باران، منداڵێکی داھێنەر

09:27 - 2022-11-01
ڕاپۆرت
442 جار خوێندراوەتەوە
باران داهێنەرانە توانی ئەنجامی 138 ئای کیو تێست بەدەستبخات

راپۆرتی/ جێگر خدر

تەمەنی شەش ساڵە، پشدەری باوکی وەک هەر منداڵێکی ئاسایی دەیباتە بەر خوێندن و ناوی لە یەکێک لە قوتابخانە ئەهلییەکانی رانیە تۆمار دەکات، مامۆستایانی قوتابخانەکە هەڵسەنگاندنی پێشوەختە بۆ هەموو فێرخوازەکانیان دەکەن، بەڵام هەڵسەنگاندنی باران پشدەر تووشی سەرسوڕمانیان دەکات.
«کاتێک پرسیارەکانم رووبەرووی دەکردەوە، جیاواز لە هەر منداڵێکی هاوتەمەنی خۆی وەڵامم وەردەگرتەوە، منداڵێک کە هێشتا نەیخوێندووە، چۆن بە زمانێکی وا پاراو، بە کوردی و بە ئینگلیزی لە بارەی شتگەلێک قسە دەکات، کە زۆرێک لە مرۆڤە کامڵ و تێگەیشتووەکان لێی بێئاگان و لەبارەیەوە نازانن!» مامۆستای هەڵسەنگێنەری باران ئەمەی وت، وتیشی: پێشنیارم بۆ باوکی کرد، باران بباتە شوێنێک، کە تاقیکردنەوەی ئاستی ژیریی لێدەکرێت و بۆ خۆیشی و بۆ ئێمەش دەرکەوێ، ئەو شتە ئاسایی و نائاساییانە چین کە لە باراندا هەن».

ئاستێکی سەرسوڕهێنەر!
پشدەر باوکی بارانە، ئەو پێشنیارەی مامۆستاکەی جێبەجێ دەکات، باران دەباتە سەنتەرێکی دەروونی، تا تاقیکردنەوەی ئاستی ژیریی بۆ بکەن. زانا جەبار ئەو پسپۆڕە دەروونیەیە کە ماوەی 14ساڵە چەندان تاقیکردنەوەی ئاستی ژیریی بۆ منداڵ و تازەپێگەیشتووان کردووە، ئەو دەڵێت، بارانیان هێناو تاقیکردنەوەی ئای کیو IQ یاخود تاقیکردنەوەی رێژەی زیرەکیمان بۆ کرد، ئەو تاقیکردنەوەیە بریتیە؛ لە کۆمەڵێک پرسیار بە وەڵامدانەوەیان دەکرێ رێژەی زیرەکی کەسەکان بەشێوەیەکی نزیکەیی دیاری بکرێت، یەکێکە لە تاقیکارییەکان بۆ پێوانەکردنی توانای مرۆڤ لە شیکارکردن و بیرکردنەوەی لۆژیکی، ئای کیو پشت دەبەستێ بە توانای کەسەکە لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی شیکارییانە و بچوککردنەوەی کێشەکان و پاشان چارەسەرکردنیان، لە کوردستان و لە ناوچەکە و جیهانیش بە هەمان ستاندارد دەکرێت.
وتیشی: پێوانەی ئای کیو تێست لە ژمارە سفرەوە دەستپێدەکات تاوەکو ژمارە 160، بەپێی ئەو پرسیارە زانستییانەی بۆ هەڵسەنگاندنی باران کردم، باران داهێنەرانە توانی ئەنجامی 138 بەدەستبخات، ستانداردی تاقیکردنەوەکەش ئەو ئەنجامە بە داهێنەر دەناسێنێت»، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوە لە دنیادا ئاستێکی دەگمەنە و ژمارەی ئەو کەسانە کەمن، دەکرێ سوود لە توانایان وەربگیرێت و بۆ داهاتوو ببنە کەسانی بلیمەت.

گەردوونناسی بواری دڵخوازی بارانە
ژیریی باران، بە تەنها لە بوارێکدا نییە، ئەو زمانزانێکی زۆر باشە، حەزی لە بیرکاری و بابەتی ژمارەییە، بە ئاسانی کۆکردنە و لێکدان بۆ ژمارەی گەورە دەکات، ورد رۆچۆتە نێو دنیای زانستەوە، حەزێکی زۆری بۆ بواری گەردوونناسی هەیە، لە سەر وێبسایتەکانی ئینتەرنێت گەڕانی بەردەوام بۆ بواری لەپێشینە و دڵخوازی خۆی دەکات، زانیاری سەرەتایی بۆ هەندێک و قووڵیشی بۆ زۆرێک لە بابەتە گەردوونییەکان هەیە.
پشدەری باوکی دەڵێت، زمانی بەباشی وەگۆ نەکەوتبوو، کە ناوی هەسارەکان و کۆمەڵێک شتی گەردوونیی دەزانی. کاتێک لە خۆیشی دەپرسی دەتەوێ لە داهاتوو ببی بە چی؟ وەڵامی ئەو، هەر بوارە گەردوونییەکەیە و دەشیەوێت لە رێکخراوی ناسا کار بکات. باوکی هەر زوو بەدەم داواکانییەوە بووە، ئەوەی ویستوویەتی خستوویەتییە بەردەستی، «بەڵام نە من و نە دایکی شارەزایی زانستیی و گەردوونییمان نەبووە و حەزێکی ئەوتۆشمان لێی نەبووە، باران خۆی بەدوایدا گەڕاوە و بەتەنها داوای کتێب و ئینتەرنێتی لە ئێمە کردووە، جار جارە دەیەوێت ئەوەی فێری بووە بە ئێمەشی بڵێت، شتگەلێک دەڵێت کە ئێمە لێی بێئاگا بووین» باوکی وادەڵێت.
پسپۆڕە دەروونییەکە لە بارەی تێستەکەیەوە زیاتر دەڵێت: ئەگەرچی ئەنجامی ئەو تێستە بە نزیکەییە و دەکرێ چەند خاڵێک زیاد و کەم بکات لەکاتی کردنی تێستێکی دیکە، بەڵام ئەوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە کە باران منداڵێکی داهێنەرە، دەکرێ لەو بوارەی خۆی حەزی لێیەتی داهێنان بکات، زاناکانی مێژووش لە نموونەی ئەنشتاین، هەر مرۆڤێکی بەهرەدار بووە و لە ئەنجامدا ئەو کەسەی لێ دروست بووە، دەکرێ باران لە بوارێکی دیکەدا ئەو بەهرەیەی هەبێت، بەڵام رەخساندنی دەرفەت بۆی ئەوە ئەرکی خێزان، کۆمەڵ و حکومەتە، لاکردنەوە لەو کەسانە دەکرێ بە شێوازی خۆی بێت، سیستمێکی جیاوازتریان بۆ بخرێتە کار لە ناوەندەکانی خوێندن».

دەبێت بخرێتە خوێندنی تایبەت
ئەگەرچی باران لەلایەن قوتابخانەکەیەوە بەڵێنی ئەوەی پێدراوە؛ بێ بەرامبەر هەموو ئاستەکانی خوێندن ببڕێت، بەڵام زانا جەبار دەڵێت: ئەم جۆرە منداڵانە دەبێ بخرێنە خوێندنی تایبەتییەوە، چونکە توانا و ئاستی ئەو لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی، کە لە یەک پۆلدان زۆر جیاوازە و رەنگە ئەو ئامانجەی، زانست، خێزانەکەی و ئێمەش مەبەستمانە نەیپێکێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان