ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسایەكی كشتوكاڵی و رەشنووسی بڕیارێكی تایبەت بە یاسای چاكسازیی پەسەندكرد

10:23 - 2022-10-06
کوردستان
757 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی فیدراڵی ژمارە 76ی ساڵی 2012ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان و پەسەندكرا، ئامانج لە پڕۆژەیاساكەش رێكخستنی پرۆسەكانی دەستاودەستكردنی رووەك و بەرهەمەكانی و هاوردەكردن و هەناردەكردنیانە لەپێناوی رێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی پەتای كشتوكاڵی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی كوردستاندا.
پڕۆژەیاساكە، پیادەكردنی هەمان ئەو پرۆسە و رێكار و پێوەرانەیە كە لە سەرتاسەری عیراقدا كاری پێدەكرێت و یاساكەش لەلایەن لیژنەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێدەكرێت كە نوێنەری وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا، ناوخۆ، بازرگانی و پیشەسازیی، دارایی و ئابووری، تەندروستی و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەخۆدەگرێت، هەروەك پڕۆژەیاساكە، بەركاركردنی یاسایەكی فیدراڵییە لە هەرێمدا، ئەوەش دوای هەمواركردنی و رەچاوكردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم، بە ئاڕاستەی یەكخستنی رێكارەكانی كەرەنتینی كشتوكاڵیی لە هەرێم و عیراق و لە هەمانكاتدا كارئاسانییە بۆ بازرگانان و جووتیارانی هەرێم كە زامنی دروستی و كوالێتی ئەو كەرەستە و پێداویستییانە دەكات كە لە دەرەوە هاوردەدەكرێن، ئەوە جگەلەوەی لەكاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروستنەكرێت.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا و لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، رەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێكردنی مادەی (9) لە یاسای چاكسازی خرایەڕوو. دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیارەكەی پەسەندكرد «حكومەتی هەرێم پێداگرە لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لەپێناوی رێكخستنەوەی وەزیفی گشتی و خانەنشینی و هێنانەدیی دادپەروەری لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتی و رێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بەمەرجێك مافی خەڵكانی شایستە پارێزراوبێت و نەبێتەهۆی بێبەشكردنیان لە شایستە و مووچەی رەوای خۆیان».

#ئەنجومەنی وەزیران

بابەتە پەیوەندیدارەکان