یەكێتی دەیەوێت رێڕەوی ئیدارەدانی هەرێم راست بكاتەوە

10:00 - 2022-11-10
ڕاپۆرت
449 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامبێت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان سەركەوتووبێت، لە زۆر مافی خۆی خۆشبووە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی یەكێتی بە شێوازێكی دیكە لێكدراوەتەوە و هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێستا یەكێتی بۆ تاكڕەویی بڕیاردان و ئیدارەدانی ئێستای هەرێم، بڵێت ستۆپ.

لە شاخ و شار، یەكێتی؛ یەكخستنی ناو ماڵی كوردی ویستووە
لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «هەموو كات پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامی رێكخستنی ناوماڵی كورد و هەوڵدان بووە لەپێناوی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەو بەرپرسیارێتییە هاوبەشەی كە لەسەرشانی هەردوولایە جێبەجێبكرێن، بۆئەوەی قەوارەی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان هەم پارێزراو بێت و هەم گەشەی پێبدرێت.

یەكێتی؛ قوربانیی زۆری داوە
وتیشی: «یەكێتی؛ هەمیشە قوربانییەكی زۆری داوە بۆ پاراستنی یەكڕیزیی میللـەتەكەمان، هەموو كات پشكی خۆی لەپێناوی ئەو یەكڕیزییە بەخشیوە و هەوڵەكانیشی بۆ بەدیهێنانی یەك ئیدارەییەكی سەرتاسەریی هاوسەنگ لەبەرچاوبووە، زۆر كاتیش لەبری حكومەت خزمەتی كردووە».

پارتی حكومەت بەكاردەهێنێت
پارتی لەڕێگەی دامەزراوە حكومییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ لاوازكردنی هەیمەنەی یەكێتی هەوڵی داوە و هەر ئەمەش وایكردووە كە یەكێتی ئێستا بە پارتی بڵێت ستۆپ.
ئاماژە بەوەش دەكات كە «لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەی، یەكێتی مافەكانی پێشێلكراوە و لایەنی بەرامبەر، كە پارتییە، حكومەت و دامەزراوە و دەزگا حكومییەكانی بەكارهێناوە بۆ لاوازكردنی هەیمەنە و هێزی یەكێتی، ئەمەش سەركردایەتی و كادری یەكێتی گەیاندۆتە باوەڕێك، كە لەمە زیاتر نەرمونیانیی یەكێتی، نەك زیان بە یەكێتی، بەڵكو زیانی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەشمان دەبێت».
وتیشی: ئێستا نیگەرانییەكانی یەكێتی زۆر جدیین، لەمە زیاتر ئەو دۆخە ناهەموارە قبووڵناكات و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش لەو نیگەرانییە ئاگاداركراونەتەوە.

یەكێتی دەیەوێت رێڕەوی ئیدارەدانی هەرێم راستبکاتەوە
بارودۆخەكە لەوە دەرچووە یەكێتی لەسەر پۆستێك یان وەزارەتێك لەگەڵ پارتی رێكنەكەوێت و وەك هەمیشە قوربانی بە مافەكانی خۆی بدات، بەپێچەوانەوە یەكێتی دەیەوێت حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بخاتەوە سەر رێڕەوی دروستی خۆی و گەشەی زیاتر بە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بدات و ئەم شێوازە حوكمڕانییە لە هەرێم راستبکاتەوە.
هەر سەبارەت بەو باسە، شوان كەریم كابان ئەندامی خولی سێهەمی پەرلەمانی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند: «یەكێتی لەدوای راپەڕینەوە، لە دروستبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان، پێشتریش لە خەباتی شاخ، هەمیشە لەپێناوی بەرژەوەندیی میللەتەكەمان بەرژەوەندییەكانی خۆی وەلاناوە، بەڵام لەبەرامبەردا زۆرجار هەندێك لایەن ئەمەیان بەجۆرێك لە پاشەكشەی یەكێتی حساب كردووە و لەسەر حسابی یەكێتی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان پێش هەموو بەرژەوەندییەكان خستووە».
ئەوەشی خستەڕوو كە «بەدرێژایی خەباتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە شاخ و دوای راپەڕینیش لەشار هەمیشە بەرژەوەندیی گەلەكەمانی لەپێش بەرژەوەندیی خۆیەوە بینیوە و قوربانیی زۆری لەوپێناوەدا داوە، لەسەر هەر بابەتێكیش گرژیی دروستبووبێت، یەكێتی؛ قوربانیی زۆری داوە بۆئەوەی بارودۆخی هەرێم تێكنەچێت، ئەمەش درێژەی كێشاوە تا لایەنەكانی دیكە زیاد لە پێویست سوود لەو هەڵوێستەی یەكێتی ببینن».

یەكێتی چیتر ناتوانێت بەردەوامبێت
یەكێتی لەوە زیاتر ئەم بارودۆخە قبووڵ ناكات و ئەو شێوازەی ئیدارەدانەی حكومەت رەتدەكاتەوە و داوای پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان دەكات.
ئەندامەكەی خولی سێهەمی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: «یەكێتی مافی خۆیەتی ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەوی دەكات لەسەری بەردەوامبێت و بەهەموو لایەك بڵێت، چیتر یەكێتی ناتوانێت بەمشێوە ئیدارەدانە رازی بێت».

لە هەرێم ئەجێندای تایبەت تێكەڵ بە حوكمڕانی كراوە
لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە كابینەكانی رابردوو ئەجێندای تایبەت تێكەڵ بە حوكمڕانی كراوە و هەر ئەمەش وایكردووە كە نەك تەنها یەكێتی، لایەنەكانی دیكەش ئەم حوكمڕانییەیان پێ قبووڵ نەکرێت.
عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەر و رۆشنبیر لە لێدوانێكی تایبەتدا بە PUKMEDIAی راگەیاند: «یەكێتی و لایەنەكانی دیكەی حكومەت، بە هۆكاری ئەوەی لەناو حكومەتن، مەبەستیانە بەرژەوەندییەكانی خەڵك بپارێزن، بەڵام ئەوەی لەمڕۆدا لەم حكومەتە دەبینرێت بابەتێكی دیكەیە و هەندێك ئەجێندای تایبەتی و حزبی تێكەڵ بە سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كراوە».

ئەنگێزەی حزبی زیان بە ئەزموونی كوردستان دەگەیەنێت
باسی لەوەشكرد كە «كورتهێنان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی حكومەت، بە ئەنگێزەی حزبییانە زیان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، ئەو ئەنگێزە حزبییەی حكومەت لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان پەیڕەوی دەكات، بێگومان ئەركی یەكێتییە هەڵوێست وەربگرێت و بیری هێزەكەی تر بخاتەوە كە دەبێت لە هەموو دۆخێكدا ئەجێندای تایبەت و حزب تێكەڵ بە ئیدارەدان نەكرێت».

یەكێتی رێگەنەدات دۆخەكە بەوجۆرە درێژە بكێشێت
عەدالەت عەبدوڵڵا ئاماژە بەوەش دەدات كە ئەركی یەكێتییە بەرگریی لە مافی دانیشتوانی سنووری خۆی بكات، وەك چۆن ئەركێتی خەمی هەموو خەڵكی كوردستان بخوات، ئەمەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بكەوێتە گفتوگۆی جدی و خاڵ بخاتە سەر پیتەكان و رێگەنەدات دۆخەكە بەوجۆرە درێژە بكێشێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جگە لە پارتی، لە رۆژانی رابردوودا نیگەرانییەكانی سەبارەت بە تاكڕەویی بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان، گەیاندۆتە حزب و لایەنەكان و پێیڕاگەیاندوون كە یەكێتی چیتر ئەم شێوازە حوكمڕانییەی پێ قبووڵ ناکرێت و فەرهەنگی خۆبەزلزانین رەتدەكاتەوە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان