ئەمریكا چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە

09:05 - 2022-11-09
جیهان
695 جار خوێندراوەتەوە

تاهیر ئیبراهیم

جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد «بەرگریی لە دیموكراسی بكەن و هاوسەنگی هێز لە كۆنگرێسدا بپارێزن»
دوێنێ 8/11، زیاتر لە 40 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریكی بۆ هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگیاندا. ئەگەرچی جۆ بایدن دەڵێت: دیموكراتەكان زۆرینە بەدەستدەهێنن، بەڵام راپرسییە ناوخۆییەكان دەرئەنجامێكی پێچەوانە رادەگەیەنن و ئاماژە بەوە دەكەن رەنگە كۆمارییەكان هاوسەنگییەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان، كۆتایی پێبهێنن.
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە كە لێدوانەكانی جۆ بایدن نیشانەی ئەوەیە كە لە ئایندەدا (دۆناڵد ترەمپ) بگەڕێتەوە كۆشكی سپی، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا وتی: «دیموكراسی لەبەردەم مەترسیدایە».
ململانێی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بە دۆخێكی تونددا تێدەپەڕێت و ئەگەری تێكچوونی ژمارەی كورسی هەردوولا هەیە لە كۆنگرێسی ئەمریكادا، پارتەكەی ترەمپ تەنها پێویستی بە پێنج كورسییە بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بگۆڕێت و یەك كورسیش بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەنجومەنی پیرانی یەكسان دابەشكراو.
بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریكیەكان پێدەچێت راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی دوێنێ هەفتەیەك بخایەنێت.

#ئەمریكا #جۆ بایدن

بابەتە پەیوەندیدارەکان