وەزارەتى خوێندنى باڵا کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە

10:30 - 2022-10-05
کوردستان
444 جار خوێندراوەتەوە

بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى (45%) لە گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى رێزبەندى نیشتمانى، بەڕێژەى (10 بۆ 20%) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند: هەرێمەکەمان بە بارودۆخێکى تایبەتدا گوزەر دەکات بەشێوەیەک پێویستە هەموان رەچاوى باروگوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمانکاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ئەوەى گیانى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمییەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاووڵاتیان وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بەکەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان.

راشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاووڵاتیانى کوردستان و رەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتیشى: فەرمانى وەزارى کەمکردنەوەى کرێى خوێندن ئاراستەى گشت زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کراوەو بۆ ئەمساڵى خوێندن دەچێتە بوارى جێبەجێ کردن، بەم شێوەیەى خوارەوە:

زانکۆ حکومییەکان:
داشکانى رێژەى (45%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023).

زانکۆ تایبەتەکان:
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بەپێى ئەنجامەکانى ریزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

#وەزارەتی خوێندنی باڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان