بە ئاسانی ئەرێنی بە!

11:42 - 2022-10-13
کەلتور
846 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

دکتۆر دەیڤید ئار هاوکینز دەڵێ: (ئایا مرۆڤ دەتوانێ خۆی لە خۆیدا گەشە بکات؟ بۆ نا! بەڵێ دەتوانێ، تەنیا پێویستە خۆی لەحاڵەتی ئەرێنیدا بهێڵێتەوە و پەرە بەو حاڵەتەی بدات، بەمشێوەیە بە بێ هیچ هەوڵێک دەتوانێ خۆی بۆ ئاستێکی بەرزتری ئاگایی بەرزبکاتەوە.) مرۆڤ لەهەموو ئەو بارودۆخانەی بۆی دێنە پێشەوە یان تێیان دەکەوێ، جا ئەم بارودۆخانە چ باش بن یان خراپ، دەتوانێ وزەی خۆی پەرە پێبدا و ئاستی ئاگایی خۆی لە رێگەی ئەم بارودۆخەوە بەرزتر بکاتەوە. ئێمە لەهەر بارودۆخێکدا بین ئەگەر لە نێوام خۆمان و بارودۆخەکەدا مەودایەک کە خۆی هەیە و ئێمەش بیپارێزین، واتە نە بین بە بەشێک لەبارودۆخەکە، یانی لەبارودۆخەکەدا بین و دەوریش ببینین تێیدا، بەڵام نەبین بە بەشێک لێی ئەوە لە حاڵەتی ئاگایی پەتیدا دەمێنینەوە و بەمشێوەیە هەم ئاگاییمان گەشە دەکا و هەم خۆمان لە بارودۆخەکەدا بە باشترین شێوە دەپارێزین.
ئەرێنیبوون لەو کاتەدا کە بارودۆخ و ژینگەکەت هەمووی ئەرێنین، هیچ هونەرێکی تێدا نیە و تەنانەت بە ئەرێنیبوونیش ژمێرە ناکرێت، ئەرێنیبوون ئەوەیە لە بارودۆخی نەرێنی و لە ژینگەی نەرێنیدا ئەرێنی بین و خۆمان لە ئەرێنیبووندا بهێڵینەوە. لێرەدا ئەرێنیبوون دەبێتە هۆی گەشەکردنی مرۆڤ، ئایا پێویست دەکا ئەو کاتەی خۆر بەسەر سەرمانەوە دەدرەوشێتەوە ئێمە چرا داگیرسێنین؟ هەموو کەس دەڵێ نەخێر، ئەمە بۆ ئەرێنیبوون و نەرێنیبوونیش وایە، ئەرێنیبوون چرایە و نەرێنیبوون تاریکییە، چرا ئەو کاتە پێویستە کە هەوا تاریکە. کەواتە لەوە بەدوا لە بیرت بێ لە بارودۆخ و ژینگەی نەرێنیدا دەبێ ئەرێنی بی، واتە گەشبین و ئومێدەوار بیت.
زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانی بزانی خۆت یان که‌سانی ده‌وروبه‌رت ئه‌رێنین یان نه‌رێنی! بۆ نمونه‌ ناڕازیبوون، گله‌ییکردن، بێ هیوابوون، خه‌تابارکردنی ئه‌م و ئه‌و، باسکردنی که‌س یان که‌سانێک به‌ خراپه‌ یان گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌کان، گوێگرتن له‌ موسیقا و گۆرانی غه‌مگین، سه‌یرکردنی فیلمی ئه‌کشن و پڕ له‌ توندوتیژیی یان غه‌مگین و...هتد نیشانه‌ی نه‌رێنیبوونن.
بۆ ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌که‌ بۆ پۆزه‌تیڤ بگۆڕی یه‌که‌م شت ده‌بێ نه‌گه‌تیڤبوونی خۆت قبوڵ بکەیت. دووه‌م شت ده‌بێ ئاگایانه‌ هۆشت بگوازیتەوە بۆ سه‌ر خاڵه‌ باشه‌کانی خۆت و ئه‌وانیتر و لێیان وردبیته‌وه‌. له‌گه‌ڵ خۆت باسی خاڵه‌باشه‌کانی خۆت بکه‌ و له‌گه‌ڵ که‌سانیتر باسی خاڵه‌ باشه‌کانی ئه‌وان بکه‌. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ به‌رده‌وام به‌ و به‌ خۆت مه‌ڵێ جا کوا شتی باش و کوا باشه‌ ماوه‌ و له‌و جۆره‌ قسه‌ نه‌رێنیانه‌ مه‌که‌. سه‌ره‌تا له‌ خۆت و دواتر له‌ کاسانیتر ورد به‌ره‌وه‌، به‌ زوویی هه‌م له‌ خۆت و هه‌م له‌واندا هیچ نه‌بێ خاڵێکی باش ده‌دۆزیته‌وه‌. که‌ خاڵه‌که‌ت دۆزییه‌وه،‌ کات و هۆشی زیاتر و زیاتری پێبده‌، ورده‌ ورده‌ خاڵه‌ باشه‌که‌ گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌کی که‌می 20 رۆژ تا 40 رۆژ به‌ ته‌واوی خۆت و ئه‌وانیتر و که‌شوهه‌وای ده‌وروبه‌رت ئاراسته‌ی ئه‌رێنی وه‌رده‌گرن. به‌مشێوه‌یە خۆشی و خێر و به‌ره‌که‌تی گه‌ردوونی رووت تێده‌کا و تا زیاتر پۆزه‌تیڤ بی زیاتر لێت نزیک ده‌بێته‌وه‌ تا به‌ته‌واوی ده‌ڕژێته‌ ناوته‌وه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان