جەمال ئارێز
سەردەمی جەنگی سارد و دوو جەمسەریی جیهان، کە هیشتا دروشمەکانی (ئازادیی و دیموکراسی و بازاڕی ئازاد) لە برەودا نەبوو، سەردەمێکی زێڕین بوو بۆ خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپای خۆرئاوا بەتایبەتی، چونکە سیستمە حکومڕانییەکانی ئەو وڵاتانە لە کێبڕکێدا بوون لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی کەمپی سۆشیالیستی بەگشتی و دەیانویست نموونەیەک نیشانی جیهان و سیستمە سۆشیالیستییەکان بدەن کە هەموو ئەو مافانەی تیۆرسینە سۆشیالیستەکان لەبارەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی و بژێویی کرێکاران و ئازادییەوە ئیدیعای دەکەن لە ژێر سایەی سیستمە حکومڕانییەکانی ئەواندا هەیە و زیاتریش لەوەی ئەوان دەیڵێن و لە پراکتیک و لەسەر ئەرزی واقیعدا بەدیی ناکرێت.
هەرەسی کەمپی (سۆشیالیستی)
هەرخۆی بە خوێندنەوەی نوێێ خودی مارکسیست و کۆمۆنیستە هاوچەرخەکانی دوای هەرەسی یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی کامپی سۆشیالیستی، ئەو سیستمەی لەو وڵاتانەی سەر بەو کامپەدا پیادە دەکرا سۆشیالیزم نەبوو، بەڵکو سەرمایەداریی دەوڵەتی بوو، بۆیە دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی خۆرئاوا و بەتایبەتی ئەوروپاییەکان لە رێی پەنابردنەوە بۆ سیستمی سۆشیال دیموکرات، توانیان گورزێکی گەورە لە کۆمۆنیزم بووەشێنن و بە کردەوە لە وڵاتەکانیاندا بەراورد بە هەموو سیستمە حکومڕانییە (دیکتاتۆریی، سۆشیالیستی، ئایینی) یەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا و کۆی ئەوانەی پێیان دەوترێت جیهانی سێیەم بەهەشتێکیان بنیاتنابوو کە تواانیی بەشێکی زۆر لە گەنجان و تەنانەت خێزانەکانی ئەو جیهانی سێیەمە والێبکەن هەموو مەترسییەکانی بەردەم گەیشتنیان بەو بەهەشتە فەرامۆش بکەن و خۆیان بگەیەننە وڵاتەکانیان، بەوەش لەلایەکەوە قازانجێکی ئابووریی گەورەیان لەو هێزی کارە کرد بە کرێی کەمتر لە دەستی کاری خەڵکی خۆیان و لەلایەکی دیکەشەوە کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە سیستمە سیاسییەکانی جیهانی سێیەم دروستکرد بۆ بەخۆداچوونەوە لە ترسی هۆشیاربوونەوەی خەڵک.
پێچەوانە بوونەوەی ئەنجامەکان
پێشتر بەشێکی زۆری سیستمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی جیهانی سێیەم لە خولگەی بەرژەوەندییەکانی سۆڤیەت و وڵاتانی سەربە کامپی سۆشیالیستیدا دەخولانەوە، بۆیە زۆرێک لە نەیار و چالاکوانە سیاسییەکانیان و خێزانەکانیان کە خۆیان گەیاندە بەهەشتەکەی خۆرئاوای ئەوروپا، یان ئۆپۆزسیۆنی ئایینی بوون، یان لەوێ لە ئەنجامی بەریەککەوتنیان لەگەڵ ئەو کەلتوورە نوێیەدا بەلای دەستگرتن بە ئایینی باب و باپیران و نەریت و کەلتووریی خۆیاندا شکاندیانەوە، ئەوەش لە سەرەتادا لای ئەوروپایی و خۆرئاواییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی وەرگیرا و بەو پییەی ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی ئازادییە گشتییەکانەوە کە لە دەستووری ئەو وڵاتانەدا جێگیر کراوە، ئەگەرچی وردە وردە ئەنجامەکان پێچەوانە بوونەوە، بەو پێیەی ئەوروپاییەکان لەسەر کەلتوورێک ژیانی خۆیان رێکخستبوو، کە سنووری ئازادیی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت کە ئازادیی پێشێل دەکات، بەڵام تێکچوونی باڵانسی کەلتووریی و گۆڕانی دیمۆگرافی لە هەندێک وڵات و ناوچە کە زۆرترین خەڵکی خۆرهەڵات و جیهانی سێیەم روویان تێکرد، جۆرێک لە پەرچە کرداری لای ئەوروپییە رەسەنەکان دروستکرد، کە هەرچەندە لەسەرەتاوە لەلایەن حکومەتەکانەوە بە دەستوور و یاسا رێگریی لە سەرهەڵدانی ئەو بزاوتە دەکرا کە ئێستا پێی دەوترێت (راستڕەوی توندڕەو) و ئەوکات پێی دەوترا (نیو نازیزم)، بەڵام وردە وردە خەریکە کێرڤەکە بەلای ئەو نیونازیزمەدا دەشکێتەوە و ئێستا ئەوروپا و خۆرئاوا بەگشتی لە نێوان بەرداشی دروشم و پراکتیکدا گیریان خواردووە.
یۆگۆسلاڤیای جاران و 11ی سێپتەمبەر
دەیەکانی کۆتایی سەدەی رابردوو (1970 - 2000) بۆ کۆچەر و پەنابەرانی جیهانی سێیەم ژیان لە ئەوروپا و خۆرئاوا سەردەمێکی زێڕین بوو، بەو پێیەی لە دۆزەخی نەبوونی ئازادیی پابەندبوون بە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی سیاسی چوونە بەهەشتی ئازادیی و کرانەوەی کۆمەڵایەتی و بازاڕی کاری فراوان و ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسییەوە، بەڵام کۆتایی سەدەی رابردووو و جەنگەکانی داگیرکردنی کوێت و ئازادکردنی و راپەڕین و شەڕی ناوخۆی کوردستان و شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان و جەنگی بۆسنە و هێرزۆگۆڤینیا و سربیا و کۆسۆڤۆ و جەنگی هایتی و باشووری سودان و سودان و بەردەوامیی پەرەسەندنەکانی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل تا سەرەتای هەزارەی سێیەم، کاریگەریی هەبوو لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەوروپا و سەرەڕای قەدەغەی جیاوازیی نەتەوەیی و ئیتنی و ئایینی بە یاسا، بەڵام رۆژبەڕۆژ هەستی راسیستی و لەناو نەوەی نوێی ئەوروپادا زیاتر گەشەی کرد، تا لە 11ی سێپتەمبەری 2001 دا بەتەواوەتی تەقییەوە.
رووداوی تیرۆریستیی 11 ی سێپتەمبەر کە تێیدا بە فڕۆکەی نەفەر هەڵگر هێرش کرایە سەر هەردوو تاوەری بازرگایی جیهانی لە نیویۆرک و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە واشنتۆنی پایتەخت ئەگەرچی بۆ ئەمریکاییەکان مەرگەسات و رۆژێکی مەینەتبار بوو، بەڵام بۆ بزوووتنەوە و تیۆرسینەکانی راسیزم و نیو نازییەکان لە جیهانی ئازاددا بووە دەرفەتێکی باش بۆ خۆ مشتوماڵکردنەوە و بووە پاساوێکی بەرجەستە بەدەستیانەوە بۆ دژایەتیکردنی ئەو ئازادییەی کەسانێک لێی بەهرەمەندن کە شایانی ئەو ئازادییە نین کە ئەوان بۆ خۆیان بنیاتیانناوە.
ئەو رەوتە راسیستانە ئەگەر پێشتر لەسەر ئاستی گروپ و کەسانی پەرش و بڵاو رۆڵیان دەبینی کە چاندنی تۆوی رق و رەگەزپەرستیدا، 11ی سێپتەمبەر بووە دەرفەتێکی زێڕین و زۆر بەباشی قۆستیانەوە بۆ دروستکردنی حزب و رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تا لە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەوە لە هۆڵەنداوە هەندێک لەو حزبانە بەناوی ئازادیی رێکخراوبوون و کاری سیاسییەوە بۆ یەکەم جار بە دروشمی دژە بێگانە و پەنابەرەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کرد و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2006 دا لەو وڵاتە 3-4 کورسیی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.
چەق بەستوویی سیاسی
زۆرێک لەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ئەوروپاش کە دوای هەرەسی سۆڤیەت و وڵاتانی کامپی سۆشیالیستی تووشی جۆرێک لە چەقبەستوویی سیاسی ببوون و ئەگەرچی سیستمی حکومڕانیان بەناو ببووە دیموکراسی، بەڵام بەهۆی دەستگرتنیان بە کەلتوری سیاسیی رابردووەوە تووشی جۆرێک لە دوو روویی سیاسیی ببوون، لەلایەک پاشماوەی کەلتوری سیاسیی روسی زاڵبوو بەسەر دابونەریتی سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا و لەلایەکیش نەوەیەکی نوێ سەریهەڵدابوو کە دەیانویست وڵاتەکانیان بەبێ هیچ بنەمایەکی ئابووریی ئەوتۆ ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکانیان دەستەبەر بکرێت، کە بێگومان ئەو دوکەڵەش بێ ئاگر نەبوو و لەبنەوە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا پشکۆکەیان فوو دەدا، لەو دۆخەدا کە روسیا لە دۆخی داڕمانی سەردەمی یەڵسن رزگاری ببوو لەژێر فەرمانڕەوایی پوتین و میدڤیدیێڤدا روو لە گەشانەوە و هەڵسانەوە بوو، ئەمەش ناکۆکیی نێوان حزبە نزیکەکان لە ئەوروپا ئەوانەی توندکرەوە کە لە میحوەری روسیاوە نزیک بوون، بۆیە لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا کێشەی گەورە دروست بوو لە نیوان ئەو دوو رەوتەدا و لە جۆرجیا و ئەپخازیا بە قازانجی روسەکان شکایەوە و لە ئۆکرانیاش بەناوی شۆڕشی پرتەقاڵییەوە بە قازانجی لایەنگرانی ئەوروپا شکایەوە، بەڵام بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی بژێویی خەڵک و ئابووریی دەوڵەتی ئۆکرانیادا.
لە دوو جەمسەرییەوە بازدان بۆ فرە جەمسەری
ئێستا جیهان لە یەک جەمسەرییەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ دوو جەمسەرییەکەی سەردەمی ناتۆ و وارشۆ، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەر، جگە لە دوو جەمسەرە دیارەکەی جاران ئەمریکای فیدراڵ و روسیای فیدراڵ، ئێستا جەمسەری چین و کۆریای باکوور و ئێرانیش وەکو دەوڵەت هەریەکە و جەمسەرێکن لە هاوکێشەکەدا، ئەوە جگە لە رێکخراوە توندڕەوە تیرۆریستییەکانیش کە وەک کرێگرتەیەکی نادیاری زلهیزەکان دەتوانن لە کوێ بیانەوێت ببنە جەمسەرێک و هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندیی زلهێزێک لە دژی ئەوی تر. دیارە ئەو دۆخە نێودەوڵەتییە نالەبارە، چۆن مەیدانی لەبەردەم رێکخراوە ئیسلامییە تیرۆریستییەکاندا واڵاکردووە بۆ گورزدان لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ناوەڕاستی ئاسیادا، بەهەمان شێوە مەیدانی لەبەردەم راسیزم و نازیزم و فاشیزمی نوێ لە ئەوروپادا واڵاکردووە تا بەناوی گەمەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە تەنگ بە پەنابەران و خەڵکی بێگانە لە وڵاتەکانیاندا هەڵچنن و بناغەکانی ئەو ئاشتی و ئازادیی و دیموکراسییەی کە ئەوروپاییەکان شانازییان پێوە دەکرد لەبەردەم رژێمە دیکتاتۆر و ستەمکارەکاندا لەبنەوە هەڵتەکێنن، بە بەڵگەی ئەوەی تەنیا لەمساڵ و دوو ساڵی رابردوودا حزب و بەرەی هێزە راستڕەوە توندڕەوەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا وەک سوید، ئیتالیا، هۆڵەندا، فەرەنسا و... هتد، یان کابینەی حکومەتیان پێکهێناوە، یان ئۆپۆزسیۆنی بەهێزن و دەتوانن کارتی بەهێزی گوشاربن لەسەر حکومەت و پەرلەمانەکانی وڵاتەکانیان بۆ گۆڕینی زۆرێک لە یاسا و بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژیای سیاسیی خۆیان و دەنگدەرەکانیان، ئەوەش لە کورتترین پێناسەیدا پاشەکشەیە لە ئازادیی و دیموکراسی.