ژینگەپارێزانی رانیە و حاجیاوا مانیان گرتووە

09:15 - 2022-11-09
ڕاپۆرت
412 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە ناوەندی شاری رانیە

 راپۆرتی، جێگر خدر

عەبدوڵڵا، ژینگەپارێزە لە حاجیاوای ئیدارەی راپەڕین، نزیک دەبێتەوە لە دوو مانگ هێشتا مووچەی وەرنەگرتووە، خۆی و هاوپیشەکانی لە رانیە و حاجیاوا هەفتەیەکە مانیان گرتوە و کار ناکەن، بەهۆیەوە ژینگەی ناوەندی شارەکان تەواو پیسبوون و هاووڵاتیانیش داوای چارەسەر دەکەن.

یەکێتی پارەی بۆ تەرخان دەکات
ئەوە یەکەمینجار نییە لەمساڵدا ژینگەپارێزان مانبگرن و کارەکانیان بوەستێنن، پێشووتریش بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی دوو جاری دیکە هەمان هەڵوێستیان وەرگرتووە، لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە دوای داواکاری زۆری کۆمپانیا و کرێکارەکانی لە حکومەتی هەرێم، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە فەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بڕی پارەی ئەو کۆمپانیایانەی  لەسەر ئەرکی خۆی خەرجکرد. هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە لێدوانێکیدا دەڵێت: گرفتی نەبوونی پارە لە بانکەکاندا هێشتا چارەسەر نەکراوە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە فەرمانی دەرکرد، مەکتەبی دارایی یەکێتی پارەی ئەو کرێکارانە دابین بکات، ئێستاش دیسانەوە سەرۆک بافڵ پارەی ئەو مانگەی خەرج کردووە و کرێکاران وەریدەگرن، ئەوەی ماوەکەی درێژ کردۆتەوە گرفتی کۆمپانیا خۆیەتی، کە مانگێک قەرزداری کرێکارانی ژینگە پارێزە، بۆیە بووەتە دوو مانگ».
راشیگەیاند: گرفتی نەبوونی پارە لە بانکەکان، تەنها ئیدارەی راپەڕینی تووشی ئەم دۆخە نەکردۆتەوە، بەڵکو تەواوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گرتۆتەوە، بەڵام خۆشبەختانە فەرمانەکەی سەرۆک بافڵ بۆ خەرجکردنی پارە لە لایەن یەکێتییەوە و لەبری حکومەت، ئەو گرفتەی بۆ چارەکردین، تەنانەت مانگی رابردوو مووچە دراوە و مووچەی ئەم مانگەش ئامادەیە.

پارە لەبانکدا نییە
رێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری ژینگە لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی راپەڕین، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لای ئەوان چەکی پارە ئامادەکراوە و چووەتە سەر ئەژماری بانکییان، بەڵام بانک پارەی تێدا نییە تا شایستە داراییەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، وتیشی: لەبری حکومەت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە مانگانە بڕی 300ملیۆن دیناری بۆ ژینگەپارێزانی ئیدارەی راپەڕین خەرج کردووە، ئەم هاوکارییە بەردەوامە و تەنها ئەم مانگە چەند رۆژێک دواکەوت و ئێستا پارە نێردراوە.
لە ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 500 ژینگە پارێز هەن کار لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەن و سنووری ئیدارەکە پاک دەکەنەوە، مانگرتنی چەند رۆژی رابردوو لە هەردوو شاری رانیە و حاجیاوا، ناڕەزایی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە» ژینگەی شارەکە بەجۆرێک شێواوە، کە لە ماڵ دێمە دەرەوە ماسک دەبەستم، تا کاریگەریی ئەو خاشاکەی لە کۆڵانەکەماندا کۆبۆتەوە نەخۆشم نەخات، سۆران گەنجێکی دانیشتووی رانیەیە، ئەمەی وت.
عەبدوڵڵای ژینگەپارێز-یش دەڵێت»دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، حکومەت لە گوزەرانی ئێمە تێناگات، مانمان گرتووە تا لە رێگەی شێواوی ژینگە و زبڵ و خاشاکەوە تا رادەیەک لە ئێمەش تێبگات و حەقەکانمان بداتێ، ئەگەرچی من زۆر نیگەرانم لەو پیسییە و لە کاریگەرییە خراپەکانیشی بەئاگام، کارەکەی خۆمم خۆشدەوێت، بەڵام بژێوی ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵم لەسەر ئەو کارەیە، بۆ ئەو کارەش رێکەوتنمان کردووە، لەبەرامبەر کارکردنمان ئەو بڕە پارەیەمان پێبدرێت و خاوەن کار نایدات».

هاوکارییەکانی یەکێتی  بەردەوام دەبن
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی خراپی کرێکارانی ژینگەپارێز، دەشڵێت» بەردەوام لەهەوڵداین تا چیدیکە ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن، وێڕای ئەوەش دڵخۆشین کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نەیهێشتووە ژینگەی شارەکانی هەرێم پیسبێت و هاوکاریی دارایی خستووەتە سەر ئەرکی خۆی، بەڵێنی ئەوەشمان وەرگرتووە ئەو هاوکارییە بەردەوامبێت تا کۆتایی ئەمساڵ»، داواش دەکات گرفتی نەبوونی نەختینەی پارە لە بانکەکاندا چارەسەر بکرێت تا چیدیکە رووبەڕووی ئەو گرفتانە نەبنەوە.
ئیدارەی راپەڕین، سێ قەزا لە خۆدەگرێت، پشدەر، رانیە و حاجیاوا، ئێستا لە رانیە کە ناوەندی ئیدارەکەیە و لەناو سەنتەری حاجیاواش، نزیکەی 200 کرێکاری ژینگەپارێز مانیان گرتووە و کوچە و کۆڵان و بازاڕی ئەو دوو شارە پڕ بووە لە زبڵی کەڵەکەبووی ماوەی هەفتەیەک، وێڕای شێواوی سیمای بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئەو خاشاکە هۆکارن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەتایبەت کە لەوەرزی پایزە و بەرەو سەرمایە و لەبارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان