چین، هەنگاونان بەرەو بە جەمسەربوون

10:10 - 2022-10-31
ڕاپۆرت
351 جار خوێندراوەتەوە
شی جین پینگ شا عەبدوڵڵا

ئا: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

رۆژی یەكشەممە، 23ی تشرینی یەكەمی 2022، ئاژانسی رەسمی چین بڵاویكردەوە، بۆ جاری سێیەم،شی جین پینگ، وەك سەرۆكی پارتی كۆمۆنیستی ئەو وڵاتە هەڵبژێردراوەتەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت، لە مانگی ئاداری 2023دا و بۆ خولێكی نوێ وەكو سەرۆك كۆماری چین دەستبەكار دەبێتەوە. هەڵبژاردنەوەی شی جین پینگ لە رێگەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی كۆمۆنیستی چینییەوە دەبێت كە لە هەڵبژاردنێكی داخراودا زۆرینەی دەنگەكانی بە دەستهێنا بوو.

چین گرنگی زۆر بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەدات، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا، پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی زۆر بەهێز بووە

چین و جیهان
چین دەیەوێت لە گەڕی سێیەمی ویلایەتەكەی شی جین پینگدا، ئەوە پیشانی جیهان بدات كە ئەوان ئێستا وڵاتێكی گەورەی جیهانن و دەتوانن ببنە جەمسەرێكی هەڵسوڕێنەری جیهان، لە وتاری دەستبەكاربوونی شی جین پینگدا وەك سەرۆكی پارتی كۆمۆنیستی چینی، رایگەیاند: چین بەبێ جیهان پێشناكەوێت و جیهانیش پێویستی بە كۆماری چینە. ئەمەش مانا و مەغزای ئەو خەونەیە كە چین بۆ جیهانی هەیە و دەیەوێت پەل بە تەواوی جیهاندا بهاوێژێت.

چین، هەنگاو بەرەو بە جەمسەر بوون
ئەگەرچی بە مانای سیاسی هەر دەوڵەتێك بۆ بوون بە جەمسەری تەواوی سیاسی لە جیهاندا، پێویستی بە سێ هێزی «ئابووری، سیاسی_ دیپلۆماسی و سەربازی» هەیە و تا ئێستا چین وەك پێویست هەر سێ هێزەكەی نییە، بەڵام شی جین پینگ خەونی ئەوەی هەیە چیتر لە ناوچەیەكی بچووكی بازرگانی و سیاسیدا نەمێنێتەوە و هەنگاوی گەورە بە ئاڕاستەی جیهاندا بنێت.
چینییەكان ئێستا پێیانوایە ئەوان توانیوویانە دوو موعجیزەی گەورە بخوڵقێنن كە ئەوانیش: یەكەم : گەشەی خێرای ئابووریی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی درێژخایەنە. دووەم: بە پشتبەستن بە هێزی ئابووری، چین دەیەوێت هێزی سەربازیی و دیپلۆماسیی لە ئێستا باشتر بكات و لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا رێكەوتن بكات كە پێویستیان بە ئابووریی چین هەیە و دەیانەوێت لە چین نزیك ببنەوە.

چین لە سعودیە، لوتكەی كەنداو_ چین
چین گرنگی زۆر بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەدات، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا، پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی زۆر بەهێز بووە، لەمەشدا نەوت و گاز رۆڵی گرنگ دەگێڕن، چونکە چین پێویستی بە سەرچاوەی وزەیە کە خۆی  نیەتی. لە بەرامبەریشدا وڵاتانی عەرەبیش دەیانەوێت تەنها پشت بە ئەمریکا نەبەستن، بەڵکو دەیانەوێت لەگەڵ چینیش پەیوەندیی بەهێزیان هەبێت. 
لە كۆنفرانسێكی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ «وانگ یی» وەزیری دەرەوەی چین، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە، رایگەیاند: بڕیارە سەرۆكی چین، شی جین پینگ سەردانی سعودیە بكات و لەو ماوەیەدا بەشداری سێ لوتكەی گرنگ و تایبەت لە سعودیە بكات.
فەیسەڵ بن فەرحان هەروەها دەڵێت: سەردانی سەرۆكی چین گرنگە و ئامادەكارییەكان بۆ بەشداری شی جین پینگ لە لوتكەی (سعودیە_ چین)، (كەنداو_ چین) و (عەرەبی_چین) لە تەواوبووندایە و شانشین بە گرنگییەكی زۆرەوە سەیری ئەم سەردانە دەكات.

نەوت لە لوتكەی كەنداو _ چیندا
دەزگا ناوخۆییەكانی سعودیە و ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، یەكێك لەو بابەتانەی كە لە لوتكەی كەنداو_ چیندا، گرنگی پێدەدرێت، بابەتی نەوتە. ئەم بابەتە بۆ چین گرنگە و لە ساڵی رابردوودا زۆرترین مامەڵەی سعودیە لەگەڵ كاڵای چینی بووە و بەرەو پێشچوونی زیاتریشی بەخۆوەبینیووە .
ئەم هەنگاوەی چین پێچەوانەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكایە كە كاتێك لە 2017 دا سەردانی ریازی كرد، بە بیانووی هاریكاری قەتەر بۆ تیرۆر، قەتەری لە چالاكییەكانی بێبەشكرد لە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداودا كە تاكو ئەوكات و لە ساڵی 1981ەوە كە رێكخراوی هاریكاری كەنداو دامەزرا بوو، هیچ ناكۆكی و لێكترازانێكی لەو جۆرەی بە خۆیەوە نەبینی بوو.

32 ساڵ پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات
پەیوەندیی نێوان چین و سعودیە بۆ ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە، لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا هەردوو وڵات پێشكەوتنی گەورەیان لە پەیوەندییەكانیان بەدیهێناوە، ساڵی 1991 بۆ 1998 بە جۆرێك گەشەی كرد كە لە 16 سەردان و رێكەوتنی هاریكاریی لە ئاستی باڵا لە بوارە جیاجیاكاندا خۆی دەبینییەوە، ئەم دوو وڵاتە پەیوەندییەكانیان لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر گەشەی کردووە بە تایبەتی لە پاش  ساڵی 1998  کاتێک شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز کە ئەوکاتە شازادەی جێنشین بوو، سەردانی ئەو وڵاتەی كرد. 

نزیكبوونەوەی چین و سعودیە، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی سعودیە و ئەمریكا
ئەحمەد ئەلقەیسی_ بەڕێوبەری گشتی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسی وەبەرهێنان لە ئەبوزەبی، بە ئەو ناونیشانەی سەرەوە نووسیویەتی: یەكەم دیداری رەسمی نێوان چین و سعودیە بۆ ساڵی 1985 دەگەڕێتەوە و پێشتر سعودیە رەتیكردۆتەوە كۆماری گەلی چینی بە دەوڵەت بناسێنێت.
ئەو نووسەرە دەنووسێت: ئایا نزیكبوونەوەی سعودیە و چین سەرەتای دابەزینی پەیوەندییەكانی سعودیە و ئەمریكایە؟
بە بڕوای ئەحمەد ئەلقەیسی، ریاز ئاگاداری مەترسییەكانی جیابوونەوەی تەواوەتی لە واشنتۆنە و لە درێژخایەندا لە بەرژەوەندیی سعودیە نابێت، لێرەشەوە شانشینی سعودیە هەوڵدەدات سوود لە پەیوەندییە ئابوورییەكەی لەگەڵ چین وەربگرێت و لەهەمانكاتیشدا پەیوەندییە دارایی و ئەمنییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بپارێزێت.
لەلایەكی دیكەوە سعودیە باش دەزانێت ئەو رۆڵەی چین لە ململانێی سعودیە _ ئێراندا دەیگێڕێت تەنها لە بەرژەوەندیی خۆیدایە و ریاز قەناعەتی بەوە نییە پەكین لە داهاتوودا دەستبەرداری پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ببێت لە بەرژەوەندیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیەدا.

هاوكارییەكانی روسیا و چین بۆ گەیشتنی سعودیە بە گروپی بریكس
روسیا و چین پێشوازییان لە سعودیە كردووە بۆ گەیشتنی بە گروپی «بریكس» كە لە هەریەكێك لە وڵاتانی (بەرازیل، روسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا) پێكدێت، ئەم گروپە ئامانجی دامەزراندنی ئابوورییەكی بەهێزە بۆ هەموو جیهان بە مەرجێك وڵاتانی خۆرئاوا نەبنە چەقی ئابوورییەكە.
ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی روسیاش لە پلینۆمی یانەی ڤاڵدای نێودەوڵەتی، كە لە رۆژانی رابردوودا بەسترا، رایگەیاند: روسیا پشتیوانی لە پەیوەستبوونی سعودیە بۆ گروپی بریكس دەكات، بەڵام ئەم پشتیوانییە تەنها بە روسیا ناكرێت و پێویستە تەواوی وڵاتانی بریكس پشتیوانی ئەم هەوڵە بكەن.
سەرچاوە: ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان