بەڕێوەچوونی كۆڕی ئەو رۆژانەی سروود و ئاوازەكان مەشخەڵێك بوون

09:45 - 2022-10-30
ڕاپۆرت
238 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد

دوێنێ، لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، كۆڕێك بەناونیشانی (ئەو رۆژانەی سروود و ئاوازەكان مەشخەڵێك بوون) بۆ هونەرمەند مەجید خۆشناو یەكێك لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای (شەهید كارزان) لە شاخ و شار، بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای كۆڕەكەدا، مەجید خۆشناو پارچە موزیكێكی پێشكەشكرد، دواتر باسی لە ئەزموونی كاری هونەریی خۆی كردو وتی: سروود و هونەری بەرگریی، رۆڵی گرنگی هەیە لە شۆڕشی زۆربەی میللەتاندا، لەناو میللەتی كوردیشدا ئەو رۆڵەی هەبووە و شانبەشانی چەك و پێشمەرگە دەوری كاریگەری گێڕاوە.
وتیشی: دوای ماوەیەك لە چوونم بۆ شاخ و پەیوەندیكردنم بە شۆڕشەوە، لەگەڵ هونەرمەندان (ئاراس ئیبراهیم، حەمەجەزا، ئازاد خانەقینی، شوان كەریم كابان، هیوای موزیكژەن و عەبدولقادر حەسەن و ژمارەیەك هونەرمەندی دیكە، بیرۆكەی دامەزراندنی تیپی مۆسیقای شەهید كارزان-مان تاوتوێكرد و دوای ماوەیەك دامانمەزراند و سەرەتاش بارەگای تیپەكەمان لە ناوزەنگ بوو، پاشانیش لە گوندی زەڵێ بوو. هەروەها ئاماژەی بە چەند قۆناغێكی تیپی مۆسیقای شەهید كارزان كرد و چەندین یادگاری و چالاكیی تیپەكەی گێڕایەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان