گەشتوگوزار لە هۆڵەندا

10:55 - 2022-11-13
دووتوێ
543 جار خوێندراوەتەوە
#هۆڵەندا بودجەیەکی زۆری بۆ بواری گەشتوگوزار تەرخانکردووە

هاشم غەمگین
هۆڵەندا لە چوار شاری گەورە پێکهاتووە (ئەمستردام، رۆتردام، دەنهاخ، ئوترێخت) هەر یەکێک لەم شارانە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، لەڕووی ئەوەی لە چ بوارێکدا بەناوبانگن، لە دەوروبەری هەر شارێکدا چەندین شارۆچکە و شارەدێ و گوند هەن، بەشێوەیەکی زۆر جوان و شارستانیەتی باڵا دروستکراون، خۆشییەک لەم وڵاتەدا کە گەشتیاران پێی ئاسوودە و  دڵخۆش و سەرسامن، ئەوەیە هەست بە شەکەت و ماندووبوون لە گەڕان و بەسەرکردنەوەی شارو شوێنەکان ناکەیت، ئەزیەت و مەسرەفێکی کەم دەکەوێت لەسەر شانت، بەوەی دەتوانرێت لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی شارو شارۆچکە و گوندەکان بەسەر بکەیتەوە، چونکە دووری نێوان زۆربەی شارو شارۆچکەکان بەشەمەندۆفێر لە(10-15) خوولەک تێپەڕناکات، هاوکات ئەمسەر بۆ ئەو سەری هۆڵنداش بە 3 سەعات دەبڕیت.
هۆڵەندا  لەبەر ئەوەی 7 مەتر نزمە لە ئاست بەرزی دەریاوە، لە زۆربەی شارەکان بە شێوەیەکی جوان جۆگە و رووبار دروستکراوە، لەکاتی کەشوهەوای ئاساییدا گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بە بەلەم بەنێو شارەکاندا پیاسە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەشاروگوندەکان رێگەی نێوانیان ئاوە و بە بەلەم و پاپۆڕ هاووڵاتیان دەگوێزرێنەوە.

گەشتیار لە هۆڵەندا
هۆڵندییەکان لەگەڵ گەشتیار و خەڵکی بیانی کراوە و رووخۆشن، تێکەڵبوون لای ئەوان کەلتور و نەریتە، بۆیە هەر پرسیارێکیان لێ دەکەی بە رووخۆشی وەڵامت دەدەنەوە، ئەگەر پێویست بکات بۆ گەیشتن بەو شوێنە هاوکارو یارمەتیدەرت دەبن.
هۆڵەندا لەبەر ئەوەی شاخ و چیاو دۆڵی تێدا نییە و خۆیان بە بودجەیەکی زۆر شاخ دروست دەکەن، هەروەها کەشوهەوایەکی خۆشی هەیە و لە هەر چوار وەرزەکەدا خۆر و هەور هەیە و بارانیش دەبارێت.
- هۆڵەندییەکان لەئیشکردن و کارو وەزیفەدا جددی و چالاکن، رێز لەکات دەگرن و زۆر پابەندن بە مەوعیدەوە، زۆربەی دامودەزگاکانیش لەلایەن خانمانەوە بەڕێوەدەبرێ.
- لەیاری مۆندیال و جامی ئەوروپادا، هەر کاتێک هۆڵەندا یاری هەبووبێت، لە هەموو شارەکان خەڵکی بەجلوبەرگی پرتەقاڵی لە نێو سەنتەری بازاڕدا لە گۆڕەپانێکدا گرد دەبنەوە، لەڕێی دانانی شاشەییەکی تیڤی گەورەوە پەخشی یارییەکە دەکرێت و هەموان تەماشای دەکەن.

رۆتردامRotterdam 
رۆتردام Rotterdam بەشاری کەلتور و رۆشنبیری و هونەر ناسراوە، لەڕووی جوانکاری و تەلارسازییەوە گرنگییەکی تەواوی پێدراوە و خۆشتر و جوانترە لە شارەکانی دیکە، بەوەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کاتێک هیتلەر هاتووە هۆڵەندا داگیربکات، خەڵکی ئەم شارە هاوشێوەی کۆبانێ شەڕو بەرگرییەکی سەختیان کردووە لە پاراستنی وڵات و شارەکەیان، لە بەرەنگاربوونەوە نەوەستاون تا شارەکەیان بە تەواوی خاپوورکراوە، بۆیە هۆڵەندا لە دروستکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییدا تایبەتمەندیی و گرنگی تەواوی بەم شارە داوە، ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری گەورەی کردووە و دەکات لە نوێبوونەوە و جوانکردنی، وێنەی دێرینی ئەم شارەش وەک رێزگرتنێک لە ئازایەتی و خۆڕاگری خەڵکی شارەکە، لە زۆربەی شوێنە گشتییەکان و ماڵاندا هەڵواسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بازاڕی گەورەی هاوچەرخ و نموونەیی لەم شارە دروستکراوە، هەروەها هونەرمەندی گەورەی ژاپۆن (جاکی شان) فلیمێکی لەم شارە بەرهەمهێناوە، بۆیە ئەو گەشتیارانەی دێنە شاری رۆتردام هەست بەخۆشی و دڵڕفێنی دەکەن و کاتێکی خۆش لە دیمەنە نایابەکانی بەسەردەبەن.
لەڕووی راگەیاندنەوە رۆژنامەیەکی رۆژانەیان هەیە بە ناوی میترۆ، بەیانیان لەبەردەم دەرگای وێستگەکانی میترۆ و شەمەندۆفێردا بەشێوەیەکی جوان دانراوە، هەر کەسێک بیەوێت بیخوێنێتەوە، دەتوانێت بەخۆرایی وێنەیەک هەڵبگرێت و بیبات بۆ ناو میترۆ و شەمەندۆفێرەکان، لە تەلەفیزیۆن و ڕادیۆشدا گرنگیان بەکردنەوەی کەناڵی لۆکاڵی و ناوخۆیی داوە وەک لە کەناڵی ئاسمانی، هەموو کەناڵەکانیش لەشارێکدا پەخش دەکرێن.
کەدەڵێن هۆڵەندا واتە وڵاتی گوڵ و گوڵزار، بۆیە داهاتێکی زۆر لەم سێکتەرەدا بۆ خەڵک و حکومەت دەستەبەر بووە.
بە گشتی شەوانی هەینی و شەممە لە سەعات 3-10 لە هەموو شارو شارۆچکە و گوندەکان خەڵک لە هۆڵەندا وەک ئاهەنگێک بۆ حەوانەوەی ماندوێتیان لە رۆژانی رابردووی وەزیفە و کارکردنیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەماڵ دەچنە دەرەوە بۆئەوەی لەباڕو رێستۆرانت و دیسکۆکان کات بەسەربەرن، بۆئەوەی پشێوی و کاری نایاساییش روونەدات، لەکاتی رۆشتنەوەیان بۆ ماڵەوە، پۆلیس بەئەسپ و ئۆتۆمبێل و پاسکیلەوە، لە بەردەم باڕەکاندا رادەوستن و چاودێرییان دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەندا تاکە وڵاتە لە جیهاندا ماددەی هۆشبەری جۆری (حەشیش) رێگەپێدراوە و قەدەغە نییە و لە هەموو شارێکدا شۆپی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ماددە هۆشبەرەکانی دیکەی وەک کۆکاین و تلیاک..هتد سزای یاسایی لەسەرە. 
بەگشتی سێ فرۆکەخانە لە هۆڵەندا هەیە گەورەترینیان فرۆکەخانەی سخیپوولە لە ئەمستردامی پایتەخت رۆژانە چەندین گەشتی ئاسمانی تێدا دەکرێت، بازاڕێکی هاوچەرخی گەورە لەم فرۆکەخانەیە هەیە، نرخی شمەک و کەلوپەلەکانی هەرزانترە لەچاو شوێنەکانی دیکە و باج و رسومات لەسەر کاڵاکان نییە، هەروەها هۆتێلێک بۆ مانەوەی کاتیی لە تەنیشت ئەم فرۆکەخانەیە دروستکراوە بەناوی شیراتۆن، وێستگە و هێڵەکانی شەمەندۆفێر و پاس و تاکسی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران گەیەنراوە بە فرۆکەخانەکە، بەبێ گەشتکردنیش هاووڵاتیان بۆیان هەیە و دەتوانن سەردانی فرۆکەخانەکە بکەن و لە رێستۆرانت و کافتریاکانی ئەوێ دابنیشن و پشوو بدەن.

شاری ئوترێخت (Utrecht)
شاری ئوترێخت چوارەم شاری گەورەی هۆڵندایە و گەورترین و کۆنترین زانکۆ لەم  شارە دروستکراوە و چەندین دەزگای مەعریفی تێدایە، زۆر بینای کۆنی مێژوویی  و جوان و گەورە لەم شارە دەبینرێت، گەشتیارێکی زۆر بۆ مەبەستی بە سەربردنی کاتێکی خۆش و وێنەگرتن سەردانی ئەو بینایانە دەکەن.

شاری دەنهاخ (Denhaag) لاهای
دەنهاخ سێیەم شاری گەورەیە و بە پایتەختی سیاسی ئەو وڵاتە ناسراوە، هەرچی دامودەزگای حکومی و ماڵی شا و دادگای لاهای و کۆنسڵخانەی وڵاتانە لەو شارەدا جێگیر کراوە.
لە هۆڵەندا زیاتر لە (400) مۆزەخانە هەیە، هەریەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و گەورەترینیان مۆزەخانەی ریجکسە کە ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیار رووی تێدەکات، هەروەها مۆزەخانەی ڤان کوخ باشترین مۆزەخانەیە لە جیهاندا کە وێنە و بەرهەمەکانی ڤان کوخ –ی شێوەکاری تێدابێت، نزیکەی 200 پۆستەری زەیتی و 500 پۆستەری دیکەی ڤان کوخی تێدایە، هەروەها دەیان پۆستەری دیکە لەو مۆزەخانەیەدا دەبینرێت کە لەلایەن هاوڕێکانی ڤان کوخەوە لەو سەردەمەدا کێشراون، جگەلەوە مۆزەخانەیەکی گەورەی تایبەت بە شەمەندۆفێرەکانی هۆڵەندا لەشاری ئۆترێختدا هەیە.
لە هۆڵەندا لە سەرجەم شەقامەکانیدا بەپانی زیاتر لە مەترێک بەڕەنگێکی جیاواز شەقام بۆ هاتوچۆکردنی پایسکیل جیاکراوەتەوە، جگە لە دانانی هێمای پێویست لە سەرجەم فەرعەکاندا وەکو ئوتۆمبێل ترافیک لایت بۆ راوەستان و دەرچوونی پایسکیل دانراوە. هاوکات پۆلیس سزاو رێنمایی بۆ چاودێریکردن و چۆنێتی لێخوڕینی پایسکیل هەیە، ئەوەش وایکردووە ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ ئەو وڵاتە بخوڵقێت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان