وەزیری دەرەوەی ئێران: مام جەلال لە هەر پۆست و پلەیەكدا بووبێت گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین

10:37 - 2022-10-05
کوردستان
615 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، رایدەگەیەنێت: «كەسایەتیی مام جەلال ئەوەندە پڕبەهابوو كە لە هەر پۆست و پلە و پێگەیەكدا بوایە گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین».
لە پەیامێكدا بۆ پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال، د.حسێن ئەمیر عبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتیدەكاتەوە كە سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی تێكۆشەر بوو، نزیكەی شەش دەیە بۆ ئازادیی گەلانی عیراق، خەباتی كرد، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:
بە ناوی خوای گەورە
لە پێنجەمین رێوڕەسمی ساڵوەگەڕ و یادەوەریی كۆچی دوایی مەرحوم جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردووی عیراق، یادی ئەو كەسایەتییە بەرز و باڵایە بەرزڕادەگرین.
كەسایەتییەكی تێكۆشەر، كە نزیكەی شەش دەیە بۆ ئازادیی گەلی عیراق لە عەرەب، كورد، توركمان، شیعە، سوننە، مەسیحی و ئێزدی، خەباتی كرد، پیاوێك كە بەڕاستی ناونیشانی «مام» شایستەی بەڕێزیان بوو. كەسایەتییەك كە چەندینجار خۆی خستە سەنگەری بەرگریی لە گەلی عیراق.
بەڕێزیان یەكێك بوون لە كەسایەتییە كاریگەر و دیار و خێرخواكانی خەڵكی عیراق و ناوچەكە، كە تەمەنی خۆی لەپێناوی ئازادی، رەسەنایەتی و سەربەخۆیی گەل و وڵات و هەروەها پاراستنی یەكێتیی خاك و تەبایی نەتەوەیی عیراق، بەختكرد.
كەسایەتیی مام جەلال ئەوەندە پڕبەهابوو كە لەهەر پۆست و پلە و پێگەیەكدا دادەنیشت گەورەیی و بەهای پێدەبەخشین. كەسایەتییەك كە چەندینجار بووەهۆی رزگاركردنی عیراق لە زۆنگاو و لێكترازان و ركابەرایەتییەكان.
بەڕێز تاڵەبانی لە ستراتیژی خۆیدا كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە قووڵایی ستراتیژیی عیراق دەزانی. لەسەر ئەم بنەمایە، لە ماوەی عیراقی نوێدا، مام جەلال یەكێك بوو لە هۆكارە گەورەكانی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ستراتیژیی عیراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا و بەلێهاتوویی و ژیریی تایبەت بە خۆی، بەردەوام ئێرانی كرد بە پشتیوان و پشتگیریكاری گەلی عیراق و خوازیاری ئەم تەبایی و پەیوەندییە بوو بۆ هەمیشە. لەبەر ئەمە كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وڵاتی دووەمی خۆی دەزانی.
بەدڵنیاییەوە سیاسەتی جێگیر و بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بریتییە لە پاراستنی یەكپارچەیی و یەكێتیی خاك و پشتیوانی لە سەقامگیریی عیراق و دراوسێیەتی باش و دۆستایەتیی هەمیشەیی لەگەڵ حكومەت و گەلی عیراقدا.
بێگومان عیراقیش بەردەوامی بە هەمان رەوتی سیاسەتی دراوسێیەتی باش و دۆستایەتی دەدات، كە مام جەلال بە رێكی لە هەمبەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، وێنای كردبوو.
تاڵەبانی؛ تەمەنی خۆی وەقفی گەلی عیراق كرد و لە راستیدا دەبێت بەڕێزیان بە شەهیدی رێگای عیراق بزانرێت.
سۆز و میهرەبانیی خوداوەند بڕژێت بەسەر ئەو گەورە پیاوەی گەلی عیراقدا و بەهەشتی ئیلاهی شوێن و مەئوای هەمیشەیی ئەو زاتە بێت.

ئامین

#یادی مام

بابەتە پەیوەندیدارەکان