له توركییه‌وه: فه‌رهاد چۆمانی
زۆرجار تێگه‌یشتن جۆرێكه له چالاكی. به‌م مانایه، هه‌ریه‌كه له ئیما بۆڤاری و ئانا كارنیناش له مێژووی ئه‌ده‌بدا دوو شاكارن.
له دنیای ئه‌ده‌بدا دوو رۆمان: مه‌دام بۆڤاری فلۆبێر و ئانا كارنینای تۆڵستۆی، دوو رۆمانی كلاسیكین كه چیرۆكی "تاوان"ی سێكسی ژن ده‌گێڕنه‌وه. له ساڵی 1857، كه مه‌دام بۆڤاری تێیدا نووسرا و ساڵی 1873 كه ئانا كارنینای تێدا ته‌واوكراوه، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ناپاكییه وه‌كو كتێبێك بڵاوببێته‌وه، له تاوانه قبووڵ نه‌كراوه‌كان بوو. فلۆبێر دوای ئه‌و رۆمانه له فه‌ره‌نسا دادگایی كرا. تۆڵستۆی به‌هۆی ئانا كارنیناوه دادگایی نه‌كرا، چونكه گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێنده‌ی گێڕانه‌وه‌ی فلۆبێر هه‌ڵوه‌سته نه‌بوو له‌سه‌ر خوو و ئاره‌زووی ژنێك بۆ ناپاكی. داستانی چیرۆكێكی گه‌وره‌ی خۆشه‌ویستی بوو. جگه له‌وه‌ی ئانا كارنینا په‌یكه‌رێكه له جوانی، هاوكات وێنای شكۆ و ئاكاریشه، تۆڵستۆی وه‌ك باوكی ئه‌ده‌بی روسی شكۆمه‌ندی پێداوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی له چاوی روسه‌كانه‌وه مایه‌ی گومان بێت، باشه چۆن هه‌موو ئه‌مانه پێكهاتن؟
حه‌قیقه‌تی نێو رۆمان، هه‌رگیز ناتوانێت حه‌قیقه‌تی ژیان بكاته تێمه‌ی ئه‌ده‌بی
من ئه‌و ژنه‌م ئه‌گه‌ر من ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رووئاسایی یۆتۆپیایه‌ك، یاخود وڵاتێك كه دیموكراته بوومایه و هه‌رچی له ده‌مم ده‌هاته ده‌ره‌وه وه‌ك یاسا دابنرایه. ئه‌وه واژۆم له‌سه‌ر گرێبه‌ستی هاوسه‌ریی ئه‌و كیژانه نه‌ده‌كرد كه مه‌دام بۆڤاری فلۆبێر و ئانا كارنینای تۆڵستۆیان نه‌خوێندۆته‌وه. له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا هیچ رۆمانێكی دیكه هاوشێوه‌یان نین كه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی مرۆڤ له ژیانی واقیعیدا به‌ره‌وڕووی ده‌بێته‌وه وه‌كو خۆی بیگوازێته‌وه نێو ده‌ق. حه‌قیقه‌تی نێو رۆمان، هه‌رگیز ناتوانێت حه‌قیقه‌تی ژیان بكاته تێمه‌ی ئه‌ده‌بی، تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی ژیان نه‌چه‌مێنێته‌وه و تێكنه‌شكێنێت و نه‌یخاته نێو چوارچێوه خه‌یاڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه. به‌وهۆیه‌وه رۆمان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكات خه‌ریكه حه‌قیقه‌تێك به‌یان ده‌كات، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات واقیعی خه‌یاڵی به‌زیندوویی بهێڵێته‌وه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كه ئه‌وه نییه واقیعی ژیانێك وه‌كو خۆی خرابێته نێو ده‌قێكه‌وه، بۆیه هیچ كه‌سێك ناتوانێت لێپیچینه‌وه له‌مه بكات. له فه‌ره‌نسای 1857دا نه‌ده‌بوو ئه‌و یاسایه هێنده گرنگ بێت كه فلۆبێری ته‌مه‌ن 35 ساڵی پێ دادگایی بكرێت. دادوه‌ری دۆسێكه له فلۆبێر ده‌پرسێت ئه‌و مه‌دام بۆڤارییه له ژیانی راسته‌قینه‌دا كێیه، كه دكتۆر چارلسی مێردی ئه‌و هه‌موو ئیمكانییه‌ته باشه‌ی به‌گوێره‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی خستبووه به‌رده‌ستی و هێشتا ره‌زامه‌ند نه‌بووه و له‌گه‌ڵ پیاوی تر ناپاكی كرد؟ فلۆبێر ئاوڕی له ئاماده‌بوان دایه‌وه: "من مه‌دام بۆڤاریم" وای گوت. به‌مه‌ش هێڵێكی له نێوان حه‌قیقه‌تی رۆمان و واقیعیه‌تی ژیاندا كێشا.
بووه‌ته چه‌مكێكی پزیشكی
مه‌زنی مه‌دام بۆڤاری له دادگاییه مێژووییه‌كه‌ی فلۆبێره‌وه نایه‌ت. ئه‌گه‌ر لیستێك له‌باره‌ی دادگاییه‌كانی مێژووه‌وه بكرێت كارمان ئاسانه: هه‌ر هێنده به‌سه كه دوو تراژیدی بخه‌ینه‌ڕوو: له‌به‌رئه‌وه‌ی 2500 ساڵ به‌رله ئێستا سوكرات گوتی دنیا خڕه و تاكه یه‌ك ئافرێنه‌ر هه‌یه و پیویست ده‌كات مرۆڤه‌كان به‌فه‌زیله‌ته‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن، به‌و هۆیه‌وه به تاوانی "به‌لاڕێدابردنی گه‌نجان" سزای مه‌رگی به‌سه‌ردا سه‌پا. هه‌روه‌ها گالیلۆ كه گوتی دنیا ده‌خوولێته‌وه و له ئه‌نگیزاسیۆندا دادگایی كرا ئه‌گه‌رچی هێشتا سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ده‌خوولێته‌وه."
فلۆبێریش له‌پاڵ ئه‌وه‌دا به‌رگریی له حه‌قیقه‌تی رۆمان ده‌كات و ده‌یخاته چوارچێوه‌ی تۆماری فه‌رمییه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌وره‌یی و گرنگی مه‌دام بۆڤاری له‌و خه‌م و ئازاره ژێر به ژێره‌وه‌یه كه له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا دركی پێده‌كرێت. رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا رووده‌ده‌ن و ئیما بۆڤاری به‌كاریگه‌ری ئه‌و رۆمانه دڵدارییانه‌ی خوێندوونه‌تییه‌وه (له‌م ره‌هه‌نده‌شییه‌وه ئاماژه‌یه‌ك بۆ رۆمانه پاڵه‌وان زاده‌ییه‌كان ده‌نێرێت، كه دۆن كیخۆته سه‌ره‌تا رۆمانه پاڵه‌وان زاده‌كان ده‌خوێنێته‌وه و دواتر خۆی لێ ده‌بێته پاڵه‌وان و هێرش ده‌باته سه‌ر ئاشه باكان) تێمه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی "تێرنه‌بوون"ه كه له ئه‌ده‌بیاتی پزیشكیدا وه‌ك "سیندرۆمی مه‌دام بۆڤاری ناوده‌نرێت. ئیما كه به‌رگه‌ی ئه‌وه ناگرێت چارلسی مێردی، كه پزیشكه، له جیاتی ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ژنانی دیكه‌ی پاریسی به‌ده‌سته‌ودیارییه‌وه بێت بۆی به‌هۆی سه‌رڕاستی و ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات به‌رده‌وام مێردێكی شه‌كه‌ت و ماندووه. له‌و ساڵانه‌دا كه جیابوونه‌وه هێشتا نه‌چووه‌ته نێو به‌ده‌ستهێنانی پاره به رێگه‌ی یاساوه، چاره‌سه‌ره‌كه له ناپاكی له هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌بینێته‌وه. ئیمای شۆخوشه‌نگ ئه‌م دیارییه‌ی خودا (یاخود تاقیكردنه‌وه) بۆ له‌خشته‌بردنی پیاوان به‌كارده‌هێنێت. دواتر ده‌چێته باخه‌ڵی رۆدۆڵفه‌وه. دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند كه‌سێكی تر.
ئیما یاخود ئانا
ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌وه‌شه‌وه نه‌بم به ئاشكراكردنی كۆتایی كتێبێكی 167 ساڵه چێژه‌كه‌ی بكوژم و به‌دوای هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی بچووكه‌وه بم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانم ئه‌وه نه‌ڵێم كه فلۆبێر له كۆتاییدا ئیما بۆڤاری دووچاری په‌تایه‌كی گوێزراوه‌ی ده‌كات و به مه‌رگێكی پڕ ئازار مه‌حكومی ده‌كات. چۆنه ده‌توانرێت به‌بێ ره‌چاوكردنی جیاوازیی چاخه‌كان، لای ئه‌و كه‌سانه‌ی ماجه‌راكانی ئیما ده‌خوێننه‌وه و به‌هۆی "ره‌فتاره‌كانیی"ه‌وه له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه سزای دراوه، هێشتا یه‌كێك بێت له ریزی یه‌كێك له گرنگترین رۆمانه كلاسیكه‌كانی جیهان؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چۆن توانی وێڕای شاكاره‌كه‌ی تۆڵستۆی، ئانا كارنینا به‌ده‌ستبهێنێت كه له ساڵی 1873دا بڵاوكرایه‌وه؟ وێڕای ئه‌وه‌ی فلۆبێر له مه‌دام بۆڤاریدا به باشترین شێوه‌ی توانیویه‌تی جێی واقیع له‌نێو راستینه‌ی رۆمان‌دا بكاته‌وه، به ژنان ده‌ڵێت: "به هه‌ستی ناپاكی ده‌له‌رزن و وه‌ك ئه‌وه وایه دنیا له‌ژێر پێتان بخزێت، به‌ڵام هه‌ر زووش ئه‌و ئازاره بێبڕانه‌وانه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه واتان لێ بكات بڵێن خۆزگه هه‌ر نه‌ده‌هاتمه سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه".
هه‌رچی ئانا كارنینایه، چیرۆكی ئانا هاوسه‌ره شۆخوشه‌نگه بیست ساڵانه‌كه‌ی ئه‌لێكسی، فه‌رمانبه‌ری باڵای ده‌وڵه‌ت و ئه‌فسه‌ری بێ‌باك و به‌دخوو ڤرۆنسكییه، كه كۆتاییه‌كه‌ی به‌خۆخستنه ژێر قیتاری ئانا كارنینا دێت. له مه‌دام بۆڤاریدا، كه له ساڵی 1857 دا بڵاوبووه‌وه له‌كاتی نانخواردندا ئیما ددانه‌كانی مێرده‌كه‌ی به ناشیرین دێنه به‌رچاو و بێ‌زیان لێ ده‌كاته‌وه. ئاناش دوای 17 ساڵ له چیرۆكه‌كه‌ی ئیما رقی له‌و بۆنه ده‌بێته‌وه كه ئه‌لێكسی مێردی دوای ته‌راشكردنی قژی له‌خۆی ده‌دات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان بپچڕێت. له‌كاتێكدا كه ئیما به‌خه‌وه‌نوچكه‌ی چارلسی مێردی له‌سه‌ر كورسی چاره‌سه‌ركردنی دێهاتییه‌كان ده‌هری ده‌بێت، هه‌رچی ئانایه به‌رگه‌ی بێبه‌زه‌یی بوونی ئالێكسی نه‌گرت كه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڤرۆنسكی ده‌یزانی و رێگه‌ی نه‌ده‌دا بچێت چاوی پێ بكه‌وێت. له‌كاتێكدا كه ئیما بۆ چێژی سێكسی له مێرده‌كه‌یدا به‌دوای تروسكاییه‌كدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌رچی ئانایه بیری له قژی ڤرۆنسكی ده‌كرده‌وه و هه‌ر سه‌یری ده‌موچاوی ئالێسكی مێردی نه‌كرد. له‌كاتێكدا كه ئیما له‌پێناوی سێكسی به‌ئازاردا بۆ رۆدۆڵفدا هێنده به‌جه‌رگ بووبوو سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌كانی قه‌رزی واژۆكرد، ئاناش هێنده به‌خیل بوو كه داوا له ڤرۆنسكی بكات هه‌موو هه‌سته‌كانی به‌و ببه‌خشێت. كاتێك ئێما نه‌خۆشكه‌وت چارلسی مێردی بوو خۆی ته‌رخان كرد بۆ رزگاركردنی. هه‌رچی ئانا بوو له‌گه‌ڵ ئالێكسی مێردی ده‌ژیا، كه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ڤرۆنسكی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری براكه‌ی خۆی ده‌خه‌وێت شێتگیر بووبوو. ئیما عاشق نه‌بوو، پێی وابوو به‌خته‌وه‌ری ئه‌و ساته‌كانی كشانی ئه‌ستێره‌ن كه ده‌كه‌وێته نێوان ئاره‌زوو و رژان. هه‌رچی ئانایه حه‌زی له‌وه نه‌بوو جه‌سته وه‌ك به‌فر سپی، وه‌ك مه‌ڕمه‌ڕ بێخه‌وش و به‌شی ئه‌وه‌ی خواكان به‌خیلی پێ ببه‌ن جوانه‌كه‌ی ماچ بكرێت و له‌باوه‌ش بگیرێت، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی حه‌زی له خه‌یاڵه بۆ ئه‌مانه بوو. ئێما هێنده‌ی خۆری فه‌ره‌نسی گه‌رم بوو. هه‌رچی ئانایه هێنده‌ی كه‌شوهه‌وای سانت پێته‌رسبۆرگ سارد بوو. ئیما دڵ‌نشین بوو، ئانا سه‌نگین. ئێما منداڵی ده‌بوو، ئانا تێری ده‌كردن. ئێما بوێری ئه‌وه‌ی نه‌بوو باجه مانه‌وییه‌كه‌ی كرده‌وه‌كانی خۆی بدات، هه‌رچی ئانا بوو نه‌یتوانی به كرده‌وه‌كانییه‌وه درێژه به ژیانی بدات. به‌ڵام نه ئانا و نه ئیما جگه له ژیانی سۆزدارییان نه‌چوون ژیانی هیچ كه‌سێك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان وێران بكه‌ن و دواتر بێباكانه بڕۆن.
مه‌زنترین شۆڕش
ده‌شێ به‌راوردكردنی مه‌دام بۆڤاری و ئانا كارنینا له روانگه‌ی كاره‌كته‌ر و چیرۆكه‌وه به‌راورد بكه‌ین راهێنانێكی خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌و به‌راوردكارییه‌ی كه 150 ساڵه به‌رده‌وامه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئانا كارنینا ده‌ستی چووه‌ته گیانی خۆی به هه‌قی ده‌زانن و لاگیری ده‌كه‌ن، به‌ر له‌وه‌ی ناهه‌قی بێت به‌رانبه‌ر به ئه‌ده‌ب، ناهه‌قییه به‌رانبه‌ر به ژنان. هیچیش نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م ئه‌و كێشه‌یه‌ی دنیای ئه‌ده‌بیدا بنرێت. ئاسانترین شت ئه‌وه‌یه ژن دادگایی بكه‌یت و مه‌حكوم بكه‌یت. هه‌ریه‌كه له ئیما و ئانا هه‌ردووكیان له‌نێو راستینه‌ی ژیانی خۆیاندا له‌سه‌ر هه‌قن. مرۆڤ هه‌میشه تێگه‌یشتن به‌وه ناپێوێت كه باس له كێشه‌یه‌كی بكات تا بزانێت كه‌سی به‌رانبه‌ری تاچه‌ند بایه‌خی پێده‌دات. زۆربه‌یجار تێگه‌یشتن جۆرێكه له شۆڕش. هه‌ریه‌كه له ئیما بۆڤاری و ئانا كارنیناش به‌و مانایه گه‌وره‌ترین شۆڕشگێڕی مێژووی ئه‌ده‌بن.
له‌نێو حه‌قیقه‌تی رۆمان‌دا سه‌خته ئانا كارنینا یاخود ئیما بۆڤاری بیت. ئه‌مه له ژیانی واقعیدا سه‌ختتریشه. به‌ڵام له‌مانه‌ش سه‌ختتر ئه‌وه‌یه خاوه‌نی هه‌ستیاری ئیما و ئانا نه‌بیت.
سه‌رچاوه: oggito.com