روخانی دیواری بەرلین نیشانەی کۆتایی جەنگی ساردە

07:20 - 2022-10-27
ڕاپۆرت
347 جار خوێندراوەتەوە

فۆتۆ: دەرباز ستار ئەمین 


لە دوای روخانی رژێمی نازی، ئەڵمانیاو شاری بەرلین بوون بەدوو بەشەوە. بەشی رۆژئاوا کە کەوتە بن دەستی ھاوپەیمانەکان واتە: فەرەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا؛ بۆ خۆی کرا بە چوار بەشی دیکەوە. 

ئەم چوار بەشە بوون بەشوێنی جێگیربوونی ئەو ئەڵمانیانەی کە لە وڵاتە دراوسێکان بەھۆی دژایەتی دەرکرا بوون.

ئەم بەشانە لە 23ی مەی 1949ی زاینی پێکەوە لکێندران و بوون بەکۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا.

بەشەکەی دیکە کەوتە بن دەستی یەکێتی سۆڤیەت و لە 7ی ئۆکتۆبەری ھەمان ساڵدا  بوو بەکۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا. 

ئەم دوو کۆمارە بەشێوەی نافەرمی بەناوی "ئەڵمانیای رۆژئاوا" و "ئەڵمانیای رۆژھەڵات" دەناسران. 

ئەڵمانیای رۆژھەڵات بەرلینی کرد بەپایتەختی خۆی، ئەڵمانیای رۆژئاواش پایتەختی خۆی گواستەوە بۆ شاری بۆن، بەڵام ئەم شارەی بەناوی پایتەختی کاتی ناساند و بەمجۆرە نواندی کە کۆماری رۆژھەڵات دەبێ رۆژێک بڕوات و ئەڵمانیا یەکبگرێتەوە.

ئەڵمانیای رۆژئاوا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسییەكان یەکیانگرت. دواتر ئەڵمانیای رۆژئاوا دەستی کرد بە پڕۆژەیەکی گەورە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە ساڵی 1950ی زایینی و سەرکەوتنی زۆری لە رێگەی ئەم پڕۆژەوە بەدەستھێنا. 

لە ساڵی 1955 دا بوو بەئەندامی ناتۆ. ھەروەھا لە ساڵی 1957 دەستیکرد بەدانانی بناغەی کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپا، لە ھەمان کاتدا ئەڵمانیای رۆژھەڵات بوو بەیەکێک لە ئەندامانی بلۆکی رۆژھەڵات، بەڵام بەھۆی لاوازبوونی یەکێتیی سۆڤێتەوە بارودۆخی ئابووری لە ئەڵمانیای رۆژھەڵات بەرەو دابەزین چوو و ھیچ کاتێک بە ئاستی ئەڵمانیای رۆژئاوا نەگەیشت. 

ئەم بارودۆخە بوو بەھۆی کۆچکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا. 

لە ساڵی 1961دا ئەڵمانیای رۆژھەڵات دەستی کرد بەدروستکردنی دیوارێک لە نێوان دوو بەشی بەرلین، بۆ ئەوەی کە بەرگری لە ئەم کۆچانە بکات. ئەم دیوارە ناسرا بەدیواری بەرلین و بوو بەنیشانێکی شەڕی سارد. 
ئەم دیوارە لە ساڵی 1989 روخێنرا و ئەمجارە بوو بەنیشانەی کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد.

 

 


 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان