ئەمساڵ فێستیڤاڵی هەنار داهاتێکی باشی هەبوو

09:35 - 2022-11-02
ڕاپۆرت
441 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی 

هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن، تا ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە زیاد بن، گەشەی ئابووریش زیاد دەكات و ئاڵوگۆڕی بازاڕ گەرمتر دەبێت. 
فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، بە چاودێری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەڵەبجە و تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تیایدا بە دەیان تۆن هەنار و هەروەها كاری دەستی و خواردنە پایزەییەكان نمایشكرابوون، لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لە ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عیراقەوە  و هەروەها لە وڵاتانیشەوە خەڵكی سەردانی فێستیڤاڵەكەیان كردووە.
فێستیڤاڵەکە، ماوەی 3 رۆژ بەردەوام بوو، خاوەن باخەكانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بەتایبەت بەرهەمەكانی هەناریان نمایش كردبوو، لە ماوەی ئەو سێ‌ رۆژەدا زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەكەیان کرد، بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ ئەو فێستیڤاڵە زیار بوو.
هەر بە وتەی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە، داهاتی ئەو فێستیڤاڵە 950 ملیۆن دینار بووە، ئەو داهاتەش لەچاو ساڵانی رابردوو زیادی كردووە.

بەرهەمەكانیان باشتر فرۆشراوە
جووتیاران و خاوەنكارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەمساڵ لەو فێستیڤاڵەدا بەرهەمەكانیان باشتر فرۆشراوە و پێویستە حكومەتی هەرێم زیاتر و باشتر گرنگی بە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بدات.
ئەرەسەلان عابید، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، رایگەیاند، ئێمە وەك تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە بە چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ماوەی 8  ساڵە فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە سازدەکەین، ساڵ بەساڵیش گرنگی زیاتری پێدەدرێت و فراوانتر دەبێت.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ توانیمان زۆرترین بڕی هەنار بەشداری پێ بكەین، داوامان لە خاوەن باخە هەنارەكانی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان كردووە بەشداری بكەن، بۆیە زیاتر لە 200 خاوەن باخی هەنار بەشداری كردووە و هەروەها بە دەیان تۆن هەنار نمایشكراوە ئەوە جگە لەوەی خواردنە خۆماڵییەكان و پایزەییەكان نمایشكراون، لەگەڵ ئەوەش ژمارەیەك كاری دەستی خانمانی هەڵەبجەو شارەزوور و هەورامان بەشداریان كردووە.

گەشتیارێکی زۆر 
ئەرسەلان عابید ئەوەشی وت، لەماوەی ئەو سێ‌ رۆژەی فێستیڤاڵ زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەكەیان كردووە كە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عیراق و وڵاتانی دەرەوە گەشتیار رووی لە فێستیڤاڵەكە كردووە، بۆیە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو هاتنی گەشتیار بۆ فێستیڤاڵەكە زیادیكردووە .
راشیگەیاند، داهاتی فێستیڤاڵی ئەم ساڵ 950 ملیۆن دینار بووە، ئەم بڕەش لەچاو فێستیڤاڵەكانی ساڵانی رابردوو زیادیكردووە، جووتیاران و خاوەن باخەكانی هەنار،  بڕێكی زۆر باشی هەناریان فرۆشتووە هەرچەندە ئەم ساڵ بەرهەمی هەنار كەم بووە .
ئەرسەلان عابید ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە هەوڵدا دەبین بۆ ساڵانی داهاتوو فێستیڤاڵەكە فراوانتر بكەین و زۆرترین جووتیار و خاوەن باخ بەشداری پێ بكەین، هەروەها لە پلانماندایە لە ساڵانی ئایندە هەنار بەشداری زیاتری پێبكرێت لە بەرهەمەكانی تر .
كازم حەمە ئەمین، خاوەنی باخی هەنارە لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەو بە 3 تۆن هەنار بەشداری فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجەی كردبوو، وتی، لە ماوەی ئەو سێ‌ رۆژەی فێستیڤاڵی هەنار لەهەڵەبجە توانیم زیاتر لە 2 تۆن هەنار بفرۆشم لەكاتێكدا ساڵی پار بەهۆی ئەوەی هەنار زۆر بوو 5 تۆن هەنارم برد، تەنها 2 تۆن هەنارم فرۆشتووە، بەڵام ئەمساڵ 3 تۆن هەنارم بردە فێستیڤاڵەكە، خۆشبەختانە زیاتر لە 2 تۆن هەنارم فرۆشت، وتیشی، ئەم ساڵ ئەو فێستیڤاڵە زۆر قەرەباڵغ بووە و گەشتیارانێكی زۆر سەردانی ئەوانی كردووە، بەتایبەت هەناری هەڵەبجەیان كڕیوە.
هیواشی خواست ساڵانی داهاتوو ئەم فێستیڤاڵە زیاتر و باشتر سازبکرێت، چونكە تاكە كارە بتوانرێت جووتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمەكانیانی  تێدا ساغبكەنەوە.

گەشەی ئابووری زیاد دەكات
نیار سامان شارەزای ئابووری لەبارەی گرنگی فێستیڤاڵی هەنارەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە راگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە ئەم فێستیڤاڵە لە هەڵەبجەدا دەکرێت، ئەوەش وایكردووە ئەو پارێزگایە گەشەیەكی ئابووری زیاتر بە خۆیەوە ببینێت بەتایبەت لە وەرزی پایزدا و لەكاتی پێگەیشتنی هەناردا كە ئەوەش گرنگە بۆ ئەو پارێزگایە، چونكە ئەو فێستیڤاڵە كڕین و فرۆشتنی راستەوخۆیە فرۆشیار راستەوخۆ بەرهەمەكەی بە كڕیار دەفرۆشێت.
وتیشی، هەتاكو ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە زیاد بن ئەوا گەشەی ئابووریش زیاد دەكات و ئاڵوگۆری بازاڕ گەرمتر دەبێت، پێویستە ئەم فێستیڤاڵانە لە ڕووی راگەیاندنەوە گرنگی زیاتری پێ بدرێت تاوەكو زۆرترین هاووڵاتی و گەشتیار سەردانی ئەم پارێزگایە بكەن  ئاڵوگۆڕی شمەك بە پارە رووبدات.

 زیاتر لە 250 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەكەیان کرد

بابەتە پەیوەندیدارەکان