״ پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان״

10:54 - 2022-10-30
دووتوێ
772 جار خوێندراوەتەوە

ئاشنابوونی گەلان و بەتایبەتیش دەستەبژێرانی بواری رووناکبیریی و هونەریی و وەرزشی یەکێکە لەو سیما شارستانییانەی کە لە دنیای ئەمڕۆدا وەک کایەی دووەمی پەیوەندیی گەلان لە پشتی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانەوە دەتوانێت رۆڵی خۆی لە نزیککردنەوەی گەلان لە یەکتریی و ناسینی پێشکەوتن و کەلتور و مەینەتییە مێژوویی و هەنووکەییەکانیان ببینێت.
دەکرێت بڵێین (پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان) کە لە رۆژانی (2/10/2022  تا 13/10/200) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە دەچێتە ئەو خانەیەوە، لەلایەک گرنگییەکەی لە ماوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی پڕۆژەکە و ۆرکشۆپ و سیمینار و خستنەڕووی بەرهەمە هونەرییەکاندایە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەیە کە لە شاری سلێمانی  بەڕێوەچووە وەک پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، کە زۆرجار لە کایەی پەیوەندییە سیاسیەکاندا هەوڵی پەراوێزخستن و نادیدەگرتنی دەدرێت، بەڵام ناوبانگ و کایە هونەریی و رووناکبیرییەکەی بۆتە پارسەنگی بێپێزکردنی ئەو پەراوێزخستنە سیاسییە و لە کایە رووناکبیرییەکەدا هاوتەریب بە کایە سیاسییەکە هەنگاوی خۆی دەنێت.
لەسەرووی ئەوەشەوە پەرۆشیی مەڵبەندی کوردۆلۆجیی زانکۆی سلێمانی و خودی سەرۆکی زانکۆ و سپۆنسەرەکانی پڕۆژەکەش، دیاردەیەکی مژدەبەخشە بەوەی کە زانکۆ وەک ناوەندێکی زانستی و رووناکبیری هەوڵی لێبڕاوانە دەدات بۆ گێڕانەوەی رۆڵ و پێگە مێژووییەکەی خۆی لە خزمەتی کوردەواریی و گرنگیدانەوە بە کایەی زانستە مرۆڤایەتییەکانیش هاوشانی رۆڵە ئەکادیمی و زانستییەکەی.

دۆسێ

رۆژی یەکەمی دەستپێکردنی چالاکییەکانی پڕۆژەکە

دوای 11 رۆژ لە چالاکیی بەردەوام، پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان) کۆتایی بە کارەکانی هێنا کە لە رۆژی 2/10/2022 دەستیپێکرد و رۆژی 13/10/2022  کۆتاییهات، هەر لە دەستپێکی چالاکییەکانەوە بایەخێکی میدیایی زۆری پێدرا. 

بیرۆکە و ئامانجی پڕۆژەکە
ئەو پڕۆژەیە کە لە بیرۆکەی هونەرمەندی ئەکادیمیست (د.عوسمان قادر ئەحمەد) بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی- زانکۆی سلێمانی و (د.گوردون واڵنبۆك) بەڕێوەبەری کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاندی ڤیەننای پایەتەختی نەمسابوو، بووە ئەزموونێکی کەم وێنە و چالاکییەکی سەرکەوتووی مەڵبەندی کوردۆلۆجی و هینتەرلاند کە بە بەشداریی بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی و سێ هونەرمەندی نێودەوڵەتیی لە ئەڵمانیا و نەمساوە و بە پشتیوانیی مامۆستا دارۆ رەسول لە کارگەی کەلتور و گەلەری ئێستا لە هەمان کارگە بەڕێوەچوو و بووە دەستکەوتێکی هونەریی و کەلتوریی ناوازە و گرنگ بۆ زانکۆی سلێمانی و کارگەی کەلتور.

دیدارێکی یەکترناسین و چوار سیمینار
 لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، دیدارێکی یەکترناسین و چوار سیمیناری پێشکەشکردنی وێنەیی و دوو ۆركشۆپ بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بە وەرگێڕانی کوردیی و ئینگلیزییەوە لەخۆگرت، ئەوە جگە لە نماییشێکی پێشکەشکاریی کۆی بەرهەمەکانی پڕۆژەکە کە لە دواڕۆژی پڕۆژەکەدا بەئامادەبوونی تیمی پڕۆژەکە و بەشداربووان و هونەردۆستان و ستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بەڕێوەچوو.
بەو نماییشەش سەرجەم چالاکییەکانی پڕۆژەکە کۆتاییان هات کە بەسەر چەند رۆژێکدا دابەشکرابوون بەم شێوەیەی خوارەوە: 
رۆژی یەکەم: 2/10/2022  
لە یەکەم رۆژی پڕۆژەکەدا، دیداری بەخێرهاتن و ناساندنی هونەرمەندانی ئەکادیمست و راهێنەرانی پڕۆژەکە سازکرا.
لەو دیدارەدا د.عوسمان قادر لە وتەیەکدا بەناوی زانکۆی سلێمانی و ستافی کوردۆلۆجی و خوێندکاران و هونەرمەندانی سلێمانییەوە بە گەرمی بەخێرهاتنی کرد لە:
1-پەرستۆ فرۆهەر هونەرمەندی نێودەوڵەتی و پڕۆفیسۆری هونەرە جوانەکان  لە ئەکادیمیای یۆهانز گۆتەنبێرگ لە زانکۆی ماینز لە ئەڵمانیا.
2-د.گودرون واڵنبۆك دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاند لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا کە پلاتفۆڕمێکی هونەریی سەربەخۆیە و تایبەتە بە بایەخدان بە پڕۆژەی کەلتورە فرەجۆر و پسپۆڕییەکان.
3- مامۆستا وریا ئاریا هونەرمەندی کوردی شاری سنە و پەیکەرساز کە زانکۆی هونەرە پەیڕەوکارییەکانی لە ڤییەنا  تەواو کردووە. 
لە بەشێکی تری وتەکەیدا د.عوسمان قادر رایگەیاند: خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ هەموان کە دواجار لەو پڕۆژەیەدا کۆدەبنەوە کە لە ساڵی 2019 دا پلان بۆ بەڕێوەچوونی دانرا و ئامادەکارییەکانی دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دواکەوت. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم سپۆنسەرەکانی پڕۆژەکە دەربڕی کە پێکهاتوون لە:
1-زانکۆی سلێمانی و مەڵبەندی کوردۆلۆجی و هینتەرلاند و پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەڵمانیا و وەزارەتی رۆشنبیریی نەمسا و باڵیۆزخانەی نەمسا لە عەممانی پایتەختی ئوردن. 
هەر لەو دیدارەدا وردەکاریی بەرنامەی کاری پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان) خرایەڕوو. بەو شێوەیەش یەکەم رۆژی پڕۆژەکە کۆتایی هات.

رۆژی دووەم : 3/10/2022
سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، 3/10/2022 لە دووەم رۆژی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان)  لە سەعات 10ی سەرلەبەیانیی بۆ 1ی پاش نیوەڕۆ یەکەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن پ.د.پەرستۆ فرۆهەرەوە کە هونەرمەندێکی ئەکادیمیستی ئێرانییە و لە ساڵی 1991 ەوە لە ئەڵمانیا دەژی و کاردەکات.
ئامانج لەو سیمینارە پێشکەشکارییە کە ژمارەیەك لە مامۆستایان و خوێندکاران و دەرچووانی بەشەکانی کۆلێجی هونەر و ستافی مەڵبەندی کوردۆلۆجی ئامادەیبوون، خستنەڕووی ئەزموون و پڕۆژە هونەرییەکانی پ. د.فرۆهەر بوو کە تایبەتن بە بەکارهێنانی خۆشنووسیی فارسیی وەك ئامرازێك بۆ گوزارشتکردن لە چەمکەکانی کۆچبەری و ونبوون و نەمانی ئاراستە لە ژیانی خۆیدا وەك هونەرمەندێکی تاراوگەنشین و کۆچبەر و نیشاندانی یادەوەرییەکانی لەگەڵ زمانی دایکدا کە فارسییە. 
هەروەها بە دوور و درێژیی باسی توخمی سەرەکیی و گرنگی کارەکانی کرد کە بریتییە لە (پاتێرن - نەخش و نیگار) لەگەڵ پێشەکییەك دەربارەی پاتێرن کە ناوەڕۆکی وۆركشۆپەکەی بوو بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێجی هونەر.
لەو بوارەدا پ.د.پەرەستۆ پاش ناسینی بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەی، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا ئامادەبووانی هاندا بۆئەوەی لە کارە هونەرییەکانیاندا بەبیری رەخنەگرانەوە رێبازی نوێ پیادە بکەن و شێوازێکی بینراو بۆ دەربڕین لە کارە هونەرییەکاندا لە چەشنی نەخش و نیگار بەرجەستە بکەن بە جۆرێك هێماکان و شێوەکان و دەنگەکان و رەفتارەکان و هەرشتێك کە رۆژانە رووبەڕووی دەبنەوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، کۆی بکەنەوە بەو مەبەستەی لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا تاوتوێ بکرێن بەدەر لە دووبارەکردنەوەی بەرهەمەکان و پەرە بە کارەکان  بدەن تا تێگەیشتنی نوێ بێتە بەرهەم.
لە بەشی دووەمی بەرنامەی هەمان رۆژدا، سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی دووەم سازکرا بۆ مامۆستای پەیکەرساز وریا ئاریا کە ساڵی 1979 لە شاری سنە لە دایكبووە و لە تەمەنی 22 ساڵییەوە لە نەمسا دەژی و کاردەکات.
بابەتی سیمینارەکە خستنەڕووی تابلۆ و ئینستلەیشن و پەیکەرەکانی مامۆستا ئاریا بوو بۆ گوزارشتکردن لە پاشخانی فیکری و شێوازی کارکردنی پراکتیکیی خۆی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و پرسیارەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە.
لەو بوارەدا ئامادەبووان ئاشنابوون بەوەی مامۆستا وریا لەگەڵ چەندین پەیکەرسازی کورددا لە ئێران کاری کردووە و شێوازی کارکردنی بریتییە لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی وەکو پەت و بەرد و کێلی گۆڕ، کە یادەوەریی منداڵیی هەیە لەگەڵ ئەو کەرەستانەدا. 
هەروەها تایبەتمەندییەکانی پەیکەرسازیی وەکو نەخشەسازیی و هێڵە تەریبەکان و هاوشێوەکانی بەکاردەهێنێت و رەهەندی نوێیان بۆ زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا تێکهەڵکێشی دەکات بە گۆڕانکارییەکانی ژیانی.
شایانی باسکردنە لە کۆتایی هەردوو سیمینارەکەدا ئامادەبووان ستایشی کارەکانی هەردوو هونەرمەندی پێشکەشکاریان کرد کە کاریگەرییەکی باشیان هەبووە لەسەر بیرکردنەوەیان لەبارەی بەکارهێنانی پاتێرن وەك هونەرێکی رەخنەگرانە و پەیکەرسازیی و کەرەستەکانی بۆ گێڕانەوەی یادەوەریی. 
لەو سۆنگەیەشەوە هەردوو هونەرمەند بانگهێشتکران بۆ پێشکەشکردنی هەمان سیمینار لە هۆڵی مامۆستا عەلی جۆڵا لە رۆژی 3 شەممە 11/10/2022 دا وەك بەشێك لە وانەی هونەر و دیسکۆرس بۆ خوێندکارانی قۆناغی سێیەم لە کۆلێجی هونەر.

لایەنێک لە بەشدارانی سیمینارەکە

  رۆژی سێیەم: 4/10/2022 
رۆژی سێشەممە، 4/10/2022  لە سێیەم رۆژی پڕۆژەی (بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان) دا، لە سەعات 2 تا 5 ی سەرلەئێوارە سێیەم و چوارەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن هەریەك لە د.گودرون واڵنبۆك و د.عوسمان قادر- ەوە.
 سیمیناری یەکەم تایبەت بوو بە روانینێکی خێرا لەسەر بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی هونەریی هینتەرلاند لە ڤیەننا/ نەمسا  کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پشتگیرییەکی زۆری کارە هونەرییەکانی هونەرمەندە گەورە و نوێیەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و بایەخێکی زۆریان پێدەدات بە تایبەتی ئەو هونەرمەندانەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران و هەرێمی کوردستان کاردەکەن. 
هەر لەو سیمینارەیدا، د.گۆدرۆن لەگەڵ نیشاندانی چەندین چالاکیی سەرنجڕاکێش لە وڵاتانی ئێران و پاکستان و مەکسیکەوە، جەختی کردەوە لە بیرۆکەی بنەڕەتی لە دامەزراندنی ئەو کۆمەڵە هونەرییە کە ئێستا خاوەنی بارەگای خۆیەتی کە گەلەرییەکی تێدایە بەناوی هینتەرلاند-ەوە لەگەڵ کتێبخانەیەکدا کە بەرهەمی چاپکراوی هونەرمەندان و نووسەرانی تێدایە بە جیاوازیی رەگەز و نەتەوە و ئایین و زمانیانەوە. 
لەو رووەشەوە ئامادەبووانی ئاشناکرد بەوەی خودی خۆی و هاوکارانیشی لە بیرۆکەی بەیەکگەیاندنی کەلتورەکان و بەدیهێنانی تێگەیشتنی هاوبەشەوە گەیشتوون بە دامەزراندنی هینتەرلاند وەك دەروازەیەك بۆ نزیكکردنەوەی کەسەکان لە یەکتر بەمەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و چەمك و نیگەرانیی و هیواکانیان.
لە کۆتایی سیمینارەکەشدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە رێی پرسیار و وەڵامەوە بەڕێوەچوو و بووە دەرفەتێکی باش بۆ زیاتر ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە هونەر و ئازادیی و کەلتور و شوناس و چەند بابەتێکی تر.
هەر لە سێیەم رۆژدا، چوارەم سیمیناری پێشکەشکاریی وێنەیی پێشکەشکرا لەلایەن د.عوسمان قادر بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجییەوە کە تایبەت بوو بە پڕۆسەی دیکۆمێنتی وێنەیی بیرەوەریی شایەتحاڵان و رزگاربووانی شاڵاوەکانی جینۆسایدی خەڵکی گوندەکانی کوردستان (ئەنفال – 1988) دا.
لەو سیمینارەدا، (د.عوسمان قادر) باسی وێستگەکانی ژیانی خۆی کرد هەر لە قۆناغی خوێندکارییەوە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی لە سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعسدا و رۆیشتنی بۆ شاخ بۆ ناو ریزەکانی پێشمەرگە و بەرکەوتنی بە چەکی کیمیایی و بوونی بە شایەتحاڵێکی ئەنفال  تا دەگات بە رزگاربوونی لەو شاڵاوە و گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستبەکاربوونی بۆ فێرکردنی منداڵانی رزگاربووی تاوانی بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لە ئاداری 1988 دا و پاشان گەیشتنی بە بەریتانیا.
لەو سیمینارەدا، ئامادەبووان ئاشنابوون بەو راستییەی کە شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال کاریگەرییەکی دەروونیی و فیکریی و هونەریی گەورەی کردۆتە سەر ئەو هونەرمەندە ئەکادیمیستەی کوردستان کە لە ساتەوەختی شاڵاوەکەدا بەڵێنی دابوو ئەگەر هاتوو رزگاری ببێت، ئەوا کارە هونەرییەکانی تەرخان دەکات بۆ گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییانە و بە دیکۆمێنتکردنی لە رێی هێڵکارییەکانیەوە کە ئەوەش بۆتە پڕۆژەی خوێندنە ئەکادیمییەکەی لە ماستەر و دکتۆرادا لە بەریتانیا و کۆی کارەکانی ئەو پڕۆژە زانستییانە و کارەکانی دواتر ئاماژەن بۆئەوەی بەڵێنەکەی بردۆتەسەر و هێلکاریی و کارە هونەرییەکانی لە ئاستێکی بەرزی ئەکادیمیی و هونەریی ئەوتۆدان کە هەندێکیان لە مۆزەخانەی جەنگی ئیمپێریاڵیی بەریتانیا لە لەندەن دانراون و خراوەتە ریزی بەناوبانگترین ئەو کارە هونەرییانەی کارەسات و مەرگ و وێرانکارییەکانی جەنگ لە 100 ساڵی رابردوودا دەگێڕنەوە. 
بەو سیمینارەش کۆتایی بە بڕگەی سیمینارە پێشکەشکارییە وێنەییەکان لە بەرنامەی کاری پڕۆژەکەدا هات، کە سەرەتایەکی پێویست و باش بوو بۆ دەستپێکردنی  هەردوو ۆركشۆپەکەی پڕۆژەکە لە رۆژی چوارەم بەدواوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە کۆتایی بەرنامەی کاری سێیەم رۆژدا، ئامادەبووان خۆشحاڵییان دەربڕی بۆ باش بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان لە رووی بەهای مرۆیی و کەلتوریی و هونەرییەوە بۆ هەرچی زیاتر بەیەکگەیاندنی هونەرمەندان و ئەکادیمیستان لە وڵاتانی ناوچەکەوە بە هاوتاکانیان لە ئەڵمانیا و نەمسا و وڵاتانی تری ئەوروپا. 

رۆژانی وۆرکشۆپ (510/10/2022)

رۆژی چوارشەممە 5/10/2022 و رۆژانی دواتر جگە لە هەینی و شەممە تا رۆژی چوارشەممە 12/10/2022 هەردوو ووۆرکشۆپی هەریەك لە  پ.د. پەرستۆ فرۆهەر بۆ پراکتیزەکردنی پاتێرن- نەخش و نیگار و مامۆستا وریا ئاریا سەبارەت بە پەیڕەوکردنی پراکتیکیی پەیکەرسازیی بۆ گێڕانەوەی یادەوەریی بەڕێوەچوون.
بە درێژایی رۆژانی هەردوو وۆرکشۆپەکە کە لە سەعات دووی پاش نیوەڕۆوە بۆ پێنجی سەرلەئێوارە بەردەوام بوو، هونەرمەندانی میوان لە رێی گفتوگۆی چڕوپڕ و رێنمایی پراکتیکییەوە لەگەڵ هەر مامۆستا و خوێندکارێکی بەشداربوو زانین و تەکنیك و سەرنج و تێبینیی پێویستیان پێشکەش کرد بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردنی ئەو شێوازی کارەی بە باشترین شێوە لەگەڵ بیرۆکە و روانین و ئامانجی هەر بەشداربوویەكدا دەگونجێت بۆ دەستنیشانکردنی بابەتێك و کارکردن لەسەری بۆئەوەی لە رۆژی کۆتایی پڕۆژەکەدا و لە نماییشە پێشکەشکارییەکەی کۆتاییدا لە کارگەی کەلتور نمایش بکرێن.
بە بۆچوونی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشداربوو، ئەو دوو وۆرکشۆپەی پ.د.فرۆهەر و م.ئاریا دەرفەتێکی گرنگ و پێویست بوو بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان و هێنانە ئارای بیرۆکەی تازە و گۆڕانکاریی لە شێوازی کارکردن لە پێشوودا بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونکردنی بابەتی تازە لەبەر رۆشنایی بابەتە پێشکەشکراوەکان و ئەو پێشنیاز و سەرنجانەی مامۆستایانی میوان پێشکەشیان کردووە. 
هاوکات پێشنیازیش کرا تیمی میوان و خانەخوێی پڕۆژەکە لە رۆژی کۆتاییدا کۆببنەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی ئەگەری فراوانکردنی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان، بەجۆرێك ژمارەی بەشداربووانی پڕۆژەکە زیاتر ببن و بکرێتە چالاکییەکی هاوبەشی ساڵانەی سەنتەری کوردۆلۆجی و هینتەرلاند.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا، هەر بەشداربوویەك کارە هونەرییە تەواوکراوەکەی بۆ رێکخەرانی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان خستەڕوو بە مەبەستی نماییشکردنی لە رۆژی پێشکەشکارییەکەدا.

سەردانی سەرپەرشتیارانی چالاکییەکان بۆلای سەرۆکی زانکۆ

 
دیداری میوانانی کوردۆلۆجی و سەرۆکی زانکۆ: 9/10/2022
رۆژی یەکشەممە 9/10/2022، تیمی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان لە بەرنامەی سەرلەبەیانی رۆژی هەشتەمی پڕۆژەکەدا، سەردانی پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد عەلی سەرۆکی زانکۆی سلێمانییان کرد کە لە ئۆفیسی خۆی بە گەرمیی پێشوازیی لێکردن.
 ئامانج لەو دیدارەی تیمی میوان و سەرۆکی زانکۆ لە نزیکەوە یەکترناسین و ئاڵوگۆڕی بیروڕابوو سەبارەت بە  کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا بەتایبەتی کە یەکەم پڕۆژەی هاوبەش بە ناوی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان، ئومێدبەخشە بۆ هەوڵدان لە پێناوی کاری زیاتر و باشتردا.
لەو رووەشەوە تیمی میوان سەرۆکی زانکۆیان ئاشناکرد بە پڕۆژەکە وەك چالاکییەکی ئەکادیمیی و کەلتوریی و هونەریی ناوازە و بە بەها کە بە خۆشحاڵییەوە مەڵبەندی کوردۆلۆجیی زانکۆی سلێمانی بە هاوکاریی و پشتیوانیی مامۆستا دارۆ رەسول لە گەلەری ئێستای کارگەی کەلتوری سلێمانی رێکخستووە.
لەوبارەیەوە هونەرمەندی ئەکادیمیست د.عوسمان قادر ئاماژەی بۆ بایەخ و پێویستیی ئەو پڕۆژەیە کرد کە تائێستا بەپێی بەرنامەی کارەکەی، چوار سیمینار پێشکەشکراون و کارەکانی دوو وۆرکشۆپی پڕۆژەکەش بە باشیی بەڕێوەدەچوون بۆ ئاشناکردنی مامۆستایان و دەرچووان و خوێندکارانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێجی هونەر بە ئەزموون و پڕۆژە هونەرییەکانی مامۆستایانی راهێنەر بە پیشاندانی تابلۆ و ئینستلەیشن و پەیکەرەکانیان و راهێنانی بەشداربووانی ئەو چالاکییانە لەسەر چوارچێوەی تیۆریی و چەمکسازیی و شێوازی کرداریی کارکردنیان لە ساڵانی رابردوودا. ئەوەشی راگەیاند کە تائێستا کارەکانی ئەو پڕۆژەیە جێی خۆشحاڵیی و بەرزنرخاندنی ئامادەبووان و بەشداربووان بووە لە سۆنگەی ناوەڕۆکی گرنگیی بابەتەکان و شێوازی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکردن و گفتوگۆی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە لەنێوان ئەکادیمیستانی پڕۆژەکە و بەشداربوواندا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پشتگیریی و پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ مەڵبەندی کوردۆلۆجی و پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان) وەك چالاکییەکی گرنگ و پێویست بەتایبەتی کە پڕۆژەکە بە دیدگای نزیك کردنەوەی هونەرمەندان لە یەکتر و دروستکردنی پردی پەیوەندی و بەیەکگەیاندنی کەلتورە جیاوازەکان  و دامەزراندنی پڕۆژەی هونەری هاوبەشەوە هاتۆتە بەرهەم.
هەر لە بارەی ئەو سەردانەوە، د.گودرون بە وێبسایتی مەڵبەندی کوردۆلۆجی راگەیاندووە کە دیداری تیمەکەیان و سەرۆکی زانکۆ جێی خۆشحاڵییان بووە و سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ سەرۆکی زانکۆ بۆ پێکەوە دانیشتن و یەکترناسین. هەروەها ستایشی دیدو تێڕوانینەکانی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ پشتگیرییکردن لە پڕۆژەکە و زیاتر پەرەپێدانی کەلتور و هونەر لەو ناوەندە گرنگەی خوێندنی باڵادا لە هەرێمی کوردستان. 

 ڕۆژی کۆتایی و نمایشی پێشکەشکاریی: 13/10/2022
سەعات یەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 13/10/2022 لە رۆژی کۆتایی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکاندا  لە کارگەی کەلتور، تیمی پڕۆژەکە دەستبەکاربوون بۆ رێکخستنی نماییشی پێشکەشکاریی کۆی بەرهەمەکانی بەشداربووانی پڕۆژەکە لە بوارەکانی نەخش و نیگار و پەیکەرسازییدا.
بۆ ئەو مەبەستەش تیمی پڕۆژەکە راڕەوی کارگەی کەلتوریان دەستنیشانکرد بۆ نماییشکردنی بەرهەمەکان کە گوزارشتیان لە چەندین دیدگا و بانگەواز دەکرد بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و نەمانی شەڕ و جەنگ و توندوتیژیی دژ بە ژنان و خۆشنووسیی وەك ئامرازی گێڕانەوەی چوند رووداوێکی مێژوویی و پێکەوە لەگەڵ بەشداربوواندا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش ئامادەییان کرد و سەعات سێی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بە رووی میوانانی نماییشەکە و کارگەی کەلتوردا کرایەوە.
بەو بۆنەیەشەوە د.گودرون واڵنبۆك دامەزرێنەری هینتەرلاند و هاوڕێکخەری پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا بۆ وێبسایتی مەڵبەندی کوردۆلۆجی دەربارەی کۆی پڕۆژەکە وتی: «بە بڕوای من ئەمە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕێکی بەرهەمدار و گرنگبوو ببینین لێرە کاروبارەکان چۆنن و بزانین چی دەگوزەرێت و کاردانەوەکان چۆن دەبن». ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو پڕۆژەیە بۆ هەمووان سەرنجڕاکێش بوو و وتی: «لە کۆی بەرهەمە نماییشکراوەکانەوە دیارە کە پڕۆژەیەکی بەرهەمدار بووە». جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو جۆرە پڕۆژانە لە داهاتوودا.
لە کۆتایی نماییشەکەشدا کە تا سەعات 4:30 ی سەرلەئێوارە بەردەوام بوو، د.عوسمان قادر ئەحمەد بەڕێوەبەری مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە وتەی کۆتاییدا جارێکی تر سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ هەرسێ میوانی شاری سلێمانی و ئەندامی تیمی پڕۆژەکە د.گوردرون و پ.د. پەرستۆ و م.وریا بۆ ئامادەبوونیان لەسەر ئەرکی خۆیان لەو پڕۆژە نایاب و سەرکەوتووەدا کە بیرۆکە و پلانەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. 
هەروەها بە تایبەتیی سوپاسی د.گودرون-ی کرد کە پێکەوە بیرۆکەی پڕۆژەی بەیەکگەیشتنی کەلتورەکان- یان گەڵاڵەکرد و دەرفەتی رەخساند بۆ ئاشناکردنی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشداربووی پڕۆژەکە بە  پ.د. پەرستۆ و م.وریا کە لای خۆیانەوە زۆر خۆشحاڵییان دەربڕی کە سەردانی سلێمانییان کرد و سوپاسی بەشداربووانی هەردوو وۆرکشۆپەکەیان کرد کە ئەو بەرهەمە سەرنجڕاکێشانەیان بەدیهێنا. 
لە دوا بڕگەی ئەو رۆژەدا و بەر لە ماڵئاوایی، تیمی پڕۆژەکە و ئامادەبووانی نماییشەکە، هونەرمەندی ئەکادیمیست د.عوسمان قادر ماکێتی رێزلێنانی پێشکەش کرد بە هەرسێ میوانی مەڵبەندی کوردۆلۆجی کرد بۆ هەوڵی بەرچاویان لە بنیاتنانی پردی کەلتوریی لە رێی هونەر و دیالۆگەوە و م.دارۆ رەسول ڕێکخەری گەلەری ئێستا بۆ پشتیوانی و ئامادەیی لە پڕۆژەکەدا و م.ی جەمیل عەلی لە بەشی پەیوەندیی و راگەیاندنی کوردۆلۆجی بۆ کاری وەرگێڕان. هەروەها سوپاسی فەرمانبەرانی ئامادەبووی پڕۆژەکەی لە مەڵبەندی کوردۆلۆجییەوە کرد بۆ رووماڵی وێنەیی چالاکییەکانی پڕۆژەکە و کاروباری لۆجستیی لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی خۆبەخشانە بوونە بەشێك لەو پڕۆژەیە. 
دواتر م.کۆسار مەجید لە کۆلێجی هونەر بەناوی خۆی و کۆی بەشداربووانی سیمینار و هەردوو وۆرکشۆپی پڕۆژەکەوە، سوپاسی تیمی پڕۆژەکەی کرد و خۆشحاڵیی دەربڕیی بۆ دامەزراندنی ئەو پردی پەیوەندییە کەلتوریی و هونەرییە و بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژەیە کە ئەزموونێکی پڕ خۆشیی و ئاڵوگۆڕیی بیروڕا و ئاشنابوون بوو بە دیدی نوێی کارکردن.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان