نزیكوبوونەوەی مۆندیالی 2022 و ئامانجەكانی قەتەر

11:25 - 2022-10-31
وەرزش
661 جار خوێندراوەتەوە
#یەکێک لە یاریگاکانی قەتەر - 2022

ئا: یادگار ساڵح

سات لەدوای سات لەدەستپێكردنی مۆندیاڵێكی جیاواز و ناوازە نزیك دەبینەوە کە مۆندیالی قەتەر -  2022 –ە، ئەم مۆندیالە چەند هۆكار و تایبەتمەندیەك وای لێدەكات ببێتە مۆندیالێكی جیاواز لە سەرجەم مۆندیالەكانی پێشوو.
سەرەرای ئەوەی هەر لەدوای راگەیاندنی براوەی رێكخەری مۆندیالی 2022 لەلایەن یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ- ەوە، کە ئەركی رێكخستی بە قەتەر درا، هەر زوو نارەزایەتی چەندین وڵاتی زلهێز و دیاری ئەوروپا و ئەمریكای لێکەوتەوە، چونكە ئەوان پێیان وابوو قەتەر بەبەرتیل بەخشین و پارە دانێكی زۆر بە بەرپرسانی فیفا و وڵاتان و یەكێتیی كیشوەرەكان، لەم پێشبڕکێیەدا سەرکەوتوو بووەو رێکخستنی ئەو مۆندیالەی بردەوە.

گۆڕانكارییەكی چاوەڕواننەكراو
دوای بردنەوە و راگەیاندنی براوەی رێكخەری مۆندیال، گۆرانكاری و تۆمەتباركردنی بەرپرسانی تۆپی پێ بەوەرگرتنی بەرتیل دەستیپێكرد، بەڵام هیچ كاریگەرییەكی لەسەر مۆندیال دروست نەكردو قەتەر وەك چۆن لەسەرتاوە بەڵێنی رێكخستنی مۆندیالێكی ناوەزایدا، لەجێبەجێكردنیشیدا سەركەوتوو بوو، ئەمەش فیفای ناچاركرد گۆرانكاری لەپلان و شێوازی رێكخستنی مۆندیالدا بكات، بەتایبەت بۆ یەكەمجارە دەستپێكردنی بخرێتە وەرزی زستان و لەمانگی نۆڤەمبەردا دەستپێبكات، ئەمەش بۆتە كێشەیەكی راستەقینە بۆ خولی ناوخۆیی وڵاتە سەركەوتووەكان بۆ دوا یارییەكانی مۆندیال، هۆكارەكەشی بەرزی پلەی گەرمای قەتەرە لە وەرزی هاویندا كە لەرووی تەندرووستییەوە ناتوانرێت لەو وەرزەدا یاریی بكرێت.
ئەمە بەگۆرانكارییەكی چاوەڕواننەكراو دادەندرێت لەمێژووی یارییەكانی مۆندیالدا، هەرچەندە سەرجەم یاریگاكان بەشێوازێك درووستكراون كە ئامێری فێنكکەرەوەی تێدا جێگیركراوە و بەشێوەیەكی بەرچاو پلەی گەرمی لەنێو گۆرەپانی یاریگا دابەزێندراوە، بەڵام پسپۆرانی تەندروستی وای دەبینن بەرێوەچوونی مۆندیال لەوەرزی هاوین و لەوڵاتی قەتەر مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی هاندەران و تەنانەت یاریزانانیش درووست دەكات.

مۆندیالی ریکۆردەکان
مۆندیالی قەتەر بەر لەدەستپێكردنی بوو بە خاوەن چەند ریکۆردێکی تایبەت بە خۆی، وەك ئەوەی یەكەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ببێتە رێكخەری مۆندیال، هەروەها بۆ یەكەمجارە دووری یاریگاكان بەجۆرێك بێت هاندەران بتوانن لەیەك رۆژدا لەنێو دوو یاریگادا ئامادە بن، لەلایكی ترەوە بودجەی ئامادەكاریی  و درووستكردن و بینیاتنانی یاریگا و رێكخستنی مۆندیال گەیشتۆتە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار كە تا ئێستا لەمێژوی هیچ مۆندیالێك ئەو برە پارەیە خەرج نەكراوە.
هاندەر و رۆژنامەنوس و راگەیاندكاران دەتوانن لەیەك رۆژدا بینەری زیاتر لەیەك یاری بن، دوورترین ماوەی نێوان یاریگاكان تەنیا یەك سەعاتە.

یارییەكانی مۆندیال لە هەشت یاریگا بەرێوەدەچن
*یاریگای نێودەوڵەتی خەلیفە، ساڵی 2017 نۆژەنكراوەتەوە، هەشت یاری لەخۆدەگرێت، دیارترین یاریی یاریی دیاریكردنی هەڵبژاردەی خاوەن پلەی سێیەمە و جێگەی 40 هەزار هاندەری تیا دەبێتەوە.
*یاریگای باشوور: ساڵی 2019 تەواو کراوە، لەشاری وەكرەیە و 18 كیلۆمەتر لە دۆحەی پایتەختەوە دوورە، جێگەی 40 هەزار هاندەری تیا دەبێتەوەو بەشێكە لەكۆمەڵگایەكی وەرزشی.
*یاریگای شاری فێركاری: بەیاریگای گەوهەری بیابان ناسراوە، لە مانگی 6 ی ئەمساڵەوە ئامادەیە بۆ یاریكردن و لەنێو زانكۆكانی قەتەردا درووستكراوەو 40 هەزار هاندەر دەتوانن لەنێو یاریگادا ئامادەبن، یاری قۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16 و قۆناغی چارەكی كۆتایی تێدا دەكرێت.
*یاریگای لۆسێل:درووستكردنی ئەو یاریگایە بوە بە بەشێك لەپێشکەوتن و گەشەپێدانی شاری لۆسێل كە یەكێكە لەیاریگا گەورەكان و جێگەی 80 هەزار هاندەر دەبێتەوە، ئاهەنگ و یاری كۆتایی مۆندیالی تێدا بەرێوەدەچێت، سەرەرای ئەوە یاری قۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16 و قۆناغەكانی چارەكی كۆتایی و پێش كۆتایشی تێدا بەرێوەدەچێت.
یاریگای سەمامە: جێگەی 40 هەزار هاندەری تیا دەبێتەوەو یارییەكانی قۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16 و چارەكی كۆتایی تێدا بەرێوەدەچێت، بەشێوەیەكی ئەندازیاری زۆر جوان و سەرنجڕاكێش دروستكراوە، 
*یاریگای 974: ئەو یاریگایە لەسەرجەم یاریگاكانی تری مۆندیال و جیهانیش جیاوازتر دورستكراوە، چونکە لەكۆنتێنەری گواستنەوەی پێدوایستییەكان درووستكراوەو جێگەی 40 هاندەر دەبێتەوە، یاریگاکە لە 974 كۆنتێنەر دروستكراوە، حەوت یاری تێدا بەرێوەدەچێت لەقۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16، بریاریشە دوای كۆتاییهاتنی مۆندیال یاریگاكە هەڵبوەشێندرێتەوە.
*یاریگای ئەلبەیت: لەسەر شێوەی خێوەت دروستكراوە، 60 هەزار هاندەر دەتوانن لەم یاریگایە ئامادەبن، ئەو یاریگایە وەك پیشاندانی كلتور و لەشێوازی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی قەتەر لە رابردوودا درووستكراوە، یاریی دەستپێكی مۆندیالی تێدا بەرێوەدەچێت لەگەڵ ركابەرییەكانی قۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16.
*یاریگای ئەحمەد بن عەلی: لەشاری رەیان درووستكراوەو جێگەی 40 هەزار هاندەری لێدەبێتەوە، یاریی قۆناغی گروپەكان و قۆناغی 16ی تێدابەرێوەدەچێت.

تێچوویەكی زۆر و گەشەیەكی ئابووری دیار
هەر لەدرێژەی خستنەڕووی جیاكارییەكانی مۆندیالی قەتەر، بوونی كەشێكی گونجا وە لەو وڵاتە، كاتی ئەنجامدانی یارییەكان پلەی گەرمای شارەكانی قەتەر لەنێوان 15 بۆ 24 پلەدا دەبێت، سەرەڕای ئەوەی رێكخەرانی مۆندیال بۆ رێكخستنی مۆندیال ماوەیەكی زۆرە لەپێگەو پەڕەی رەسمی و راگەیاندنی تایبەتیان داوای خۆبەخش و كارمەند و چاودێر دەكەن لەسەرجەم وڵاتانی جیهان بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕیان، بۆیە لە رۆژانی مۆندیالدا پشتیان بەهاوڵاتیانی 50 نەتەوەی جیاواز بەستووە تا ببنە رێبەری ئامادەبوونی هاندەران.

چەند ریکۆردێکی جیاوازی ئەم مۆندیالە
*قەتەر بڕی 220 ملیار دۆلاری لەبنیاتنان و دروستكردنی یاریگاو رێكخستنی مۆندیالدا خەرجكردووە لە ماوەی 11 ساڵدا.
*تێچووی درووستكردنی یاریگاكان بۆ مۆندیال 7 ملیار دۆلارە.
*پێشبینی دەكرێت زیاتر لەیەك ملیۆن و 500 هەزار هاندەر بۆ بینی یارییەكانی مۆندیال سەردانی قەتەر بكە.
*رێكخستنی مۆندیال بۆ قەتەر سودێكی زۆری دەبێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی بلومبێرگ و بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی ئەوە دەكەن قازانجی رێكخستنی مۆندیال دەیان ملیار دۆلار بێت، لەهەمان كاتدا گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە بەرێژەی %4.4 بەرز بۆتەوە، هەروەها پێشبینی ئەوە دەكرێت لەدوای مۆندیال و ساڵانە شەش ملیۆن كەس سەردانی قەتەر بكەن.
*سەرەرای بەردەوامی فرۆشتنی بلیتی یارییەكان، رێكخەرانی مۆندیال ناوی هاندەرانی ئەو وڵاتانەیان بڵاوكردۆتەوە کە زۆرترین بلیتیان كڕیوە، قەتەری رێكخەر پێشەنگە بەكرینی زیاتر لە 900 هەزار بلیت، ئەمریكا بە زیاتر لە 146 هەزار بلیت پلەی دووەمی گرتووە، پلەی سێیەمیش بە زیاتر لە 123 هەزار بلیت سعودیە یە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان