چەپی ئەوروپا لە نێوان چاکسازیی و هەرەسدا

11:07 - 2022-10-12
دووتوێ
360 جار خوێندراوەتەوە
بەڵێنی رێگریی و ناردنەوەی پەنابەران یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی کێرڤی دەنگی راستە توندڕەوەکان

ئا / ئارێز حسێن

بەم دواییانە حزب و هاوپەیمانییە چەپەکانی ئەوروپا بوونەتە جێی رەخنە، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و گوێڕایەڵبوونیان بۆ سیاسەتی سکهەڵگوشین کە لە ساڵانی 2007 – 2009 ەوە بەردەوامە و قەیرانی یۆرۆ کە بەدوای ئەوەدا هات، سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و بەڵێندانی بەردەوامی بێ کردار سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی. لەسەروو هەموو ئەو تەنگژانەشەوە بەردەوامیی پتەوبوونی ئابووریی نیولیبراڵی و بەشداریکردنی هێزە چەپەکان لە بەردەوامیدان بە هێزی بازاڕ لەسەر حسابی گەشەی کۆمەڵایەتی.

هەردوولا رەخنەی لێ دەگرن
سەرەڕای رەخنەی هاووڵاتیانی ئەوروپا لە چەپەکان سەبارەت بە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵگەڕانەوە لە بیروباوەڕ و دروشمەکانیان، یەکێتیی ئەوروپاش تادێت رەخنەی زیاتر دەگرێت لەوەی سیاسەتی سکهەڵگوشین (تقشف) وەک پێویست جێبەجێ ناکەن، ئەوەش بۆتە مۆتەکەیەکی تر و سوار سەری حزب و کابینە حکومییە چەپەکان بووە  و بەو هۆیەوە حزبە راستڕەوە توندڕەوەکان شوێنیان لە پەرلەمان و کابینە حکومییەکاندا پێ لێژ دەکەن.

چەپەکان مشووری خۆیان دەخۆن؟
ئێستا پرسیارێک لەناو چەپەکانی ئەوروپادا بۆتە جێگای قسەوباس و گفتوگۆ، هەندێکیان پییان وایە دەکرێت بڕیار و رێوشوێنەکانی یەکێتیی ئەوروپا بەناوی ئۆ ترۆیکا کە هەریەک لە کۆمسیاریای یەکێتیی ئەوروپا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە، دەشێت لەو وڵاتانەدا کاری لەسەر بکرێت کە ئابوورییەکەیان بەهێزە، بەڵام بۆ وڵاتانێکی وەک ئێرلەندا و ئیتالیا و پورتوگال و ئیسپانیا و یۆنان و ناگونجێت کە ئابوورییەکەیان لەوپەڕی خراپیدایە و نەک خاوەنی یەدەک نین، بەڵکو قەرزداریشن و رێژەی بێکارییش لەوپەڕی بەرزیدایە. 
لە زۆرێک لەو وڵاتانەی ئابوورییان خراپە، راستڕەوە توندڕەوەکان بەڕەیان لەژێر پێیان دەرهێناوە و هۆکاری شکستیشیان بۆ سیاسەتی نەرمی نواندن بەرامبەر کۆچەران و پەنابەران دەگەڕێننەوە.

پاشەکشەی دەنگی چەپ  لە پەرلەمانی ئەوروپاش 
جگە لەوەی کە ئاماژەمان پێدا لەبارەی پاشەکشەی چەپەوە لە سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی 2018 -  2019، لەبەرامبەردا دەنگی حزب و هاوپەیمانییە راستڕەوە توندڕەوەکان لە 10.3 ملیۆنەوە بۆ 22.1 ملیۆن دەنگ زیادیکردووە، بەوەش چەپەکان زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگیان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا کەمیکردووە. 

هەرەسێکی هێواش
بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو، گۆڕانکاریی گەورە لە ستراکچەری چەپەکانی ئەوروپادا روویدا، بۆ نموونە لە ئیتالیا شوێنەوارێکی ئەوتۆی حزب و بزووتنەوە چەپە تەقلیدییەکان نەماوە، لە فەرەنساش کە بە مەکۆی چەپگەرایی ناسراوە، لە ساڵی 2008 ەوە کێرڤی دەنگ و کورسیی چەپەکان رووی لە دابەزیینە. هەربۆیە لە ساڵی 2018دا هاوپەیمانیی چەپەکان بە تەواوەتی هەڵوەشایەوە کە لە خولی یەکەمدا 20 ٪ ی رێژەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام بۆ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەوروپا لە 2019 تەنها 6.3 ٪ی بەدەستهێنا، 
حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا کە لە ساڵی 1979 ەوە نوێنەری لە پەرلەمانی ئەوروپادا هەبووە، لە ساڵی 2019 نەیتوانی نوێنەرێک بنێرێتە پەرلەمانی ئەوروپاوە، هەرچی چەپی ئەڵمانیاشە کەمێک لەوەی فەرەنسا لە پێشتر بوو جگەلەوەی چارەکێک زیاتری لایەنگرەکانی لەدەستدا،  و رێژەی 5.5 ٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
هەرچەندە هەندێک لە حزبە چەپەکانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا لە وڵاتەکانی خۆیاندا یان لە هەرێمەکانی نفوزیاندا دەنگ دەهێنن، وەک لیڤینکا لە سلۆڤینیا و پارتی کرێکارانی بەلجیکا و هاوپەیمانیی سیریزا لە یۆنان، بەڵام لەسەر ئاستی پەرلەمانی ئەوروپا هەموویان پاشەکشەیان کرد بەجۆرێک لە 2015 رێژەی دەنگەکانیان زیاتر لە 36 ٪ بوو، بەڵام لە 2019 هەموو حزب و هاوپەیمانییە چەپەکان گەیشتنە 23 ٪.

خۆیان بۆ ساغ ناکرێتەوە
یەکێکی تر لە گرفتە باوەکانی ناو حزب و گروپە چەپەکانی ئەوروپا ئەوەیە زۆرێکیان پەیوەستن بە گروپی چەپی نۆردی سەوزی ئەوروپاوە کە ئێستا 41 پەرلەمانتاریان هەیە، ئەمانەش گروپێکی تێکەڵەن، لە هەندێک حزبی پەرش و بڵاو تێگەیشتنیان ئاسان نییە، تەنانەت هەندێکیان ئەوەش رەتدەکەنەوە کە پییان بووترێت چەپ، کە زۆرجار هەندێک هەنگاوی هەلپەرستانە دەنێن بۆ پارێزگاریی لە پێگەکانیان.
ئێستا 26 حزب لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی چەپی ئەوروپادا هەن، ئەوانە زیاتر لە دەستەیەکی هاوئاهەنگی دەچن وەک لەوەی لە حزبێکی رێکخراو، هەروەک دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی رکابەردا.     
بەرەیەکیان زۆر چەپانە هەڵسوکەوت دەکەن،  هەرچی بەرەی دووەمیشە کە ناوی لەخۆی ناوە بزووتنەوەی دیموکراسیی ئەوروپا، ئەمانە بە نەفەسێکی ریفۆرمخوازانە کاردەکەن لە رێی دروستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ زۆرێک لە حزبە چەپە ئەوروپاییەکاندا کە ئەوەش حزبە چەپە تەقلیدییەکانی خانەگومان کردووە، سەرەڕای ئەوەش ئێستا رەوتێک دروستبووە کە بریتین لەو کەسانەی لە حزبێکی شکستخواردوو جیادەبنەوە یان حزبی تر دروست دەکەن، یاخود دەچنە ناو حزب و هاوپەیمانیی دیکەوە تا لە هەڵبژاردندا دەربچنەوە، کە ئەو دیاردەیەش تادێت روو لە زیادبوونە.

رەخنەگرتن لە یەکێتیی ئەوروپا
جاران زۆرێک لە حزبە چەپەکانی ئەوروپا بە رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەنگیان کۆدەکردەوە، بەڵام بەشێکیان دوای چوونە ناو حکومەت و پێکهێنانی کابینەی حکومی، پابەندبوون بە سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە، بۆیە دەنگەکانیشیان دابەزی.

هاوسەنگەریی
بەوپێیەی زۆرێک لە چەپەکان دژی چوونە دەرەوەن لە یەکێتیی ئەوروپا لە رووی سیاسیی و ئابووریشەوە و پییانوایە کە ئەو یەکێتییە نوێنەرایەتیی یەکێتییەکی پێشکەوتنخوازی مێژوویی دەکات کە دەوڵەت نەتەوەی تێپەڕاندووە و چوونە ژێر باری کشانەوەش لە یەکێتیی ئەوروپا، واتە سەنگەرگرتن شانبەشانی هێزە نەتەوەپەرست و سەرکوتگەرە راستڕەوەکان و پێیانوایە دەبێت بۆ پارێزگاریی لە رێبازی نێونەتەوەیی بوون، بەرگریی لە مانەوەی یەکێتیی ئەوروپا بکرێت.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان