«پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی نوێ بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان»

مەرجی یەكێتی و هێزە سیاسییەكان گۆڕانكاری دەخوڵقێنێت

09:35 - 2022-11-08
ڕاپۆرت
563 جار خوێندراوەتەوە

«پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و پێكهاتەی نوێ بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی راپرسی و هەڵبژاردن» گەرەنتی پرۆسەیەكی بێگەردی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كوردستان دەكەن و بە جێبەجێكردنیان گۆڕانكاریی گەورە لە هاوسەنگكردنی پرۆسەی پەرلەمانی و حوكمڕانی لە هەرێم دەكات، هاوكاتیش خاڵی كۆتایی لەبەردەم تاكڕەویدا دادەنێت.
دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هۆكارە سەرەكییەكەی پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و مانەوەی پێكهاتەی كۆمسیۆنە، بۆیە زۆربەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، هاوڕان تۆمارە پۆخڵەكەی هەرێم پاكبكرێتەوە و یاساكەش هەمواربكرێتەوە و پێكهاتەی نوێش بۆ كۆمسیۆن دیاری بكرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كودستان دەست بە تۆمارە پۆخڵەكەوە دەگرێت و بەربەستیشە لەبەردەم هەمواركردنەوەی یاسا و كۆمسیۆنێكی نوێ.

ژمارەی كورسی لایەنەكان  گۆڕانكاری بەسەردا دێت
شەمۆل ئاشتی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ئاژانسی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاند: «یەكێك لە مەرجەكانی یەكێتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە لە ناوی دووبارە و ساختە و مردوو و ئاوارە». وتیشی: تۆماری دەنگدەرانی هەرێم پاكبكرێتەوە و یاساكە هەموار بكرێتەوە ئەوا ژمارەی كورسییەكانی لایەنەكان گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و ئەو لایەنەی خۆی بە زۆرینە دەزانێت كورسییەكانی كەم دەكات.

تۆمارێكی پاك پڕۆسەی سیاسی دەگۆڕێت
بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەكانی PUKMEDIA، تۆماری دەنگدەرانی هەرێم 700 هەزار دەنگ جیاوازی هەیە لەگەڵ تۆمارەکەی عیراقدا، زیاتر لە 900 هەزار دەنگی دووبارە و ئاوارە و تەزویر و مردووش لەو تۆمارەدا هەن، بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا پارتی بەكاریهێناوە و هاوكێشەی پەرلەمانی و حوكمڕانی لە بەرژەوەندیی خۆی پێگۆڕیوە. ئاماژەی بەوەشكرد «ئەو گۆڕانكارییەی كە پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەسەر دەنگی لایەنەكاندا دەیهێنێت، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت».
لە درێژەی قسەكانیدا، شەمۆل ئاشتی، دەڵێت: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوایكردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام پێویستە تۆمارەكە پاكبكرێتەوە یاخود تۆماری دەنگدەرانی عیراق بەكاربهێنرێت، یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربكرێتەوە و كۆمسیۆنێكی نوێ پێكبهێنرێت، بەڵام لایەنێكی سیاسی رازی نابێت».
هەوڵی بەشێكی زۆری لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە كە جارێكی دیكە خەڵك متمانە بە سندوقەكانی دەنگدان بكاتەوە، ئەوەش بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەبێت.

رێگە لە ساختەكاری دەگیرێت
هەر لەو بارەیەوە، سەرچنار ئەحمەد پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاندووە: «چەند جارێك لە پەرلەمانی كوردستان داوامان كردووە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و مردوو و ئاوارە پاكبكرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە ساختەكاری بگیرێت، بەڵام داواكەمان بە بیانووی جۆراوجۆر رەتكراوەتەوە». وتیشی: ئاشكرایە تۆماری دەنگدەران ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە دەنگی مردوو و دووبارە و ئاوارەی تێدایە و دەتوانرێت بە پاكردنەوەی ئەو تۆمارە هەڵبژاردنێكی بێگەرد بەڕێوەبچێت كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژمارەی كورسیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەبێت.
زۆربەی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، كە چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ پرسی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران كردووە، سەلماندوویانە تۆمارەكە پۆخڵە، بۆیە بە پاككردنەوەی؛ قۆناغێكی سیاسی و پەرلەمانی نوێ دێتەئاراوە. هێزە سیاسییەكانی كوردستان باوەڕیان وایە پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەمواری یاساكە و كۆمسیۆنی نوێ، سەرەتای گۆڕانكارییە لە هاوكێشەی پەرلەمانیدا.

تۆمارێكی خاوێن هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، دەڵێت: «تۆمارێكی پاكراوە، هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمان و حكومەت رادەگرێت، ئەوەش كاریگەریی لەسەر ئەدای حوكمڕانی لە هەرێم دەبێت». تەئكیدیشیكردەوە كە «تا ئێستا لایەنێك كە خۆی بە زۆرینە لە پەرلەمان دەزانێت، ئیرادەی بۆ پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران نەبووە، ئەوەش پڕۆسەكەی راگرتووە».

تۆماری دەنگدانی عیراق بكرێتە بنەما
جیاوازی نێوان تۆماری دەنگدەرانی حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان (700) هەزار دەنگە. داوادەكرێت تۆماری دەنگدەرانی عیراق بكرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
سەبارەت بەوە، بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، لە لێدوانێكیدا بە PUKMEDIAی وتووە: «لەوەتەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كێشەی تۆماری دەنگدەران هەیە، هەرچەندە كۆمسیۆن چەند جارێك هەوڵی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی داوە، بەڵام بەراورد بە تۆماری دەنگدەرانی عیراق جیاوازییەكی زۆر هەیە، كە زیاتر لە 700 هەزار  دەنگی دووبارە و مردوو و ئاوارەن». وتیشی: «چەند جارێك داوامانكردووە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە، یان تۆماری دەنگدەرانی عیراق بەكاربهێنن و بكرێتە بنەمای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان سەركەوتوو نەبوون لە پاككردنەوەی ئەو تۆمارەدا».

حزب رێگربوو
دەستوەردانی حزب لە پەرلەمان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پەكخست.
لەوبارەیەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە PUKMEDIAی راگەیاند: بەهۆی دەستوەردانی حزب لە پەرلەمان، نەتوانرا یاسای هەڵبژاردن هەموار و تۆماری دەنگدان پاكبكرێتەوە، «روونە چ لایەنێك دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدان، بارودۆخی كۆمسیۆنیش وەك رابردوو بڕوات، بەڵام هەرگیز ئێمە بەوە رازی نابین و ناچینە هەڵبژاردنێكەوە، كە یاسایەكی نوێ و تۆمارێكی پاكی نەبێت».

تەنها پارتی رازی نەبوو
هەروەها، بەدریە ئیسماعیل مەحمود ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری، بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: چەندجارێك لە پەرلەمان داوامانكردووە پڕۆژەیاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، چونكە بێ هەمواری یاساكە، هەڵبژاردن مانایەكی بۆ دیموكراسی و سەنگی راستەقینەی حزبەكان نامێنێت. ئاشكراشیكرد كە «لەكاتی داواكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هەموو فراكسیۆن و حزبەكان یەكدەنگ بوون، تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت داواكارییەكەی پێ باش نەبوو و رەتیكردەوە».

ئینستتیوتی پەی: ژمارەكە زۆر زیاترە لە 700 هەزار دەنگی نایاسایی
تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان بە بەراوردكردنی لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی عیراق، (700) هەزار دەنگی دووبارە و مردوو و ئاوارە و ساختەی تێدایە، هەروەها بەپێی راپۆرتێكی ئینستتیوتی پەی، كە سەرۆكی رێكخراوەكە بۆ PUKMEDIAی ئاشكراكرد: «زیاتر لە 900 هەزار دەنگی دووبارە و ساختە و مردوو و ئاوارە لە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا هەیە».
لە لێدوانەكاندا ئەوەش خراوەتەڕوو كە «لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بە نموونەی وەزارەتی تەندروستی، هاوكاریی كۆمسیۆن نین بە ئامانجی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و چەندینجاریش داوای لیستی مردووان كراوە، بەڵام بە بیانووی جیاجیاوە وەڵامنەدراوەتەوە».

PUKMEDIA

# تۆماری دەنگدەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان