هەولێر، كاروان مەسعود
لە سەنتەری گەشەپێدانی تواناكانی كادری سەر بە مەڵبەندی هەولێر، گفتوگۆیەكی كراوە بۆ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لەسەر كتێبـی سێینەی (لە غەزەتەوە بۆ غەزای سۆشیال میدیا) بەڕێووەچوو.
لەو گفتوگۆ كراوەیەدا، ستران عەبدوڵڵا، تیشكی خستەسەر ئەزموونی رۆژنامەوانی و كاری سۆشیال میدیا لە رابردوو و ئێستادا، هەروەك تیشكی خستەسەر كۆمەڵێك بواری پەیوەست بە كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن و چۆنێتی ئامادەكاری بۆ بڵاوكردنەوەی و قۆناغەكانی چاپكردنی رۆژنامە.
لە بەشێكی تری قسەكاندا و روو لە كادرانی ئامادەبوو، ستران عەبدوڵڵا وتی: هەموو كوردستان بە مەیدانی خەباتی یەكێتی دەزانین لە رووی سیاسی و لە رووی راگەیاندنیشەوە، هەموو دەزانین هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە، سیاسەتی رەسمی لە هەولێرە، بەڵام راستییەكەی سیاسەتی حەیەوی (زیندوو) ی كوردستان لە سلێمانییە.
لە بەشێكی گفتوگۆ كراوەكەدا، كادرانی سەنتەری گەشەپێدانی تواناكانی كادر لە هەولێر، سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان دەربارەی كتێبـی لە غەزەتەوە بۆ غەزای سۆشیال میدیا خستەڕوو، لەلایەن ستران عەبدوڵڵاوە وەڵامیان درایەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.