راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
پایز وه‌رزی گه‌ڵا رێزانه و جوانییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، بەڵام ترسی هاتنی زستان و سەختی دەستکەوتنی هۆکارەکانی گەرمەکردنەوە بەتایبەتی باس لەوە دەکرێت زستانێکی سەخت بەڕێوەیە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان دروستکردووە، له پایزه‌وه هه‌وڵ دەده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و بەشە نه‌وته‌ی پێویستیانه.
58 به‌نزینخانه‌ی حكومی و ئه‌هلی هه‌یه
بۆ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م و تشرینی دووه‌م بڕی 100 لیتر نه‌وت به دانیشتوانی كه‌ركوك ده‌درێت بۆ هه‌ر لیترێكیش به‌بڕی 30 هه‌زار دینار له هاووڵاتی وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام بۆ مانگه‌كانی (یه‌ك دوو، سێ) مانگانه بڕی 50 لیتر نه‌وت دابه‌ش ده‌كرێت.
پارێزگا به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی نییه
كه‌ركوك خاکەکەی پڕە له نه‌وت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینی گه‌نج و به ته‌مه‌نه‌كان به‌نێر و مێوه به چه‌ند ده‌به‌یه‌كه‌وه له‌به‌ره به‌یانیه‌كی زووه‌وه له‌سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی نه‌وتدان له به‌نزیخانه‌كان، به‌رپرسانی شارەکە بیریان له‌وه نه‌كردۆته‌وه پێشهاتنی وه‌رزی سه‌رما به‌رمیلێك یان دوو به‌رمیل به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده ئازار نه‌چێژێن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی مانگانه بۆیان دابین كراوه.
ژیانمان بۆ نۆره‌گرتن ته‌رخانكردووه
عه‌لی كه‌ریم، فه‌رمانبه‌رە له فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك، وتی: له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌رمادا هه‌موو مانگێك، چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌ت وه‌ردەگرم، له سەرەدا دەوەستم له به‌رده‌م به‌نزینخانه‌یەکدا بۆ وه‌رگرتنی نه‌وتی مانگانه‌م كه 50 لیتر نه‌وته، هیوادارم حكومه‌ت بیرمان لێ بكاته‌وه و به‌یه‌كجار به‌رمیلێكمان بداتێ له‌بری ئه‌و 50 لیتره، چونكه ناكرێت من هه‌موو مانگێك سه‌ردانی وێستگه‌كانی وه‌رگرتنی نه‌وت بكه‌م و نۆره‌گرتن و قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ی له‌ولاوه بوه‌ستێت ئه‌مه چییه زستان هاتووه، له‌م وڵاته‌دا هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزێكدا ترس و دڵه‌ڕاوكێ دامان ده‌گریت.. وه‌رزی هاوین ترسی نه‌بوونی ئاو و كاره‌باو ترسی گرانی نرخی موه‌لیده، زستانیش به‌هه‌مان شێوه هێشتا سه‌رما نه‌هاتووه به چه‌ند ده‌به‌یه‌كه‌وه له سەرەگرتندا وه‌ستاوین، به‌داخه‌وه حكومه‌تی وا كه‌مته‌رخه‌مم نه‌بینیوه ته‌نها بۆته مۆته‌كه بۆ خه‌لك و هیچی تر.
خۆی له‌سه‌ره ده‌وه‌ستێ
شلێر عه‌لی، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئیسكانی كه‌ركوكه و خاوه‌نی سێ منداڵه، به‌دوو ده‌به‌وه له سەرەدا بوو بۆ وه‌رگرتنی نه‌وته‌كه‌ی، وتی: هاوسه‌ره‌كه‌م كرێكاره و سه‌رقاڵی په‌یداكردنی بژێوی ژیانه، ئه‌گه‌ر رۆژێك نه‌چێت بۆ كاركردن پێمانه‌وه دیاره، بۆیه به ناچاری خۆم دێمه سه‌ره‌كه‌وه و منداڵه‌كانیشم لای دراوسێیكانم دادەنێم، داواكارم له ده‌سه‌ڵاتداران بیرێك له‌م خه‌ڵكه داماوه بكه‌نه‌وه، چونكه ناكرێت هه‌موو مانگێك ئه‌م قه‌ره‌باڵغی و هۆسه‌یه بۆ دوو ده‌به نه‌وت دروست بێت.
دوو هێنده پاره ده‌ده‌م
سه‌ردار مسته‌فا، فه‌رمانبه‌ره له‌كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی دوو ده‌به نه‌وت، وتی: من ناتوانم مانگانه ئیزن وه‌ربگرم بۆ وه‌رگرتنی به‌شه نه‌وته‌كه‌م، بۆیه ناچار ده‌بم فۆڕمی خۆراكه‌كه‌م بده‌مه ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری وه‌رگرتنی نه‌وت ده‌كه‌ن و له به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێ دوو هێنده پاره بۆ وه‌رگرتنی به‌شه نه‌وته‌كه‌م بده‌م تا بۆم ده‌هێننه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ هێزه ئه‌منیه‌كان وه‌رگرتنی نه‌وتیان له‌و جۆره كه‌سانه قه‌ده‌غه كردووه كه بۆ ماڵانی وه‌رده‌گرن به‌بیانوی ئه‌وه‌ی نه‌وت به قاچاخ ده‌بن، من ده‌ڵێم: با ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر بكه‌ن كه به بۆڕی نه‌وته‌كه ده‌بەن، نه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان ئه‌مكاره ده‌كه‌ن.
چه‌ند جارێك سەبارەت بەم بابەتە په‌یوه‌ندیمان به‌كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه كرد، به‌ڵام هیچ كامیان ئاماده نه‌بوو لێدوان بده‌ن به بیانوی ئه‌وه‌ی به‌غدا رێگره و ناهێڵن لێدوان بۆ راگه‌یاندنكاران بده‌ن.
هه‌روه‌ها له كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری 58 به‌نزینخانه‌ی حكومی و ئه‌هلی هه‌یه و نه‌وت دابه‌ش ده‌كه‌ن، رۆژ نه‌ڕۆژێك له به‌نزینخانه حكومیه‌كان بڕی 36 هه‌زار لیتر نه‌وت دابه‌ش ده‌كرێت.
ساڵی پار كۆمپانیای به‌هه‌رمه نه‌وتیه‌كان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ چه‌ندین ته‌نكه‌ری گه‌ڕۆك بۆ دابه‌شكردنی نه‌وت له گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك کردووە، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ دیار نییه ئایا ئه‌و گرێبه‌سته نوێده‌كرێته‌وه یان نا، ئه‌مكاره‌ش بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە، چونكه ته‌نكه‌ره‌كان له‌سه‌ر كۆڵانی گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌وه‌ستان و خه‌ڵكی به ئاسانی نه‌وته‌كه‌یان وه‌رده‌گرت.
ئالییه‌تی دابه‌شكردن لاوازه
پلانی حكومه‌تی عیراق، پلانێكی ئەوتۆ نییە، به‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌دا زاڵ‌بێت هه‌موو ساڵێك دێته رێگه‌ی لە دابیکردنی نەوتدا بۆ هاووڵاتیان، سەرەڕای گۆڕانكارییه‌كانی حكومه‌ت، نه‌توانراوه وه‌كو پێویست به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن دابنێن به‌سه‌ر ئه‌و گیروگرفتانه‌دا زاڵ‌بن کە هه‌موو ساڵێك دێته رێگه‌یان.