دەلالەتی ئیمۆجییەکان

11:02 - 2022-11-06
دووتوێ
442 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین
لەدونیای هاوچەرخدا سۆشیال میدیا گفتوگۆ و تێکەڵاوی راستەوخۆی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانی کەمکردۆتەوە و لەڕێی ئەو کەناڵانەوە بە چات و لایک و کۆمێنت و ئیمۆجییەکان کارادنەوەکان دەردەبڕدرێن و گوزارشت لە بیرو هزرو ناخی مرۆڤەکان دەکەن، بەڕێوەبەرایەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شارەزای زەوق وسەلیقەی بەکارهێنەرانیانن، بۆیە بیرۆکەی ئیمۆجیان داهێناوە لەجیاتی کۆمێنت و گفتوگۆ، خەڵکی ئەو سەردەمە لەبەر جەنجاڵی ژیان تاقەتی قسەکردن و نووسینی نەماوە، بۆیە ئیمۆجیەکان ئاسانترین دەربڕینن، پرسە و سەرەخۆشی پیرۆزبایی یادی لەدایکبوون و رەخنە و گازندە و توڕەییەکانیش هەر بەو هۆکارانە گوزارشت دەکرێن و بەرامبەرەکەش بە چاکی لە مەبەستی بەکارهێنەرەکەی تێدەگات، ئیمۆجیەک بەسە بۆ ئەوەی سەرنجی خۆت بەرامبەر بە پۆستێک یان فۆتۆو ڤیدیۆیەک دەرببڕیت.

هەواڵگری
زۆرجار لایک وکۆمێنت و ئیمۆجی  لای دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بۆ مەبەستی هەواڵگری و ناسینەوەی نەیارەکانیان بەکاردێت و دەیکەن بە بەڵگە بەسەر هاوڵاتیانەوە تا تۆڵەیان لێبکەنەوە و دەمکوتیان بکەن، لە هەندێ وڵاتیش دەسەڵاتی دادوەری سودیان لێ دەبینن تا بیانکەنە بەڵگەی حاشاهەڵگر بەسەر گومانلێکراو و تاوانکارەکان، هەندێکجار لە رووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو ئیمۆجیانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێکدەدەن بۆنموونە ئەگەر یەکێک بیروڕایەک دەرببڕێت و هاوڕێیەکەی ئیمۆجی توڕەیی یان گرژی روخساری بۆ بنێرێت ئەوا زۆرجار لەسەر ئەمە خاوەن پۆست توڕە ببێ و کاردانەوەی نەشیاوی بۆ دروست ببێت.

کەیسێکی دادگای یەکلا کردەوە
لەو ماوەی پێشوودا لە دادگایەکی ئەڵمانیا کاتێک کەیسی ناکۆکی ژن و مێردێک برایە دادگا و پیاوەکە رەتی کردەوە توندوتیژی بەکارهێنابێ و ئازاری دەروونی و جەستەیی ژنەکەی دابێت، ژنە فەیسبووکی مێردەکەی کردە بەڵگەی ئەوەی کەسێکی توندوتیژە و دادوەر لەڕێی ئەو لایک و کۆمێنتانەی کابرا بۆ پۆستی هاوفەیسبووکەکانی کردبوو بۆی دەرکەوت تۆمەتبار کەسێکی توندڕەوە و حەزی بە بەکارهێنانی هێزە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و پشتیوانی لە توندوتیژی دەکات، بۆیە دادگا ئەمانەی کردە بەڵگە لەسەری و توندڕەوی کابرای بۆ ساغ بۆوە.
دادگایەکی تری وڵاتی چین بەهۆی ئیمۆجیەکەوە تاوانی خستە سەر تۆمەتبارێکی تر کە دانی بەوەدا نەدەنا رازی بووبێت لەسەر گرانبونی کرێی شوققەکەی، کەچی کاتێک نامەی خاوەن شوقەکەی بۆچووە، بەبێدەنگی لایکی کردووە و رەزامەنی نیشانداوە بەبێ ئەوەی تانەی لێ بگرێت، لە بەریتانیاش هەمانشێوە داواکاری گشتی لە دژی گومانلیکراوێکی تیرۆریست چەندین بەڵگەی ئیمۆجی خستەڕوو کە کابرا سەرسامی خۆی بەرامبەر تۆڕ و گروپە تیرۆریستەکان دەربڕیبوو.

دیکتاتۆرەکان دەیقۆزنەوە
لەوڵاتی دیکتاتۆریدا لایکێک یان کۆمێنتێکی کورت لەسەر داوای ئازادی بۆ مرۆڤ یان رەخنەگرتن لە دەسەڵات خەڵکێکی زۆر راپێچی زیندانەکان دەکات و بەبەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەریان تۆماردەکرێت، خۆ لایکێک بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی دژ بەو دەسەڵاتانە بەسە بۆ ئەوەی بتکەن بە نەیار و دوژمنی سەرسەختی خۆیان و تۆمەتی دژایەتی گەل و نیشتمان و خۆفرۆشیت بخەنەپاڵ، لە دەیان وڵاتی تریش ئەو لایک و کۆمێنت و ئیمۆجیانە دەکرێن بەبەڵگەی تاوانکاری و رازیبوون و خۆشی دەربڕین  و دەلالەتەکان بە بەڵگە لەسەر گومانلێکراو دادەنرێن، بۆیە بەکارهێنانی ئەو ئیمۆجیانە دەبێ بە لۆژیک و متمانەی تەواوەوە بێت و بەکارهێنەرانی وریابن، بە هۆشیاری پەیج و ئەکاونتەکانیان بڕێوەبەرن و لەخۆڕا چالاکی نەکەن.

سەرچاوە: The Times   

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان