ئامادەكردنی : جەواد حەیدەری
گوێگرتن، هونەری لە بیركراوی مرۆڤی هاوچەرخە. نەخۆشەكان بە دەست ئەو پزیشكانەوە دەناڵێنن كە تاقەتی ئەوەیان نییە گوێ لە قسەكانیان بگرن. فەرمانبەرەكان لەدەست ئەو بەڕێوەبەرانە گلەیی و گازەندەیان هەیە كە هیچ گرنگییەك بە قسەكانیان نادەن. ئەو هونەرە زەمەنێك بەنرختر دەبێت كە بزانین كلیلی رازیكردنی كەسانی تر لە هەندێك حاڵەتدا نە قسەكردن و نە ماستاوكردنە، بەڵكو گوێگرتنە.
لە دوژمنەوە بوو بە دایە
لە دۆخێكی لەو جۆردا هەموومان شتێك لە بتی بیگۆمب فێردەبین، ئەو ژنە بەتەمەنەی كە توانی بۆ سەقامگیریی و ئاشتی و سەری قسە لەگەڵ میلیشاكانی ئۆگەندادا بكاتەوە و ئەوەندە بە باشی و وردی گوێی لەوان گرت كە ئەفسەرە پلە باڵاكانی سوپا بەناوی» دایە» بانگیان دەكرد.
بتی بیگۆمب نزیكەی 13 كیلۆمەتر بەپێ بەناو دارستاندا رۆیشتبوو و هیچ كەسێكی نەبینیبوو. لەگەڵ پیادەڕەوی نامۆ نەبوو.
بتی لە باكووری ئۆگەندا گەورە ببوو، هەر بە ئاسایی خۆی لە منداڵییەوە رۆژانە زیاتر لە شەش كیلۆمەتر رێگای بەپێ دەبڕی، بۆئەوەی بچێت بۆ خوێندنگە و بگەڕێتەوە. رۆژانە تەنها یەك ژەم نانی دەخوارد. لە گوندەكەی خۆیان لەگەڵ ماڵی مامیدا دەژیا، مامێك كە هەشت ژنی هەبوو.
بتی بەهەر جۆرێك بوو گەیشتە پەرلەمان و بەرپرسیارێتییەكی لەئەستۆگرت كە هیچ یەك لە پەرلەمانتارانی وڵاتەكەی بوێریی ئەوەیان نەبوو ئەو كارە بكەن، واتە هەوڵدان بۆ سەقامگیریی و جێگیركردنی ئاشتی لەگەڵ ئەفسەرێكی پلەباڵای میلیشاكاندا.
(جۆزێف كێنی) سەركردەی سوپای بەرگریی بوو. ئەو و گروپەكەی بەرپرس بوون لە كوشتنی زیاتر لە 100 هەزار كەس و رفاندنی زیاتر لە سێ هەزار منداڵ و ئاوارەكردنی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە ئۆگەندا.
ئەگەرچی هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو
سەرەتای دەیەی 1990 بتی توانی يوويری موسيفينی سەرۆك كۆماری ئەوکاتی ئۆگەندا رازی بكات كە بچێت بۆ لای جۆزێف كێنی بۆئەوەی ئاخۆ دەتوانێت بەر بە توندوتیژییەكانی كێنی بگرێت یان نا؟
دوای چەند مانگێك لە هەوڵدانی بتی توانی پەیوەندیی بە چەكدارەكانەوە بكات. چەكدارەكان بە سووكایەتیان دەزانی كە لەگەڵ ژنێكدا گفتوگۆ و دانوستان بكەن. بەهەرحاڵ بتی بۆ بینین و گفتوگۆ لەگەڵ كێنیو شێوازی تایبەتی خۆی هەبوو. ئەوەندەی پێنەچوو كە كێنی، بتی بە « دایە» بانگكرد و تەنانەت قبوڵی كرد كە دارستان بەجێبهێڵێت و دەست بە دانوستاندنی ئاشتی بكات.
هەرچەند هەوڵەكانی بتی بۆ جێگیركردنی ئاشتی سەركەوتوو نەبوو، بەڵام كردنەوەی زەینی كێنی بۆ گفتوگۆ و دانوستان خۆی دەستكەوتێكی بەرچاو بوو.
بەهۆی هەوڵدان بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكان، بتی وەك ژنی ساڵ لە ئۆگەندا هەڵبژێردرا.
نەخۆشەكان پێویستیان بە 29 چركەیە
كاتێك لێیان پرسیبوو كە چۆن توانیوێتی لەگەڵ كێنی و دارودەستەكەیدا دانوستان بكات؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «كلیلی ئەو كارە رازیكردن یان ماستاوكردن نەبوو، بەڵكو گوێگرتن بوو. بیرلەوە بكەنەوە كە باش گوێگرتن چەند نایاب و دانسقەیە. باوە كە پزیشكەكان دوای 11 چركە قسە بە نەخۆشەكان دەبڕن، لەكاتێكدا نەخۆشەكان بۆ باسكردنی نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان پێویستیان بە 29 چركەیە.
94 % ی ئەو بەڕێوەبەرانەی كە لەلایەن فەرمانبەرەكانەوە وەك خراپترین گوێگر لە قەڵەم دەدرێنو خۆیان بە گوێگرێكی زۆر باش دەزانن. باش گوێگرتن لە سەرووی كەم قسەكردنەوەیە و كۆمەڵێك لێهاتوویی و كارامەیی لە وەڵام و پرسیاردا دەوێت. دەبێت گوێگرتن بە نیشاندانی مەیل و حەزێكی زۆر بۆ سەلیقەی ئەوانی تر دەستپێبكەین، لەبری ئەوەی كە بمانەوێت سەبارەت بە قسەكانیان داوەریی بكەین، یان ئەوەی كە بەدوای سەلماندنی قسەكانی خۆمانەوە بین.
كاتێك كە هەوڵدەدەین خەڵكی بگۆڕین، كارێكی سەختمان لەبەردەمدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر نیاز پاك و نییەتێكی خێریشمان دەبێت، هەمدیسان رەنگە ببینە ئامۆژگاریكەرێك لەسەر مینبەر یان وەك داواكاری گشتی دوایین بەرگریكردنی خۆی نیشان دەدات یان وەك سیاسەتمەدارێك كە وتارێك بۆ بانگەشەكردن پێشكەش دەكات، دەردەكەوین.
هەموومان لەبەردەم» كاردانەوەی بەجێ» داین، بەو مانایەی كە دەروونناسەكانی وەك ویلیام میلەر و ستیفن رۆلنیك باسی لێوە دەكەن. كاردانەوەی بەجێ، واتە مەیل و حەز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و خستنەڕووی وەڵام.
نەخۆشی لە نێوان پزیشك و هاوسۆزیدا
كەسێك كە لە چاوپێكەوتندا جووڵەی كارامەیی هەیە، دەتوانێت لە بەرامبەر كاردانەوەی بەجێ بەرگری بكات. راستە كە خەڵكی بۆ چارەسەركردنی شكاوی ئێسقان پێویستیان بە پزیشك هەیە، بەڵام كاتێك وەختی چارەسەركردنی كێشەكانی مێشك و دەروون دێت، زیاتر پێویستیان بە هاوسۆزی و هاودەردی و هاوخەمی هەیە تا رێگەچارە. تاقیكردنەوەكان دەریانخستووە كە هەڵسوكەوت لەگەڵ گوێگرێكی هاودڵ و بێلایەن و دڵسۆز، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دڵەڕاوكێ و كەسەكان لە حاڵەتی بەرگریكردن دێنە دەرەوە.
لەتاقیكردنەوەكاندا دەركەوتووە كە كەسەكان ناكۆكییە فیكرییەكانی خۆیان بە گوشارێكی كەمتر لە خۆیان دوور دەخەنەوە و هەر ئەمەش وایكردووە كە هانیان بدات كە قووڵتر بیروباوەڕەكانی خۆیان شەن و كەو بكەن و خاڵە وردەكان بە وردی دیاری بكەن و بە راشكاوی زیاتر بیانخەنەڕوو.
دەستەیەک لە میلیشیا چەکدارەکانی سوپای بەرگریی ئۆگەندا
سوودەكانی گوێگرتن تەنها پەیوەندیی بە هەڵسوكەوتی تاك لەگەڵ تاكەوە نییە، بەڵكو سوودەكان دەتوانن بە شێوەی گروپیش دەربكەون. ئەو تاقیكردنەوانەی كە لە دامودەزگا حكومییەكان، كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆژی و خوێندنگەكان كراون، دەریدەخەن كە لە روانگەی روانینی تاكەكانەوە لە دوای بەشداریكردن لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا، ئاڵۆزتر و ناتوندڕەوتر دەبن. لەو كۆڕانەدا هەر جارێك كە یەكێك لە ئەندامان سەرۆكایەتی وەردەگرێت و ئەوانی تر بە وردی گوێی لێ دەگرن.
لەسەر راسپاردەی دەروونناس ئەم لێهاتووییە لە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو كەسانەدا بەكاربهێنین كە هەندێك جار تێگەیشتن لەوان بۆمان سەخت و دژوار دەبێت. مەبەست لەم بیرۆكەیە ئەوەیە كە بەوان بڵێین كە ئێمە هەوڵدەدەین گوێگرێكی زۆر باش بین، پێمانخۆشە گوێمان لە راوبۆچوونی ئەوان بێت، بەرلەوەی وەڵامی ئەوان بدەینەوە، چەند خولەكێك گوێ دەگرین.
زۆربەی كەسانی خۆش قسە و خۆش مەجلیس هەوڵدەدەن خۆیان زۆر زیرەك نیشان بدەن، بەڵام گوێگرە لێهاتووەكان زیاتر حەز دەكەن كە هەستی زیرەكبوونی خۆیان بۆ وەرگرەكان بگوازنەوە.
وتار خوێندنەوە یان گوێگرتن؟
ئەمە هەمان ئەو شتە بوو كە بتی بیگۆمب بڕیاریدا لە ئۆگەندا بیكات، بتی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ئۆردوگای ئاوارەكان سەردانی گوندەكانی كرد. تێگەیشت رەنگە هەندێك كەس خزمێكی لەناو سوپای جۆزێف كێنی هەبێت و لەوانەیە زانیارییان لە شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەی كێنی هەبێت. هەرچەند بتی هیچ خولێكی لەبارەی چاوپێكەوتنەوە نەبینیبوو، بەڵام بە شێوەیەك دركی بەوە كردبوو. لە هەر ئۆردوگایەك كە سەردانی دەكرد، دەیوت: بۆ ئەوە نەهاتووم وتار پێشكەش بكەم، بەڵكو هاتووم كە گوێ لە قسەكانتان بگرم. چوست و چالاكی و لەخۆبوردوویی و هاوكات متمانە بەخۆ وایكردووە كە هەموو دانیشتوانی ئۆگەندا سەرسامی بتی بن.
ئاشتیخوازەكان داوایان لە خەڵكی ئۆگەندا دەكرد كە شەڕ رابگرن و ئەوان سەبارەت بە بەرنامەكانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی شەڕ قسەیان دەكرد و هەموو ئەو هەوڵانەی پێشوو كە بۆ كۆتایی هاتن بە جەنگ سەری نەگرتبوو، شەرمەزار دەكرد، بەڵام بتی كە لە سیاسەتمەدارێكی پڕۆفیشناڵ دەچوو، بەوانی نەدەوت كە چی بكەن، ئەو تەنها بە پشتبەستن بە پشوودرێژیی و لەسەرخۆیی چەندین سەعات لە گوێی ئاگردان بەلای خەڵكەوە دادەنیشت و یاداشتی دەنووسی و هەرچەند جارێك بۆ پرسیاركردن قسەی بەرامبەرەكەی دەبڕی و دەیوت: «ئەگەر پێت خۆشە قسەی هەڵیت و پەڵیت بكە، ئاسوودە بن، ئەگەر گەرەكتە بڕۆم، دەڕۆم». بتی بۆ سەلماندنی پابەندبوونی خۆی بۆ ئاشتی، سەرەڕای نەبوونی خۆراكی پێویست و هەروەها تەندروستی گونجاو لە ئۆردوگاكان دەمایەوە. داوای لە خەڵكەكە دەكرد كە سكاڵاكانی خۆیان بكەن و پێشنیازەكانیان بۆ چاكسازی بخەنەڕوو. خەڵكەكەش بە بتی- یان دەوت: «ئەوەی كە غەریبەیەك بەوان دەرفەت دەدات كە راوبۆچوونی خۆیان دەربڕن، شتێكی نوێ و چاوەڕواننەكراوە.
هونەری گوێگرتن زۆر لە کێشەکان بەرەو چارەسەر دەبات
نوێنەری حكومەتێكی ستەمكار!
بتی ئەوانی بەهێز كرد بۆئەوەی چارەسەرەكان بخەنەڕو و هەستی خاوەندارێتی لەناویاندا زیندوو بكاتەوە.
ئەوانیش لە كۆتاییدا لە بەرگریكردن لەبەرامبەر بتی چاوپۆشیان كرد. كار گەیشتە جێگەیەك كە هەموو دانیشتوانی ئۆردوگاكان بە بتی- یان دەوت، ( مگۆ)، واتە دایك، هەروەها ئەو دەستەواژەیە لەڕووی خۆشەویستییەوە بۆ كەسێكی لەخۆت گەورەتر بەكار دەهێنرێت.
بەخشینی ئەو وشەیە شانازییەكی زۆر گرنگ بوو، چونكە بتی نوێنەری حكومەتێك بوو كە لەبەرچاوی زۆربەی ئۆردوگانشینەكان بە حكومەتێكی زاڵم و ستەمكار لە قەڵەم دەدرا. ئەوەندەی نەخایاند كە خەڵك پێشنیازی ئەوەیان كرد كە بتی ببێت بە رێكخەر و فەرماندەی میلیشاكانی كێنی. بتی زۆر ژیرانە وتبووی: «تەنانەت شەیتانیش قەدری گوێگرتن دەزانێت».
سەرچاوە: tarjomaan