ریشەی سەرهەڵدانی راست و چەپ وەک چەمک

11:13 - 2022-10-12
دووتوێ
718 جار خوێندراوەتەوە
چەمکی چەپ و راست لەم پەرلەمانەوە سەریهەڵدا وەک ئاماژە بە پێگەی فراکسیۆنەکان لە کورسییەکەی سەرۆکی پەر

دلال العکیلي

ئا / کوردەوان محەمەد سەعید


لە دنیای سیاسەت و فیکر و رووناکبیریدا، چەمکی چەپ و راست بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لەناو توێژی سیاسییەکاندا وەک ستایش یان تانە بەکاردەهێنرێت بەرامبەر ئەوانەی هاوڕان لەگەڵیاندا یان ناکۆکن، هەندێک جاریش لەلایەن هەندێک کەسەوە بەبێ تێگەیشتن لە چەمکەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکییانە بەکاردەهێنرێت، بۆیە پێویستە ئەو چەمکە پێناسە بکەین بەگوێرەی رەگوڕیشە مێژووییەکەی.

پێگەی سەرۆکی پەرلەمان 
ئەم چەمکە سەرەتا پێناسەکەی لە پەرلەمانەوە هاتووە، بەگوێرەی پێگەی هەر پەرلەمانتارێک لە پێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە، واتە ئەوانەی لە بەری چەپەوە دانیشتوون بە چەپەکان ناونراون و ئەوانەش لای راستەوە بوون بە راستەکان. 
هەربۆیە ئەو پێگانە کاتین و بە گوێرەی شوێن گوڕکێکان ئەویش گۆڕاوە و دەگۆڕێت و ئەوەش ریشە مێژووییەکەی لە پەرلەمانی ئینگلتەراوە سەری هەڵدا.
لەدوای رووداوی شۆڕشی فەرەنساشەوە ئەو چەمکی چەپ و راستە گۆڕانی بەسەرداهات و شێوازێکی سیاسیی نوێی بەخۆوە بینی، کە دەرهاویشتە و لێکەوتەی نوێی بەشوێندا هات سەبارەت بە ململانێ لەسەر دەسەڵات و تێڕوانین بۆ دەوڵەتی نوێ.
لەو رووەشەوە شۆڕشەکەوە چەند رەوتێکی فیکریی رکابەر دەرکەوتن، لە نێویشیاندا رەوتی چەپی لیبراڵی کە جەختی لەسەر پاراستنی بنەماو بیروباوەڕەکانی شۆڕشەکە دەکردەوە.
 ئەم رەوتە تا ساڵی 1940-یش لە پەرسەندن بەردەوام بوو و توانیی خەڵکێکی زۆر رێکبخات. بەڵام داگیرکردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەکانەوە، بووە خاڵی وەرچەرخان و لێکترازان لە ریزەکانی ئەو رەوتەدا روویدا کە لە هەڵبژارنی ساڵی 1945 دا شکستێکی گەورەیان بەدەستهێنا.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر، خاڵی وەرچەرخان
لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یەکێتیی سۆڤیەت و درستبوونی کامپی سۆشیالیستی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا، رەوت و ئاراستە سۆشیالیستییە جیاوازەکان بوونە هێڵی سێیەمی چەپ، بە ناوەڕۆکێکی نوێ-وە، ئەوە جگە لە حزبە کۆمۆنیستەکان کە مارکسیزم – لینینیزمیان کردبووە بنەمای کارکردنیان و ئەم رەوتە چەپەش بە قۆناغی سێیەمی گەشەسەندنی چەمکی چەپ و راست ئەژماردەکرێت.

ئاڵوگۆڕی پێگەی چەپ و راست
زۆرێک لە شرۆڤەکاران پییانوایە کە لەبەرئەوەی دەربڕینی چەپ و راست دەربڕینێکی لاستیکییە، کەواتە ئامانجەکانی ئەو دوو رەوتەش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت بەپێی گۆڕانی قۆناغە مێژووییەکەیان. بۆیە دەشێت بە چەپ بڵێین رەوتی ئۆپۆزسیۆن کە دەیەوێت دۆخی هەنوکەیی بگۆڕێت، هەرچی رەوتی راستیشە دەیەوێت دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. یان تەنانەت چەند هەنگاوێکیش بیگەڕێنێتەوە بەرەو دواوە، بۆیە زۆرجار لە رووی تانە لێدانەوە پیشتان دەوترێت رەوتی کۆنەپەرست. بۆیە ئێستا ئەو دوو چەمکە مانای نوێتریان لەخۆگرتووە وەک ئەوەی چەپ رەوتی پێشکەوتنخوازیی بێت و راستەکانیش کۆنەپەرست و کۆنەخواز. تەنانەت لە ناوخۆی حزبە کۆمۆنیستەکانیشدا ئەوانەی داوای چاکسازیی و نوێبوونەوە دەکەن ناوی خۆیان دەنێت باڵی چەپ و بەرەوتەکەی تری ناو حزبەکە دەڵێن راست و ئەمە بۆ حزبەکانی تریش بەهەمان شێوە جێگیربووە.
ئەوە جگەلەوەی زۆرجار هەردوو لایەنە ململانێکارەکە یەکتری بە راست تۆمەتبار دەکەن وەک ئەوەی چەمکی چەپ ئاماژە بێت بۆ لایەنە پێشکەوتنخوازو ریفۆرمیستەکە و رەوتە راستەکەش ئاماژەبێت بۆ لادان و کۆنەپەرستی.

چەپ و راست  لەسەر ئاستی دەوڵەتداری
لەسەر ئاستی دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنی حکومڕانیش ئەو دوو چەمکە لە جیهانی دوو جەمسەریدا بەوە لێکدەدرایەوە کە وڵاتانی سۆشیالیستی سەربە کامپی خۆرهەڵات بە سیستمە حکومڕانییە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان پێناسە دەکران، هەرچی وڵاتانی سەرمایەداریی سەربە کامپی خۆرئاواشە بە حکومڕانییە راست و کۆنەپەرستەکان پێناسە دەکران. بۆیە لەسەر ئاستی حکومڕانی لەدوای هەرەسهێنانی کامپی سۆشیالیستییەوە ئەو مەسەلەیە هێوربوونەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی. ئیتر لێرەوە ململانێکە کەوتە نێوان رەوتە توندڕەوە نەتەوەیی و ئایینییەکان و حزب و رەوتە دیموکرات و ئازادیخوازەکانەوە و ئەم دوو رەوتە شوێنی سۆشیالیستی و سەرمایەداریی گرتەوە.

چەمکی چەپ و راست لە سیاسەتدا
حزبی چەپ بریتییە لەو دەستەواژەیەی کە دانراوە بۆ ئەو حزبانەی نوێنەرایەتیی رەوت و فکرێکی سیاسیی دەکەن لەنێوان لیبراڵی و سۆشیالیستی و لەوێوە بۆ کۆمۆنیزم و دیموکراسیی کۆمەڵایەتی و لیبراڵیی سۆشیالیستی.

ئەو دوو چەمکە لە پەرلەمانی فەرەنسادا لە دوای شۆڕشی ئەو وڵاتەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی 18دا سەریهەڵدا و چەسپی کە تا هەنوکەش دانیشتنی ئەندامانی پەرلەمانی فەرەنسا لەسەر ئەو بنەمایەیە، بەڵام هێشتا زۆر زەحمەتە بتوانرێت لەناو ئەو هەموو ئاڵۆزییەی لە راڕەوەکانی سیاسەتدا لەئارادایە، بتوانرێت ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە کێ راستە و کێ چەپە؟ بەو پێیەی بابەتەکە لە تێزی سیاسی و فیکریی و کۆمەڵایەتی دەرچووە و تا رادەیەک بۆتە بابەتی رەخنە و جۆرێک لە جنێو و تۆمەتی سیاسی کە لایەنەکان لەناوخۆی خۆیاندا یان لەدەرەوەی قەوارەی حزبی و رێکخراوەییدا بەمەبەستی یەکتر شکاندن بەکاری دەهێنن. 

سەرچاوەکان:- سایتی ئەلەکترۆنیی النبا

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان