بڕینی گەدە بۆ کەمکردنەوەی کێشی لەش سوودی هەیە؟

10:28 - 2022-11-06
دووتوێ
733 جار خوێندراوەتەوە

ئەسرین محەمەد

نیاز کێشی لەشی 135 کیلۆ و باڵای 170 سانیتیمەترە و دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە کەسێکی قەڵەو بووم، نەوسن بوومە و دەمم لە خواردنی هیچ شتێک نەدەپاراست، بۆیە رۆژ بەڕۆژ کێشی لەشم زیاتر دەبوو، بۆ کێش دابەزاندن چەند جارێک رێجیمم کردووە و چوومەتە هۆڵەکانی وەرزشکردن، بەڵام پاش ماوەیەک ماندوو دەبووم و وازم لێدەهێنا.
نیاز 40 ساڵەو تا تەمەنی بەرە و سەرەوە دەڕۆیشت کێشی لەشی زیاتر دەبوو، شەش مانگ لەمەوبەر نەشتەرگەری بڕینی گەدەی کردووە و بەهۆیەوە 65 کیلۆ لە کێشی لەشی دابەزاندووە و لەو بارەیەوە وتی، سەرەتا لە نەشتەرگەرییەکە زۆر دەترسام، بەڵام دواجار بڕیارمدا و کردم، ئێستا کێشی لەش و باڵام هاوتای یەکن و زۆر ئاسوودەم، بە تەواوی پابەندی ئەو رێنماییانەم کە پزیشکەکەم پێی وتووم.

پێویستی بە نەشتەرگەری جوانکارییە
نیاز ئێستا بەنیازی نەشتەرگەری جوانکارییە بۆ ئەو شوێنانەی لەشی کە بەهۆی دابەزاندنی کێشەوە پێستەکەی شۆڕ بۆتەوە و دەڵێت: ئێستا کەسێکی ترم زۆر چالاکم و بە تەواوی گەنج بوومەتەوە و بە دڵی خۆم جلوبەرگ دەکڕم و لەبەری دەکەم.
چەند ساڵێکە نەشتەرگەری بڕین و بچووککردنەوەی گەدە یەکێکە لە رێگە چارە باوەکان بۆ دابەزاندنی کێشی لەش، نەشتەرگەرییەکە بۆ ئەو کەسانە دەکرێت بەدەست کێشی زیادەوە دەناڵێنن و دوای هەوڵدانی جۆراوجۆر لە کێش دابەزاندن سەرکەوتوو نەبوون.
ئارام ئەحمەد پزیشکی راوێژکاری نەشتەرگەری گشتی لەسەر ئەم بابەتە دەدوێت و دەڵێت: ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زیاترە لە کێشی ئاسایی نەشتەرگەری بڕینی گەدەیان بۆ دەکرێت بە ئامێری هەناوبینی و پێویست بە کردنەوەی سک ناکات.
وتیشی، بڕینەکە دەتوانرێت 30 ٪ تاکو 50 ٪ و زیاتریش بۆ هەندێک کەس دەکرێت کە کێشی لەشی زۆر زیادە و بۆ دابەزاندنی کێشی پێویستی پێیەتی.

گەدە بە ئامێرێكی تایبەت دەبڕدرێت
لە نەشتەرگەریەکەدا بە چوار بۆ پێنج  کونی یەک سانتیمەتر و نیوی ئامێرەکە دەخرێتە ناو سکی نەخۆشەکەوە، سەرەتا بەئامێری تایبەتی وزەدار گەدە لە پەردە چەوری ناوسک جیادەکرێتەوە، دوای ئەوە ئەو بەشەی گەدە کە بڕیاری لێدراوە لەمسەر بۆ ئەوسەر بە ئامێری ستاپلەر دەبڕدرێت و دەدوردرێتەوە.
دوای نەشتەرگەریەکە نەخۆشەکە وەک جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و کێشی لەشی دادەبەزێت، بەهۆی بچووکردنەوەی گەدەوە بە خواردنێکی کەم گەدە پڕدەبێت و نەخۆشەکە زوو هەست بە تێربوون دەکات، هەروەها هۆرمۆنی گریلین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە کە لە گەدەوە دەڕژێتە ناو خوێن و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات کاتێک بەشێکی گەدە دەبڕدرێت هۆرمۆنەکە کەمدەبێتەوە و کەسەکە ئارەزووی خواردنی کەم دەبێتەوە.

وەکو هەر نەشتەرگەرییەکی دیکەیە
ئەم نەشتەرگەرییە وەک هەر نەشتەرگەرییەکی تر دەکرێت سەرکەوتوو نەبێت و دواتر کەسەکە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر ببێت لەوانە خوێن بەربوون لە دوای نەشتەرگەری ترسناکترین زیانە روودەدات و ژیانی کەسەکە دەخاتە مەترسییەوە یان تووشی شەلەلی ماسولکەکان ببێت لەدوای نەشتەرگەری جووڵەی گەدە لەکار بکەوێت ئەوە مەترسیدارە.
هەروەها ئەگەری بڵاوبوونەوەی ترشەڵۆکی گەدە هەیە دوای بچووکردنەوەی گەدە ئەگەر تەقەڵی نەشتەرگەریەکە کرایەوە ئەوا ترشەڵۆکی گەدە بڵاودەبێتەوە و گەدە تووشی وشکبوون دەبێت،  پاڵەپەستۆی خوێن دادەبەزێت و کەسەکە خواردنی بۆ ناخورێت.
جگەلەوانە زیانێکی دیکە ئەوەیە کەسەکە تووشی ھەوکردنی بۆری ھەناسە ببێت، هەروەها کەمی ڤیتامین و ئاسن دوو مەترسی ترن کە تووشی ئەو کەسانە دەبنەوە کە گەدەیان بچووک دەکەنەوە، هاوکات ئارام ئەحمەد پزیشکی راوێژکاری نەشتەرگەری گشتی دەڵێت: کردنی نەشتەرگەرییەکە بە ئامێری هەناوبینی کەمترین ماکی ترسناکی هەیە لەسەر تەندروستی نەخۆشەکە دوای نەشتەرگەری.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان