جه‌وده‌ت هوشیار
له عه‌ره‌بییه‌وه: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د
پێشه‌كی:
رووداوه‌كانی رۆمانی (داروسیای جوان)ی رۆماننوسی ئۆكرانی (ماریا مایتۆس) له نێو دوو گوندی نزیكی سنووری رۆمانیا رووده‌دات له ساڵانی بیسته‌كان بۆ حه‌فتاكان و له چه‌ند رووداوێكی تۆقێنه‌ر ده‌كۆڵێته‌وه كه به‌زمانێكی شیعری جوان نووسراوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له كاته سه‌خته‌كاندا و له چوارچێوه‌ی داستانێكی خێزانی راسته‌قینه‌دا و له گرێچنێكی داهێنه‌رانه‌دا.
*نووسه‌ری رۆمانه‌كه:
ماریا ماتیۆس نووسه‌رێكی سه‌رده‌می نوێیه و خاوه‌نی به‌هادارترین خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه‌كانه له وڵاتی خۆیدا. هاوكات خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تیییه، له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان ناسراوه به شێوازه ره‌سه‌نه ده‌گمه‌نه‌كه‌ی. ئه‌م نووسه‌ره ئێستا له‌شاری كیف ده‌ژی.
ماریا ماتیۆس له 19/12/ 1959 له یه‌كێك له دێهاته‌كانی ناوچه‌ی بۆكوفیتا له‌دایكبووه. ئه‌و ناوچه‌یه تووشی جه‌نگ و داگیركاری زۆر بۆته‌وه له‌لایه‌ن داگیركه‌ره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان، كه هاتوون و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌یان چه‌وساندۆته‌وه. ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كه‌وێته نێو ته‌ختاییه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی (كارباتی رۆژهه‌ڵاته‌وه) و ناوچه‌یه‌كی هێجگار جوانه و زۆر به‌قووڵی رۆچۆته نێو دابونه‌ریت و ئایین و فۆلكلۆره‌وه، ئێستا به‌شێكه له ئۆكرانیای سه‌ربه‌خۆ.
*رۆمانی داروسیای جوان:
رۆمانی (داروسیای جوان) له‌ساڵی (2004) و له‌شاری (له‌فیف)ی ئۆكرانیدا بڵاوبۆته‌وه به یه‌كێك له رۆمانه نایابه‌كانی ئه‌ده‌بی ئۆكرانی نوێ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌سه‌رده‌می ئازادبوونی ئۆكرانیاوه له‌ساڵی (1991)ه‌وه له ئه‌نجامی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی ناوچه‌ی (بۆكۆفینا)ی سنووره‌كان له‌گه‌ڵ رۆماینادا رووده‌دات، له ساڵانی سییه‌كان بۆ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. رۆمانه‌كه له چه‌ندین رووداوی تۆقێنه‌ر ده‌كۆڵیته‌وه، به‌ڵام به‌زمانێكی شیعری جوان نووسراوه، پڕیەتی له‌هه‌ستی مرۆڤایه‌تی به‌هێز به‌تایبه‌تی له‌كاته سه‌خته‌كاندا، رۆمانه‌كه ده‌قێكی ناوازه و قووڵه له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست له‌وانه: تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگا و نیشتمان، داستانێكی خێزانی راسته‌قینه‌یه به‌گرێچنێكی داهێنه‌رانه و چه‌ندین چیرۆك ده‌خاته روو، ئه‌م چیرۆكانه به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون و ده‌دوێن له‌رێگای كه‌سایه‌تییه‌كان و رووداوه‌كانه‌وه.
زۆربه‌ی كات مایتۆس پشت به رابردووی خۆی و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆی ده‌به‌ستێت، زۆر به‌نه‌رم و نیانی و ساده‌یی مێژوو له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌یدا تێكه‌ڵ ده‌كات ئه‌م كاره‌ش رێگا به‌خوێنه‌ر ده‌دات به‌ردوام بێت له‌خوێندنه‌وه. تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ رابردووی ئۆكرانیادا له‌سه‌ر ئاستێكی سۆزداریانه‌دا.
*پێكهاته‌ی رۆمانه‌كه:
رۆمانی (داروسیای جوان) له‌سێ به‌ش پێكهاتووه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر توندوتۆڵ پێكه‌وه گرێدراون، باس له‌چیرۆكی درامی ژیانی خێزانی (ئیلاشوك) ده‌كات و له‌هه‌مانكاتدا چه‌ندین ره‌گه‌زی مێژوویی و فه‌لسه‌فی و سایكۆلۆژی له‌خۆگرتووه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئه‌م رۆمانه تاڕاده‌یه‌ك رۆمانێكی قه‌باره بچووكه، نزیكه‌ی (220) لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
رۆمانه‌كه باسی ژیانی خه‌ڵكمان بۆ ده‌كات له‌ناوچه‌ی (بۆكوفینا)دا له‌ژێر سایه‌ی رژێمه داگیركاره بیانییه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كاندا هه‌ر له رژێمی رۆمانی و ئه‌ڵمانی و سۆڤێتییه‌كانه‌وه و په‌یوه‌ندییه ناجێگیره‌كانی نێوان هه‌ریه‌ك له‌م رژێمانه و هاونیشتمانییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌روه‌ها باسی ئازاری خه‌ڵك له‌سایه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته جیاوازیكه‌رانه‌وه كه ئه‌و رژێمانه پیاده‌یان كردووه ده‌كات، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا رووداوه مێژووییه‌كان بابه‌تی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه نین چونكه پێش هه‌موو شتێك رۆمانه‌كه باس له شكستهێنانی ده‌روونی و ئاكاری و مه‌عنه‌وی خه‌ڵكه‌كه و تێڕوانینیان بۆ جیهان له رێگای رووداوه مێژووییه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانه‌وه ده‌كات، كاره‌ساتی یه‌ك خێزان ده‌خاته‌ڕوو، خێزانی میخائیل ئیلاشووك و هاوسه‌ره‌كه‌ی ماترونكا و كچه‌كه‌یان داروسیا و له‌رێگای ئه‌م خێزانه‌وه كۆژانی كۆی گه‌لی بۆكۆفینا ده‌خاته‌ڕوو، تووشی شێواندن بوونه‌ته‌وه له سه‌رده‌می داگیركاری سۆڤێتیدا.
*به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه:
" داروسیای جوان" كارێكی داهێنه‌رانه‌ی گونجاو و نموونه‌ییه له روانگه‌ی رێكخستنی بونیادنه‌رانه‌وه هه‌ر به‌شێك له رۆمانه‌كه خاوه‌نی ناونیشانی تایبه‌تی خۆیه‌تی به‌شی یه‌كه‌م ناوی "داروسیا" ، "درامای رۆژانه" یه، و به‌شی دووهه‌م ناوی "ئیڤان گفۆزدیك" - "درامای پێشوو" به‌شی سێهه‌م ناوی "به‌رچووی میخائیل" دراما زۆر گرنگه‌كه‌یه. هه‌ر وه‌كو ده‌بینین، له‌هه‌ر یه‌كێك له ناونیشانه‌كاندا نووسه‌ر وشه‌ی "دراما"ی به‌كارهێناوه بۆ جه‌خت خستنه‌سه‌ر كاره‌ساتباری رووداوه‌كان و رێكخستنی ئه‌م به‌شه درامییانه به‌پێی رێكخستنی كاتی ناكرێت به‌ڵكو به رێكخستنێكی پێچه‌وانه‌وه رێك ده‌خرێن به‌شێوه‌یه‌ك رێگا به نووسه‌ر ده‌دات هۆشمه‌ندی كه‌سایه‌تییه‌كان له‌كاتی شیاودا بدۆزێته‌وه و تایبه‌تمه‌ندی ره‌فتاریان و پێكهاته‌ی كرده‌وه‌كانیان بزانێت.
شایه‌نی باسه بابه‌تی لادێ و ژیان له‌سه‌رده‌می داگیركاریدا، بابه‌تێكی نوێ نییه له ئه‌ده‌بی ئۆكرانیدا، به‌ڵام به‌دیاریكراوی له‌م رۆمانه‌دا كۆكردنه‌وه‌یه‌ك له‌نیوان رابردوو ئێستا كراوه به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو و سه‌رسوڕهێنه‌ر، ماریا مایتۆس جۆرێكی نوێی له رۆمانی درامی هێنایه نێو ئه‌ده‌بی ئۆكرانییه‌وه له رێگای كاره دیاره‌كه‌یه‌وه" داروسیای جوان"
پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه "داروسیا" بازنه‌یه‌كی گه‌یاندنه له‌یه‌ككاتدا به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه و سه‌رده‌مه مێژووییه جیاوازه‌كان پێكه‌وه گرێده‌دات چونكه له‌دوو ئاستی زه‌مه‌نی جیاوازدا ئاماده‌یه رابردوو و ئێستا و ئه‌و پاڵه‌وانی سه‌ره‌كییه له‌هه‌ردوو به‌شی "داروسیا" و "ئیڤان گفۆزدیك" دا هاوكات له‌به‌شی سێهه‌مدا ناوی "به‌رچووی میخائیل"ی لێنراوه كه‌سایه‌تییه‌كی لاوه‌كییه به‌ڵام زۆر گرنگه.
*پوخته‌ی به‌شه‌كانی رۆمانه‌كه:
له‌به‌شی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر جه‌ختی له كه‌سایه‌تی "داروسیا" كردۆته‌وه، ئه‌و كچه‌ی قسه ناكات بۆیه وێنای كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی له‌رێگای رژاندنی به‌لێشاوی هه‌ست و بیركردنه‌وه‌كانییه‌وه كردووه به‌شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ده‌چێته‌نێو قووڵایی جیهانی ناوه‌كی پاڵه‌وانه‌كه‌وه. له‌م به‌شه‌دا ماریا مایتۆس ئازاره جه‌سته‌یی و ئه‌قڵییه‌كانی داروسیا ده‌گوازێته‌وه له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كه‌ی شێت نییه به‌ڵكو له‌جیهانێكی تایبه‌ت به‌خۆیدا ده‌ژی، ئه‌م جیهانه‌ی له‌سروشته‌وه نزیكتره تاوه‌كو له‌خه‌ڵكی. بێگومان تاوه‌كو ئێستاش هه‌ندێك كه‌س له‌یادیانه داروسیا له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدابوو چۆن پیاوانی سه‌ر به‌یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت -كه له پێناوی له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕه ئۆكرانییه‌كان دروستبوون-به به‌خشینی شیرینی پێی له خشته‌یان بردووه تاوه‌كو دان به‌وه‌دا بنێت باوكی نان و شیره‌مه‌نییه‌كان ده‌دات به‌شۆڕشگێڕه‌كان، ئه‌م زۆربڵێییه منداڵانه و ساویلكه و راستگۆییانه‌ی داروسیا بووه هۆی كوشتنی دایك و باوكی. به‌جۆرێك باوكی له‌سێداره درا و دایكیشی خۆی خنكاند چونكه نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ منداڵێكدا بژی بووه هۆی له‌ناوبردنی خێزانه‌كه‌ی. ئه‌و منداڵه‌ی له‌خێزانێكی كریستیاندا په‌روه‌رده ببوو و راستگۆیی گرنگترین به‌ها بوو له‌ژیاندا به‌شێوه‌یه‌ك نه‌یده‌توانی درۆ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كه‌یشدا بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه هه‌ستی كردبێت له‌و كاته‌دا بێده‌نگ بێت باشتره، ئه‌و تراژیدیاخێزانییه ترسی چاند له‌نێو رۆحی منداڵه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری له‌ده‌ستدانی باڵانسی ده‌روونی و توانای قسه‌كردنی و پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد ئه‌و بۆچی جوانه؟! هه‌روه‌ها به‌ته‌نها بینینی یه‌كێك له جۆره‌كانی شیرینی تووشی سه‌رئێشه‌یه‌كی ترسناكی ده‌كرد كه به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت و رایده‌كرد لێی و خۆی لێده‌دزییه‌وه یان به‌چوونه سه‌ر ده‌ریا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ یاخود به‌خاك هه‌ڵكه‌ندن، دواتر خۆی گۆشه‌گیركرد له خه‌ڵك (داروسیا هه‌موو شتێك ده‌بیستێت، هه‌موو شتێك ده‌زانێت، به‌ڵام قسه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك ناكات.) خه‌ڵكی پێیان وایه لاڵه، به‌ڵام وا نییه، نایه‌وێت بدوێت، چونكه پێیوایه له‌وانه‌یه قسه‌كردن زه‌ره‌رمه‌ند بێت.
لێره‌دا ئه‌م دیمه‌نه‌ی سه‌ردانی داروسیا بۆ سه‌ر مه‌زاری باوكی وه‌كو گه‌وره‌ترین رێژه له‌ده‌ربڕین و سۆز ده‌رده‌كه‌وێت چونكه ئه‌و دڵی خۆی به‌گفتوگۆی خه‌یاڵی له‌گه‌ڵ باوكه مردووه‌كه‌یدا ده‌داته‌وه و واهه‌ست ده‌كات رۆحی لێی جیابۆته‌وه و له‌نیمچه له‌خۆچوونێكدا ده‌مێنێته‌وه پێش ئه‌وه‌ی رۆحی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای خۆی. هه‌ر كاتێكیش سه‌ردانی مه‌زاری باوكی نه‌كات بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك باوكی له‌خه‌ونه‌كانیدا ده‌بینێت.
به‌شی دووه‌م به‌شی (ئیڤان گفۆزدی)یه تایبه‌ته به‌و په‌یوه‌ندییه نامۆیه‌ی له‌نێوان گه‌نجێكی لادێی به‌ناوی (ئیڤان شیفیرك) و (داروسیا)دایه هه‌ردووكیان له‌په‌راوێزی كۆمه‌ڵگادا كۆتایی به‌ژیانیان دێت، به‌ڵام ئه‌م پێگه‌یه‌یان رێگریان لێ ناكات كه بۆ ماوه‌یه‌ك به‌خۆشی بژین پێكه‌وه. بیرۆكه‌ی ئه‌م به‌شه بریتییه له‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش بكات بێ هیوا بوون له‌چاره‌سه‌ر، هه‌روه‌ها ده‌توانێت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م زۆرداری و نادادپه‌روه‌ری ئه‌م جیهانه به‌مرۆڤه‌كان له‌یادبكات.
نووسه‌ر زۆر به روونی و له رێگای دیالێكتێكی ناوخۆییه‌وه توانیویه‌تی وێنای ژیانی رۆژانه و كه‌سایه‌تییه میللییه‌كان بكات. هۆكاری نه‌توانینی كۆتاییهێنانی به‌كاره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی روون بكاته‌وه. چونكه كۆتایی خۆش بۆ گرێچنی تراژیدی زۆر نائاسایی ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها ماریا مایتۆس جه‌خت له سروشتی ده‌روونی رۆمانه‌كه ده‌كاته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك زۆر به‌ئاشكرا هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو رۆمانه‌كه هۆكاری لۆژیكی تایبه‌تی خۆیانیان هه‌یه.
به‌شی سێهه‌می رۆمانه‌كه (به‌رچووه‌كه‌ی میخائیل) پڕیه‌تی له رووداو، باسێكی دڵڕفێنی تێدایه بۆ دابونه‌ریته ناوخۆییه‌كان و چیرۆكه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه و بۆ رابردوو بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و باس له‌دوو كه‌سایه‌تی لاو ده‌كات (دایك و باوكی داروسیا) كه هه‌وڵیان داوه خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان له مرۆڤه‌كانی ده‌ورووبه‌ریان بشارنه‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و جه‌نگ و ئیره‌یی مرۆڤه‌كان جیهانه خنجیلانه شاراوه‌كه‌یان كه‌رت كه‌رت ده‌كات و ده‌یانهاوێژێته نێو گۆڕه‌پانی رووداوه مێژووییه‌كانه‌وه و ئا لێره‌دایه ترۆپكی كاره‌كه بۆ خوێنه‌ری روون ده‌كاته‌وه هۆكاری نه‌خۆشكه‌وتنی داروسیا چی بوو؟ شایه‌نی باسه ئه‌م به‌شه‌ی (به‌رچووی میخائیل) نزیكه‌ی نیوه‌ی رۆمانه‌كه پێكده‌هێنێت، ماریا ماتینۆس هۆكار و ئه‌نجامه‌كانی تراژیدیای بۆكۆفینییه‌كان ده‌رده‌خات و به‌شێوازێكی قایلكه‌ر و ریالیستانه وێنای به‌كرێگیراوانی رژێمی سۆڤیه‌ت له‌نێو ئۆكرانییه‌كاندا ده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌فسه‌ر دیدۆشینكۆ هه‌روه‌ها به‌تێڕوانین و دیده ورده‌كه‌ی تراژیدیای ماترۆنكا و داروسیا وێنا ده‌كات.
له‌هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌دا نووسه‌ر رووداوه مێژووییه‌كانی هه‌ڵبژاردووه و درامای په‌یوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌كانی ده‌رخستووه و رووداوه‌كانی رابردوو و ئێستای پێكه‌وه گرێداوه نه‌ك ته‌نها به‌یاریده‌ی گرێچنه پێچه‌وانه‌كه‌وه، به‌ڵكو له‌رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه و هانده‌ریش. دیالۆگ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی داگیركردووه له رۆمانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌ك وای لێكردووه له‌شێوه‌ی درامایه‌كه‌وه نزیك كردۆته‌وه و به‌شداری كردووه له رۆچوونی ده‌روونیدا بۆ نێو ناخی كه‌سایه‌تییه‌كان و ده‌رخستنی تایبه‌تمه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی بیركردنه‌وه، رۆمانه‌كه زۆر به‌هێزه له‌لایه‌نی دڵه‌ڕاوكێی سۆزدارییه‌وه و ئه دڵه‌ڕاوكێیه‌ش ورده ورده به‌رزده‌بێته‌وه له‌نێو گشت درامایه‌كدا و له‌كۆتاییدا گه‌شه ده‌كات بۆ گرته‌یه‌كی لووتكه‌یی.
*وه‌رگێڕانی رۆمانه‌كه:
وه‌رگێڕانی ئه‌م رۆمانه وه‌رگێڕێكی لێهاتووی ده‌وێت كه ئاڵنگارییه‌كی زۆر گه‌وره ده‌نوێنیێت بۆ وه‌رگێڕانێكی باش، ئه‌م ئاڵنگارییه‌ش بریتییه له وه‌رگێڕانی ئه‌و شۆكه ریشه‌ییه قووڵه‌ی ئۆكرانیا و گه‌له‌كه‌ی بۆ زمانێكی دیكه خاتوو مایتۆس زۆر به‌شاره‌زایی و لێهاتووییه‌وه وێنای كردووه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه پڕیەتی له وشه‌كانی دیالێكتی ناوخۆیی ئۆكرانیا هاوشێوه و هاوتای نییه له هیچ زمانێكی دیكه‌دا، ئه‌مه و وه‌رگێڕی فه‌ره‌نسی خاتوو فرانجیسكا فیچی سه‌ردانی (بۆكۆفیتا)ی كرد و لێكۆڵینه‌وه‌ی له كه‌لتوری ئه‌ده‌بی و دیالێكتێكی ناوخۆیی و دابونه‌ریته میللییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كرد له‌پێش ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه وه‌ربگێڕێت بۆ فه‌ره‌نسی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو رێگریانه‌شدا رۆمانی (داروسیای جوان) وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زۆرێك له زمانه بیانییه‌كانی دیكه له‌وانه زمانه‌كانی (ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و ئیتالی و روسی و ژاپۆنی...) هه‌روه‌ها كراوه به‌چه‌ند فیلمێكی سینه‌مایی و وه‌رگێڕدراوه بۆ شانۆگه‌ری و له‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ستهێناوه.
له‌جیهانی عه‌ره‌بیشدا ترسێك هه‌یه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له وه‌رگێڕه‌كانه‌وه یه‌كێك له ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه بازرگانییه‌كان ئه‌م رۆمانه وه‌ربگێڕێت بۆ زمانی عه‌ره‌بی له رێگای یه‌كێك له زمانه نێوه‌نده‌كانه‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكاری له‌ده‌ستدانی چێژی ئه‌م رۆمانه (بۆكۆفینییه).
سه‌رچاوه: سایتی middle-east-online.com