ئەو منداڵانەی لە ژێر بۆردوماندا لە دایک دەبن

07:25 - 2022-04-02
کەلتور
262 جار خوێندراوەتەوە

و: دڵان سامان
لە نەخۆشخانەی شارێک لە ژێر بۆردوماندایە روخساری ئەلیکسی سیلڤسترون زەردەخەنەیەکی نائاسایی لەسەرە کاتێک بۆ یەکەمجارە ماریای کچی لە ئامێز دەگرێت، لەودیوی دیوارە پۆڵاینەکانییەوە هێشتا دەتوانیت گوێت لە بۆردومانی بۆمبهاوێژەکان ببێت، باوکە دەچرپێنێت بە گوێی کچەکەیدا و دەڵێت «هەموو رۆژێک پێکەوە دەبین» کاتێک ماریا لەنێو بەتانییە بچووکەکەیدا دەجوڵێتەوە ئەلیکسی تەمەن 26 ساڵ دەڵێت «کچەکەم سەما دەکات» ئەو گەنجە ئۆکرانییە تەنیا پێش چەند هەفتەیەک کۆمپانیایەکی کەرەستەی پزیشکی بەڕێوەدەبرد و ئیلینای تەمەن 28 ساڵی ژنی دیزاینەری گرافیک بوو، لەسەر کورسییەکی پزیشکی دانیشتووە و رەنگی پەڕیوە دوای هەشت سەعات لە نەشتەرگەرییەکی کتوپڕی منداڵبوون کە لەژێر رووناکییەکی کز و ترس و بۆردومانی بەردەوامدا بۆیکراوە.
ئەلیکسی دەڵێت «ئەگەر ئێستا موشەکێک بکەوێتە خوارەوە، ناتوانێت هیچ شتێک بکات بۆ پاراستنی خۆیان» ژنەکەشی لەوە بێهێزتر بووە بچێتە خوارەوە بۆ ژێرزەمینی نەخۆشخانەکە، بۆیە فەرمانبەرەکانی نەخۆشخانەکە کردویانەتە سەر ئەو کورسییە و بردویانەتە راڕەوێکی نەخۆشخانەی «میکولایف» ی منداڵبوونەوە دوور لە پەنجەرەکان، چەند ساتێکی کەم دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە نەخۆش و ئەندامانی نەخۆشخانەکە چوونەتە حەشارگەکە، بەڵام ئەلیکسی لەلای ژنەکەی ماوەتەوە و دەستدەهێنێت بە قژە کەستانەییە پڕەکەیدا تاوەکو هێمنی بکاتەوە. 
ئەو دوو هاوسەرە هەردووکیان بە رووسی دەدوێن و تەنیا پێش سێ هەفتە، وەکو هەر هاوسەرێکی دیکە بوون کە چاوەرێی منداڵی یەکەمیان دەکەن، جلوبەرگ و بەتانی و شتومەکیان بۆ کڕیووە، ئەلیکسی دەچوو بۆ کار و لە کافێ و رێستۆرانتەکان لە ناوجەرگەی شاردا هاوڕێکانی دەبینی.
ئێستاش وەکو هەر کەسێکی دیکە لە میکولایف ئەو دوو هاوسەرە سات بە سات دەژین و لە ترس و دڵەڕاوکێدا غەرق بوون و دەنگی بۆردوومانی داهاتوو رایاندەچڵەکێنێت، ئیلینا دەڵێت «هەرگیز وێنای ئەوەم نەکردبوو ئەمە رووبدات» لە بەیانیدا پزیشک و سستەرەکان چوونە نێو نەشتەرگەرییەکی نائاساییەوە، دەکرا لە کاتی ئاساییدا کارێکی رۆتینی بێت، بەڵام جێی مەترسیبوو بۆ هەموان،چونکە لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە بۆردوومان و کەمیی کەرەستەی پزیشکیی هەیە، بۆیە ئەندامانی نەخۆشخانەکە هەوڵدەدەن تا دەتوانن لە نەشتەرگەریی منداڵبوون بە دووربن.
ئەگەری پێکان هەیە
ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن لەو نەخۆشخانەیە زووبەزوو دەنێردرێنە ژێرزەمینی نەخۆشخانەکە، کە پێش جەنگ بۆ هەڵگرتنی مەلەفی نەخۆشەکان بەکارهاتووە، نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون پێشتر لە نهۆمی چوارەم دەکرا، بەڵام ئێستا لەترسی پێکان بە تەقەمەنی و پارچە بۆمب، هەر ساتێک لەوێ بیبەیتە سەر ساتی مەرگە و دەکرێ بپێکرێیت، دەنگی بۆردومان شەو و رۆژ دەبیسترێت و پەنجەرەکان بە پلاستیک و تیپ داپۆشراون تاوەکو رووناکی لێوە دەرنەچێت و لەنێو چوارچێوەکانیان دەلەرێنەوە. 
ئەندرێ گریبانوف پزیشکی منداڵبوون و بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت «ئەم شوێنە بە تەواوەتی پارێزراو نییە، چونکە روسەکان هەموو شتێک بۆردومان دەکەن».
ئەندرێ لە سەعاتێکی درەنگی ئێشکگریدا بوو کاتێک ئەو بەیانییە سۆنەری منداڵەکەی ئیلینا دەریخست لە دۆخێکی سەختدایە، لە دەریشەوە گوێبیستی دەنگی تەقینەوە دەبوون و ئەندامانی نەخۆشخانەکە دەیانزانی هەر ساتێک بێت بۆردومانی روسیا دەستپێدەکات و دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرا، بەڵام هەموو بەهەر حاڵ بڕیاریاندا کاربکەن و بچنە ژووری نەشتەرگەرییەوە، هەشت کەس دەبوون دوو پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکێکی سڕکردن و مامانێک و سستەرێکی پاککردنەوە و دوو سستەری بەنج و پزیشکێکی پسپۆر لە منداڵی تازە لەدایکبوودا، ئەندرێ دەڵێت «مەترسی بۆردومان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە نەشتەرگەری منداڵبوونی بە پەلە هەبوو».
هەرچەندە پەنجەرەکان داپۆشرابوون، بەڵام لە ژووری نەشتەرگەری نەیانوێراوە و تەنیا چەند رووناکییەکی کەمیان هەڵکردووە، ئەو پزیشکە ئۆکرانییە دەڵێت «تا دەتوانین بەخێرایی کاردەکەین، تاوەکو ماوەی نەشتەرگەرییەکە کەمبکەینەوە، چونکە لەهەر ساتێکدا بێت بۆردوومان دەستپێدەکات» ماریا لە سەعات چوار و نیوی بەیانیدا درایە خێزانەکەی ئیلینا باسی ئەو ساتە دەکات و دەڵێت «بە بینینی ئەو زۆر دڵخۆشبووم و ماریا زۆر جوان بوو».

نەمانی پێداویستییەکان
بەپێی ئاژانسی دانیشتوانی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووکان لە هەموو وڵاتدا لەو کاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە زیاتر لە چوار هەزار منداڵ لەدایکبوون، زۆربەیان لە ژێر زەوی و لە حەشارگەکاندان و 26 منداڵ لە نەخۆشخانەی میکولایف لەدایکبوون، لەسەر دەستی کۆمەڵێکی ماندوو کە پێکهاتوون لە پزیشک و سستەر و دەستەی پزیشکیی بەردەوامیش لە ترسی ئەوەدان پێداویستی و کەرەستە پزیشکییەکانیان لێ ببڕێت و نەمێنێت.
سەرۆکی پزیشکانی سڕکردن نادیە شیرستوفا-ی 50 ساڵ کە سی ساڵە لەو نەخۆشخانەیە کاردەکات دەڵێت «بۆ ئەو دایکانە زۆر قورسە و هەموو زۆر دەترسن، هەروەها زۆر ماندوون و ئەوەش وادەکات بەشی پێویست شیریان نەبێت بیدەن بە منداڵەکانیان».
جگەلەوەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە سەرکێشیی بەژیانیانەوە دەکەن و دوای 12 سەعات لە لەدایکبوونی ماریا موشەکێک دای بە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری ماریۆبۆل-ی ئابڵۆقەدراو لە رۆژهەڵاتی وڵات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رایانگەیاند سێ کەس گیانیان لەدەستداوە لە نێویاندا یەکێکیان منداڵە.
 هەروەها لە وێنەیەکدا ژنێکی دووگیان دەردەکەوێت لەسەر تەختێکی پزیشکی هەڵیانگرتووە و چواردەوری بەو بۆردومانە وێران بووە، ژنێکی دیکەش شوێنی رووداوەکە جێدێڵێت و روخساری بریندار بووە و تەنیا چەند سەعاتێکە کچێکی بووە و ناوی ناوە ڤیرۆنیکا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت «روسیا چ دەوڵەتێکە لە نەخۆشخانە و بەشەکانی منداڵبوون دەترسێت و وێرانیان دەکات» لەو گرتەیەدا ئەو هێرشانە بە تاوانەکانی جەنگ وەسف دەکات.

هەموو شتێک دەکەنە ئامانج
لە نەخۆشخانەی ئەو شارەوە کونستانتین بولیانسکی یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی میکولایفەوە بە نێو بەفردا دەڕوات بۆ سەر گردێکی بچووک کە تەنیا پێش دوو رۆژ موشەکێک لەوێدا داوێتی بە زەویدا، ئەو دەڵێت «نزیکەی پێنجی بەیانی بوو شتێک دای بە زەویدا لەو حەشارگەیەی نەخۆشەکان و پزیشکەکان خۆیان تێدا حەشار دابوو، وایانزانیبووە بۆمبێکی روسییە، بەڵام نەدەتوانرا دڵنیا بن چییە»
بولیانسکی دەڵێت «ئەوان هەموو جێیەک و هەموو باڵەخانەیەک دەکەنە ئامانج، هیچ ئامانج یان مەبەستێکیان نییە، تەنیا هێرش دەکەن».
هەموو رۆژێک نەخۆشخانەکانی میکولایف و هەموو وڵات پڕ دەبن لە قوربانیانی هێرشەکانی روسیا و لە نەخۆشخانەی منداڵانی ئقلیمی لەو پەڕی باشوری رۆژهەڵاتی شار سێ منداڵ لە جێدا کەوتوون ئەوانیش ئیرینا و سۆفیا و ستاس-ن ژوورەکانیان بەتەنیشت یەکەوەیە و رووناکییەکی کز ئیش دەکات، کەسیان ئەوی دی ناناسێت، بەڵام هەموویان پێکەوە بریندار بوون کاتێک ماڵەکانیان بۆردومان کراوە، ئیرینا-ی حەوت ساڵان لەسەر تەنیشت راکشاوە قۆڵی چەپی بریندار بووە و پێچراوە، سۆفیا-ی هەرزەکاریش رەنگی پەڕیووە لەژێر ئەو برینپێچانەی لای راستی دەمووچاوی داپۆشیووە کە پارچەی بەرکەوتووە تەماشامان دەکات.

بەردەوام لە کاردان
بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە ئەلیکساندەر یورفیچ دەڵێت «پزیشکەکان نەشتەرگەرییان بۆ ئەو منداڵانە کردووە و هەر نەشتەرگەرییەک نزیکەی شەش بۆ حەوت سەعاتی خایاندووە و هەوڵی زۆریان داوە تاوەکو دەست و پێی ئەو منداڵانە لە کار نەکەون لەگەڵ وەزیفەکانی مێشکیان» هەموو ئەندامانی ستافی پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیە بەردەوام لە کاردان و دەڵێت «بەردەوام لێرەین بۆ پێشکەشکردنی چاودێری پێویست بۆ ئەو منداڵانە» ئەلیکساندەر روونیدەکاتەوە و دەڵێت «بۆ ئێمە وەکو پزیشک تا ئێستا وێنای ناکەین لە ساڵی 2022 دا و لە ئەوروپادا ئەو کارە قێزەونانە ببینین کە روسیا بەرامبەرمان دەیکات».
ستاس-ی تەمەن 12 ساڵیش تاکە منداڵە لەو ژوورەدا و لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەکە راکشاوە و رووخساری پڕە لە برینداریی و شینبوونەوە و دەستی شکاوە و پێچراوە دوای بۆردوومانکردنی ماڵەکەی هێنراوەتە نەخۆشخانە و دوای نەشتەرگەرییەکی دوورو درێژ رزگاری بووە.
کاتێک رۆژنامەنووسەکان سڵاویان لێکرد و پرسیاری حاڵیان لێکرد بە پەنجە گەورەی بێهێزی ئاماژەی بۆ کردن و بە زمانێکی ئینگلیزی دوودڵەوە وتی «من باشم» ئەو سستەرانەی لەگەڵیدا دانیشتبوون چەپڵەیان بۆ لێداو هەوڵیاندەدا باری دەروونی باش بکەن، بەڵام ئەوان ئەوە دەزانن کە ئەو هێشتا نایزانێ، ئەو بۆردوومانەی لێی رزگار بووە دایکی و خوشکەکەی تێیدا گیانیان لەدەستداوە!    

سەرچاوە: الامارات الیوم

بابەتە پەیوەندیدارەکان