پەرلەمانی ئەڵمانیا رەزامەندی دا لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە هەرێم و عیراق

01:43 - 2022-10-23
جیهان
524 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بەزۆرینەی دەنگ بریاری درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی دا لە عيراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاریبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. 

ئەڵمانیاو وڵاتانی جیهان درک بە بەردەوامبوونی مەترسی و هەڕەشەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆ سەر گەلانی عيراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن. هەرلەبەر ئەوە بریاری درێژەپێدانی مانەوەیان ساڵانە نوێ دەکەنەوە و بەڵێنیان بۆ داکۆکیکردن و پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی هەرێم و ناوچەکە بەزەروور دەزانن. 

جێگەی ئاماژەیە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پرۆگرێسیڤ ئەلایەنس لە بەرلین و لەسەر زاری سەرۆکی شاندەکە هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسییە، لە وتاری فەرمیدا ئاماژەی دا بەگرنگی و زەروورەتی بریاردان لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزی سەربازی ئەڵمانیا. هەروەها داواشیکرد ئەندامانی حیزبە سۆشیالیستەکان لە پەرلەمانی ئەلمانیا بە (بەڵێ) دەنگ بدەن بۆ بڕیاری مانەوەیان. 

عماد فەرهادی
لێپرسراوی بەشی نێردە دیپلۆماسییەکان
ئەندامی شاندی ی. ن. ک لە کۆبوونەوەکانی بەرلین.


بابەتە پەیوەندیدارەکان