ئا: مانی دڵشاد
لەدەستدانی کێش و چەوری لەش پشت بە هەندێ فاکتەر دەبەستێت، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراک هەندێ ئامۆژگاری دەدەن لەبارەی خواردن و خواردنەوەکانەوە بەوەی پرۆسەی خۆ لاوازکردنت بۆ ئاسان دەکات، پێگەی She Finds جەخت لەسەر یەک خواردنەوەی گەرم دەکات کە یارمەتیت دەدات بۆ لەدەستدانی کێش و لاوازبوون ئەویش چای سەوزە.
هەرچەندە چای سەوز و رەش لە هەمان رووەکەوە دێن، بەڵام دوای لێکردنەوەیان شێوەی چارەسەرکردنی چای رەش جیاوازە لە چای سەوز، هەروەها پسپۆری خۆراک لیزا ریچارد باس لەوە دەکات ئەو خواردنەوەیە سوودی تەندروستی زۆری تێدایە، چونکە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسان ئەوەش یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ لەدەستدانی کێش.
ئەو دەڵێت: کاتێک مەسەلەکە پەیوەستە بە دژە ئۆکسانەوە، ئەوا چای سەوز رێژەیەکی زۆری تێدایە، ئەوەش وادەکات یەکێک بێت لە باشترین چایەکان بۆ خواردنەوە ئەگەر بتەوێت کرداری کردنی خواردن بە وزە لە جەستەدا باش بکەیت، هەروەها بە گشتی باشترین خواردنەوەیە بۆ تەندروستی.
ئەو پسپۆرە دەڵێت: دژە ئۆکسانەکان سودی تەندروستی گرنگیان بۆ لەدەستدانی کێش و خۆ پاراستن لە نەخۆشییەکان و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا لەگەڵ خۆپاراستن لە شێرپەنجە هەیە.
پێشتریش لێکۆڵەرە چینییەکان سوودە تەندروستییەکانی چای سەوزیان دەرخستبوو نەک چای رەش.
هاوکات لێکۆڵەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە خواردنەوەی چای سەوز بەڕیکوپێکی وادەکات مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک بە رێژەی 20 ٪ کەمبێتەوە لەگەڵ 22 ٪ کەمتر مەترسی مردن دەبێت بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.
سەرچاوە: عربی بوست