یەكەم مۆندیال

10:49 - 2022-10-24
دووتوێ
1574 جار خوێندراوەتەوە
ساتی هاتنە ناو یاریگای هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئۆرۆگوای بۆ یاریی کۆتایی

ئیسماعیل مەحمود

2

مۆندیالی قەتەر رۆژی 20/11/2022 دەستپێدەكات و رۆژی 18/12/2022 كۆتاییدێت، واتا ئێستا تەنیا 27 رۆژ ماوە ئەم بۆنە گرنگە جیهانییە دەستپێبكات، لەم ژمارەیەی ستادیۆمەوە بە زنجیرە باسێك سەرەتایەك لە مێژووی مۆندیال بەسەر دەكەینەوە و چەند باسێكی تایبەتیش لەسەر ئەم مۆندیالە بڵاو دەكەینەوە.
مۆندیالی ئۆرۆگوای
پاش ئەوەی خەونەكەی جۆل ریمییە هاتەدی، ساڵی 1930 یەكەم مۆندیال لە ئۆرۆگوای رێكخرا، تەنیا 13 هەڵبژاردە بەشدارییان تیادا كرد، هەرچەندە هەریەكە لە ئیتالیا و هۆڵەنداو ئیسپانیا و سوید داوای ئەوەیان كرد بەپاڵاتن هەڵبژاردەكان بەشداریی بكەن، بەڵام بەزۆرینەی دەنگ و بە دەستنیشانكردن ئەو 13 هەڵبژاردە دیارییكران كە بەشداری یەكەم مۆندیال بوون.
هەڵبژاردەكان
لەیەكەم مۆندیالدا (4 هەڵبژاردەی ئەوروپا)(ئەمەركیا و مەكسیك) (7 هەڵبژاردەی ئەمریكای باشوور) بەشدارییان كرد.
رۆژی یەكشەممە  13/7/1930 فیكەی یەكەم یاریی لێدراو فەرەنسا 4-1 لە مەكسیكی بردەوە، رۆژی چوارشەممە  30/7/1930 یاریی كۆتایی كراو ئۆرۆگوای 4-2 لە ئەرجەنتینی بردەوە و یەكەم جامی مۆندیالی بەرز كردەوە.
تەواوی ئەنجامی یارییەكانی ئەم مۆندیالە:
*فەرەنسا(4-1) مەكسیك.
*ئەمریكا(3-0) بەلجیكا.
*یۆگسلاڤیا (2-1) بەرازیل.
*رۆمانیا (3-1) پیرۆ.
*ئەرجەنتین ( 1-0) فەرەنسا.
*چیلی (3-0) مەكسیك.
*یۆگسلاڤیا (4-0) پۆلیڤیا.
*ئەمریكا (3-0) پاراگوای.
*ئۆرۆگوای (1-0) پیرۆ.
*چیلی (1-0) فەرەنسا.
*ئەرجەنتین (6-3) مەكسیك.
*بەرازیل (4-0) پۆلیڤیا.
*پاراگوای (1-0) بەلجیكا.
*ئۆرۆگوای (4-0) رۆمانیا.
*ئەرجەنتین (3-1)چیلی.
*ئەرجەنتین (6-1) ئەمریكا.
*ئۆرۆگوای (6-1) یۆگسلاڤیا.
*ئۆرۆگوای (4-2) ئەرجەنتین.

جامی جۆل ریمییە
جامی جۆل ریمییە لەنێوان مۆندیالی 1930 تا مۆندیالی 1974 بە پاڵەوانی مۆندیال دەدرا، ئەو جامە زۆر جیاواز بوو لەم جامەی ئێستا بەپاڵەوانی مۆندیال دەدرێت.
لەسەرەتاوە ئاماژەمان بەوە كرد كە جامی جۆل ریمییە لەسەر خەرجی ریمییە خۆی دروستكراو 50 هەزار فرەنكی فەرەنسی ئەوسای تێچوو، هونەرمەندی پەیكەرتاشی ناوداری فەرەنسی ئابیل لافلۆر نەخشەی بۆ كێشا.
جامەكە لە زیو دروستكرابوو، لەشێوەی خواوەندی سەركەوتنی یۆنانییە كۆنەكان (نایكی) دا بوو کە جامێكی لەسەر سەری داناوە، روكەشكەشی زێڕ بوو بەرزی 35 سانتیمەتر بووەو كێشەكەشی 3.8 كیلۆگرام بووە، بنكەی جامەكەش بە مەڕمەڕ دروستكرابوو و دواتر ساڵی 1954 ئەو بنكەیەی كرا بە ئەزۆرد.
جامەكە سەرەتا ناوی جامی سەركەوتن بوو، تاساڵی 1946 بۆ بەرز راگرتنی هەوڵ و ماندوو بوونەكانی ریمییە ناوەكەی كرا بەجامی جۆل ریمییە.
ئەم جامە ساڵی 1970 بەیەكجاریی بوو بە ماڵی بەرازیلییەكان بەوەی بۆ سێ جار توانیان بەرزی بكەنەو پاڵەوانی مۆندیال بن، بەڵام لە بەدبەختی بەرازیلییەكاندا ساڵی 1983 دزراو تائێستا بێ سەرو شوێنە و لەجیاتی ئەو كۆپییەكی دروستكراوە و لەبەرازیل دانراوە.

چیرۆكی یەكەم مۆندیال
چیرۆكی ئەم مۆندیالە زۆر دورو درێژە هەر لە هەوڵەكانی دەستپێكردن و بیرۆكەی مۆندیالەوە تا رۆژی دەستپێكەكەی كە 13/7 تا 30/7/1930 خایاند، یەكێك لە دیارترین كێشەكان ئەوەبوو كە وڵاتانی ئەوروپا ئەوانەی دەیانویست بەشداریی بكەن، رایانگەیاند كە ئۆرۆگوای زۆر دوورە لێیانەوە، چوون بۆ ئەو وڵاتە دوورە و بودجەو خەرجییەكی زۆر و كاتی زۆرتری دەوێت بەتایبەتیش كە سەفەرەكە دەبێت هەموو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی ببڕن ئەوەش ئەركێكی قورسە بەتایبەتی گەشت بە ناو ئۆقیانوسدا.
بۆیە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا پاشەكشەیان كرد و تەنیا 4 وڵات مانەوەو ئەوانیش جۆل ریمییە قەناعەتی پێكردن تا بەشدار بن و گەشت بكەن بۆ ئەو وڵاتە، جگەلەوەش حكومەتی ئۆرۆگوای لەلای خۆیەوە رایگەیاند كە وڵاتەكەی سەرجەم خەرجییەكانی میواندارییكردنی ئەم مۆندیالە لەئەستۆ دەگرێت.
*ئەم مۆندیالە 18 یاریی تیادا كرا.
*هەر 18 یارییەكە بە بردنەوەی لایەك و دۆڕانی لایەكەی تر كۆتاییهات، واتە یاریی یەكسانبووی تیادا نەبووە.
*لەو 18 یارییەدا 70 گۆڵ كرا بە رێژەی 3:8 گۆڵ لە هەر یارییەكدا.
*لەم مۆندیالەدا ئۆرۆگوای كە وڵاتی رێكخەری مۆندیالەكە بوو، یاریی دەستپێكی نەكرد، پاش پێنج رۆژ لە دەستپێكردنی مۆندیال ئینجا یەكەم یاریی خۆی كردو ئەمەش رووداوێكە تایبەت بەم مۆندیالە.
*لەم مۆندیالەدا یاریی دیارییكردنی سێیەم چوارەمی نەكرا.
*ستابیلی ئەفسانەی ئەرجەنتینی گۆڵكەری ئەم مۆندیالە بووە بە تۆمار كردنی 8 گۆڵ.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان