ڕێته‌وه، میرزاده له‌و ماوه‌یه‌ی كه لە ئه‌مریكا بوو، میوزیكی بۆ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئێران ژه‌نیوه.
میرزاده زۆربه‌ی رۆژه‌كان له ئه‌مریكا یان له ستۆدیۆ بووه یان له هۆڵه‌كانی كۆنسێرت، به به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی ژه‌نینی میوزیك بووه. لەو‌باره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند كاوه شێخ ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا كه چووینه ئه‌مریكا، له واشنتۆن چووینه ماڵی د.به‌رهه‌م ساڵح كه ئه‌وكات نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو له ئه‌مریكا. له واشنتۆن، چوون به دوای میرزاده‌دا و هێنایان بۆ ماڵی د.به‌هه‌رم و له ژێرزه‌مینی ماڵی د.به‌رهه‌م ده‌ست به مه‌شق و پڕۆڤه‌ی میوزیك ده‌كه‌ن. ل:89 و 90 .
میرزاده پاش ئه‌وه‌ی له ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران، له‌لایه‌ن رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ئێرانه‌وه داوای لێده‌كرێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ رادیۆ و ده‌ست به‌كارکردن بكاته‌وه، به‌ڵام سەرەتا رازی نابێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ رادیۆکە، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بووه كه میرزاده حه‌زی لەوە نه‌بووه له‌ژێر فه‌رمانی هیچ كه‌سێكدا كاربكات و هه‌روه‌ها ئه‌و مووچه‌یەی كه ده‌یاندایه، له ئاست میرزاده‌دا نه‌بووه. دواجار محه‌مه‌د ئه‌سفه‌هانی به‌هه‌ر جۆرێك بێت رازی ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ رادیۆ و پاشان وه‌ك ئه‌ندامێكی فه‌خری ده‌گه‌ڕێته‌وه و وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك پابه‌ند نابێت به ده‌وامی رۆژانه و به‌پێی پێویست ده‌چێت بۆ رادیۆ. ل 96 .
میرزاده پێی وابوو هه‌رچی میوزیكژه‌نی به توانا‌و پڕۆفیشناڵه یان خانه‌نشین کراون یان له كاركردن ساردبوونەتە‌وه.
دانانی میوزیك بۆ فیلم و دراما
موجته‌با میرزاده بۆ 58 فیلمی فارسی میوزیكی داناوه و هه‌روه‌ها بۆ ده‌یان دراماش میوزیكی ئاماده كردووه. خۆی له‌باره‌ی موزیكی فیلم تێڕوانینی تایبه‌تی هه‌بووه و ده‌ڵێت: میوزیكی فیلم، میوزیكێكی تایبه‌ته، نه میوزیكی گۆرانییه و نه ئاوازه، پابه‌ندی چوارچێوه‌كانی میوزیكی كلاسیكیش نییه، میوزیكی فیلم میوزێكێكی داماڵینە.
فارسه‌كانیش رێزی تایبه‌تیان بۆ میرزاده هه‌یه و رێز له كاره‌كانی ده‌گرن و پێیانوایه ئیتر میرزاده‌یه‌كی دیكه دووباره نابێته‌وه و ئه‌و تاقانه‌یه، هه‌ر بۆیه ده‌ڵێن: جیهان یه‌ك میرزاده‌ی هه‌بوو، دروست نابێته‌وه. لاپه‌ڕه 129
ئه‌و ناهه‌قییانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به میرزاده كراوه
میرزاده له سه‌ره‌تای چوونی بۆ تاران هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی كۆچی دوایی كرد، ناهه‌قی زۆری لێكرا. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كه‌سێكی به‌ڕێز و شه‌رمن بوو و هاوكاتیش هه‌میشه بێده‌نگ بووه، زۆر مافی خوراوه به تایبه‌تی له‌بواری میوزیكدا. چونكه هه‌ندێك له ئاواز و میوزیكی ئه‌و به ناوی كه‌سانی دیكه‌وه بڵاوبوونەته‌وه و خۆشی ده‌ڵێت: بۆم گرنگ نییه كه ناوم ده‌هێنن یان نایهێنن، به‌ڵام هه‌موو كه‌س ده‌زانێت ئه‌وه منم و ئه‌وه شێوازی منه. لاپه‌ڕه 123 .
دیاره ئه‌و جۆره له بیركردنه‌وه‌یه له ساده‌یی و به‌ڕێزیی میرزاده‌وه بووه، چونكه له داهاتوودا راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه سه‌خت و ئه‌سته‌م ده‌بن و له‌سه‌ر میرزاده هه‌ژمار ناكرێن و هه‌تا مردیش ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی راست نه‌كرده‌وه كه به ناوی كه‌سانی دیكه‌وە بڵاوبوونه‌ته‌وه و ئێستاش كه له ژیاندا نه‌ماوه زه‌حمه‌ته راست بكرێنه‌وه. لاپه‌ڕه‌ی 123
ناوی زۆر كه‌س دێت كه مافی میرزاده‌یان خواردووه، هه‌ندێكیان پاره‌یان پێنه‌داوه، هه‌ندێكی تر ناوی خۆیان له‌سه‌ر داناوه، یان به ئه‌نقه‌ست ناویان نه‌نووسیوه. لاپه‌ڕه‌ی 127 .
ئاماده‌كردنی میوزیك بۆ میرزاده چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازی پێوه دیاره، بۆ نموونه: ئه‌و كارانه‌ی له كرماشان كردوونی شێویه‌كن و دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته تاران چه‌ند شێوه‌یه‌كی دیكه‌ن، له تاران تێكه‌ڵ به جیهانێكی فراوانتر ده‌بێت. له كرماشان كاره‌كانی هه‌ستێكی كوردانه‌ی وه‌رگرتووه و ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ی كه تێیدا ژیاوه زۆر كوردی تره له چاو تاران. میرزاده خۆی له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ژیانم له كه‌ژ و كیو و گوڵ و هه‌تاو و رووناكی بووه، قه‌ت ناتوانم ئه‌م فه‌زایه له فه‌زایه‌كی فارسی‌دا ببینمه‌وه، فه‌زای فارسی بۆ من فه‌زایه‌كی ده‌ستكرده، دواجار من له ژێر كاریگه‌ریی میوزیكی كوردیدا میوزیکم ژه‌نیوه». لاپه‌ڕه 143
ژیاننامه‌ی موجته‌با میرزاده
موجته‌با سه‌ید ته‌قی میرزاده ناسراو به موجته‌با میرزاده رۆژی 17/3/1945 له شاری كرماشان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌ید دا له دایكبووه و رۆژی 17/7/2005 به هۆی نه‌خۆشییەوە له شاری تاران كۆچی دوایی كرد و له به‌شی هونه‌رمه‌ندان له گۆڕستانی «به‌هه‌شتی زه‌هرا» له تاران به‌خاكسپێردرا و خاوه‌نی دوو كچ بووه.
كتێبی «موجته‌با میرزاده شانازیی میوزیكی كوردی» له دوو تووێی 207 لاپه‌ڕه له‌لایه‌ن دلێر سه‌لیمه‌وه نووسراوه و ده‌زگای فام چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه. نووسه‌ر له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه ماوه‌ی 10 ساڵ له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه كاری كردووه و راستگۆیانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی ژیانی میرزاده دا كردووه.
سه‌رچاوه‌كان:
كتێبی : موجته‌با میرزاده شانازیی میوزیكی كوردی
چه‌ند ماڵپه‌ڕێكی فارسی