ره‌زا به‌راهه‌نی
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
هۆشه‌نگی گوڵشیری (1938-2000) یه‌كێكه له چیرۆكنووس و رۆماننووسه داهێنه‌ره‌كانی نه‌وه‌ی دووه‌می چیرۆكنووس و رۆماننووسه‌كانی ئێران. خاوه‌نی چه‌ند رۆمان و ژماره‌یه‌كی زۆر كورته‌چیرۆك و چیرۆكی درێژی ئاست به‌رزی هونه‌رییه. كاریگه‌ییه‌كی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر نووسینی چیرۆك و رۆمانی فارسی و نووسه‌رانی لاوی ئه‌و بواره. هۆشه‌نگی گوڵشیری به‌وه ناسراوه كه دژی درێژدادڕیی ده‌قه. رۆمانی "شازاده ئیحتجاب" ی ئه‌م نووسه‌ره داهێنه‌ره كه نزیكه‌ی بیست جار چاپكراوه‌ته‌وه ناگاته سه‌د و بیست لاپه‌ڕه. ره‌زای به‌راهه‌نی (1935-2022) ش كه شاعیر و چیرۆكنووس و رۆماننووسه و هاوڕێی گوڵشیری بووه لێره‌دا باسی شێوازی نووسینی ده‌كات.
هۆشه‌نگی گوڵشیری ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی له رووی مانگ و ساڵه‌وه ئه‌وه‌نده درێژ نه‌بوو، به‌ڵام له رووی به‌رهه‌می رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییه‌وه پڕ به‌رهه‌م بووه و ته‌رخانكردنی زیاتر له دوو ده‌یه له ته‌مه‌نی پڕ به‌رهه‌می له پێناوی ئازادی راده‌ربڕینی بێقه‌ید و شه‌رتدا، كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئێران هه‌بووه و هه‌یه. بۆیه هه‌رگیز گه‌ردی فه‌رامۆشی له
روخساری نانیشێت.
له كاتی مردنیدا له‌و نووسینه كورته‌دا كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی له رێوڕه‌سمی ناشتنیدا ناردم بۆ ئێران، له چوار پێنج دێڕی سه‌ره‌تایدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه كرد مردنی گوڵشیری بێوێنه‌یه له نێوان سێ چوار بێوێنه‌ی ئه‌و زه‌مانه‌دا، زمان و داڕشتنی، له كورته‌چیرۆكدا له‌ناو نه‌وه‌كه‌ی خۆیدا له وێنه‌ی نییه. سادقی هیدایه‌ت و سادقی چوبه‌ك هاوشانی ئه‌ون، له‌وانه‌یه، ده‌ڵێم له‌وانه‌یه، به‌هرامی سادقی و غولامحسێنی ساعدیش هاوشانی بن.
له چیرۆكی درێژدا ئیشی جوانی كردووه. گوڵشیری ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی ئاوێته كردووه، هه‌م له كورته‌چیرۆكی درێژ و هه‌م له رۆمان جۆرێكی دیكه‌ی داهێناوه كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی رۆمانی "شازاده ئیحتجابه" به جۆرێكیش رۆمانی "آینه‌های دردار"، كه خاڵی مامناوه‌ندییه له نێوان چیرۆكی درێژ و رۆمان‌دا، له‌م نێوانه‌شدا ژانرێكی تری داهێناوه.
له‌م به‌رهه‌مانه و له چیرۆكه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانیدا، سه‌روكاریمان له‌گه‌ڵ نیگه‌رانی مرۆڤ و زماندا هه‌یه، هه‌روه‌ها رووبه‌ڕووی دوودڵی شه‌هیدبوون و بێگوناهی و دژه‌كانی ئه‌مانه و بابه‌تی تری له‌وجۆره ده‌بینه‌وه. به‌ڵام با ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌رچه‌نده نووسین و ئه‌ده‌ب ئیشی سه‌ره‌كی گوڵشیری بوو، له چه‌ند بوارێكی دیكه‌شدا ئیشی جدی كردووه، كه یه‌كێك له‌وانه ره‌خنه و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه چیرۆكنووسه لاوه‌كانی په‌روه‌رده كردووه، كه ئێستا ئه‌وانه به‌رهه‌می جدییان خستۆته ناو ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخی فارسییه‌وه. له‌لایه‌كی دیكشه‌وه رووبه‌ڕووی سانسۆر بۆته‌وه و داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی ئازادی نووسین و ئازادی راده‌ربڕین بووه.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ گرووپی پێنج كه‌سی بكه‌م كه بریتی بووین له (سیمین به‌هبه‌هانی، مه‌حمودی ده‌وڵه‌ت ئابادی، هۆشه‌نگی گوڵشیری، دكتۆر جه‌وادی مجابی و به‌نده) كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی "كانون" یه‌كێتیی نووسه‌رانه‌وه بۆ بوژاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نووسه‌رانی ئێران هه‌ڵبژێردرابووین. له‌و رۆژگاره‌دا چه‌ندان چاوپێكه‌وتنمان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه ناو زه‌لكاوی چاپه‌نی مانگانه‌ی ئه‌و رۆژانه‌وه چه‌ندین وتارمان نووسی و چاوپێكه‌وتنمان كرد و په‌یامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی ئێرانمان به هه‌موان گه‌یاند.
چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب ده‌بێت ئازاد بێت
هۆشه‌نگی گوڵشیری سه‌باره‌ت به رۆمان و بابه‌تی سانسۆر ئاوا رای خۆی ده‌ربڕی: "له روانگه‌ی منه‌وه چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب ده‌بێت ئازاد بێت، به‌پێی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی ئێستا ئیشیان پێده‌كرێت، ته‌نانه‌ت نا‌توانیت كتێبی كلاسیكی فارسیش چاپ بكه‌یت ... رۆمان و چیرۆك یانی ئازادی، یانی باوه‌ڕ به ئازادی تاكه‌كه‌س. رۆماننووس ناتوانێت سانسۆر قبووڵ بكات. نابێت ده‌سته‌واژه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره بۆ ده‌ق و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌كاربهێنرێت. نابێت كه‌سێك كه شاره‌زایی له چیرۆك و رۆمان‌دا نییه و له‌م باره‌یه‌وه ته‌قه‌ی سه‌ری دێت، بڕیار له‌سه‌ر چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك و رۆمان بدات... كاتێك له كۆمه‌ڵگادا خیانه‌ت، دزی، نه‌خۆشیی ده‌روونی و ... هه‌یه، نووسه‌ر له‌باره‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌نووسێت."
"نووسه‌ر ده‌بێت به‌دی و خراپه‌كارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا بنووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ره‌خنه‌یان لێبگرێت. نووسینی ئه‌و رۆمانانه‌ی كه كاره‌كته‌ره‌كانی چا ده‌خۆنه‌وه و قسه‌ی ئه‌خلاقی ده‌كه‌ن، هیچ ده‌ردێك ده‌رمان ناكات. ئه‌وه ریاكاریی و درۆیه. بڕۆن لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن و بپرسن تاوانبار و دز و بێڕه‌وشته‌كان كامیان رۆمانیان خوێندۆته‌وه و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی رۆمان‌دا خیانه‌تیان كردووه یان تووشی گه‌نده‌ڵیی ئه‌خلاقی بوون... ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت چیرۆك و رۆمانمان هه‌بێت ده‌بێت ئه‌وه قبووڵ بكه‌ین كه له چیرۆك و رۆمان‌دا ده‌بێت باسی هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ژیان بكرێت... رۆماننووس مرۆڤێكه باوه‌ڕی به ئازادی هه‌یه، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به دنیاوه پێویستی به چیرۆك و فیلم و رۆژنامه‌یه. به نه‌هێشتنی چیرۆك و رۆمان مرۆڤ له ناسینی ژیان بێبه‌ش ده‌كه‌ین. پێداویستیی خوڵقاندنی رۆمان ئازادییه. قانوونی مافی نووسه‌ران ده‌بێت به ره‌سمی دان به‌و ئازادییه‌دا بنێت..."
گوڵشیری ریالیستی سروشت و كۆمه‌ڵگا و چاره‌نووس و ئه‌م جۆره شتانه نه‌بوو، ریالیستی زمانێك بوو كه ئه‌و شتانه‌ی پێ ده‌خوڵقێنرێت، ئیتر له‌وانه‌یه ئاراسته‌كردنه له دەره‌وه‌ی وشه‌كه‌وه بێت، یان له ده‌ره‌وه‌ی نه‌بێت. له‌م رووه‌وه گوڵشیری وه‌كو میناتۆرێك وابوو كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ورده‌كاریدا هه‌بوو، سه‌روساختی له‌گه‌ڵ پێكه‌وه‌به‌ستنی ئه‌و ورده‌كارییانه‌دا هه‌بوو. ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و مانگا و ئه‌سپه نه‌ده‌چوو كه له گه‌وڕدا بوو یان له ده‌ره‌وه‌ی گه‌وڕه‌كه.
هه‌موو شتێك به شێوازێكی نوێ
جۆرێك چاوپۆشی بوو له‌و شتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زمانێك بوون كه گوڵشیری به دیقه‌ت گۆڕیبوونی به سروشتی لاوه‌كی ژیانی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك به شێوازێكی نوێ بڵێت كه ته‌نیا ئه‌و ده‌یه‌ویست و ده‌یتوانی بیانڵێت. لێره‌دا بواری نموونه هێنانه‌وه نییه، به‌ڵام سه‌رنج بده‌ن، له هه‌ر شتێك كه نووسیوێتی، مێشكی پیاو ورد و خاش ده‌كات به دڵه‌ڕاوكێی له‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه دانانی وشه‌كانه‌وه، ده‌ڵێی بڕیاره رۆمانه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و مرۆڤانه‌وه نه‌بێت كه ده‌یانناسێت و نایانناسێت، به‌ڵكو ئه‌و به‌شێوه‌ی په‌یوه‌ندی جیاوازیی وشه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا سه‌یریان ده‌كات، له‌ناكاو ده‌بینی شتێك كه پێشان ئاماژه‌ی بۆ كردبوو، له زمانی كاره‌كته‌رێكه‌وه له به‌رامبه‌ر كاره‌كته‌رێكی تر به شێوه‌یه‌كی تر ده‌یڵێت.
گوڵشیری توانایه‌كی سه‌یری هه‌یه كه ته‌نیا لای مامۆستایانی كلاسیكی میناتۆری ئێرانی یان نه‌قاشه چینییه‌كان یان كاشیكاریی مزگه‌وتێكی كۆن به‌دیده‌كرێت. جاریوایه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیڵێت، ده‌ڵێی له‌بیری چووه، به‌ڵام خودی ئه‌و له‌بیرچوونه‌ش هه‌ر به‌شێكه له نه‌خشه‌ی میناتۆری زمان. جاریوایه مرۆڤ له ناوه‌ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌دا، هه‌ست ده‌كات نووسه‌ر بیری چووه ویستوێتی چی بڵێت، ته‌نیا دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی دیكه تێده‌گات له‌بیرچوون به‌شێك بوو له یاداشتی له‌بیرمان، چونكه گرێ و گۆڵه‌كان ورده ورده ده‌كرێنه‌وه و ده‌قه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك له زمانسازی ئه‌و چیرۆكه و له پاڵ چیرۆكه‌كانی دیكه‌ی گوڵشیریدا، ده‌خرێنه به‌رچاوی خوێنه‌ر.
بڵمه بڵمیش شێوازیكه
خوێنه‌ر ئه‌فسووسی ئه‌وه ده‌خوات كه رووداوێك رووینه‌داوه، به‌ڵام خودی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وایه كه‌سێك رووداوه گرنگه‌كه به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌ڵێت، پاشان ئه‌و رووداوه له جۆره‌ها ده‌ربڕینی زمانی‌دا تێبگه‌ی یان تێنه‌گه‌ی ریز ده‌كات، به جۆرێك ده‌ست ده‌كات به منجه‌منج، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕوون ده‌یڵێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ روون بكاته‌وه قسه ده‌كات، به بڵمه بڵم قسه ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا قسه‌كه شوێنی خۆی گرتووه، ده‌ڵێی یه‌كێك هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه یان له‌به‌رده‌ستیدا نییه، له خۆیه‌وه شت دووباره ده‌كاته‌وه، وه‌كو ئه‌و رسته‌یه‌ی كه زۆرجار له یه‌كێتی نووسه‌ران ده‌یگوت، سه‌ره‌تا دیار نه‌بوو رووی قسه‌كانی له كێیه ده‌یگوت: "له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر شیعرێكیدا یه‌ك چیرۆك داده‌نێم".
ماوه‌یه‌كی زۆر دیار نه‌بوو ئه‌م قسه‌یه به‌رامبه‌ر كێدا ده‌كات، تا دواتر خۆی دانی به‌وه‌دانا كه مه‌به‌ستی ئه‌حمه‌دی شاملو بوو پێی ده‌وت "حضر عالی" ماوه‌ی نێوان ئه‌م دوو وشه‌یه مایه‌ی پێكه‌نین بوو. ده‌تكوت خۆی ده‌یه‌ویست قسه‌یه‌ك له دژی خۆی بكات، چونكه نه‌ده‌هات به كه‌سێك بڵێت "حضر عالی".
*سه‌رنج: ئه‌م وتاره له فارسییه‌كه‌یدا كۆمه‌ڵێك شتی لابه‌لای تێدایه كه په‌یوه‌ندی به ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌وه نییه، بۆیه ئه‌وانه‌م ته‌رجه‌مه نه‌كردووه.
سه‌رچاوه: BBC فارسی