״یەكڕیزیی نیشتمانی بۆ زامنكردنی مافە دەستوورییەكان״

08:51 - 2022-04-05
ڕاپۆرت
749 جار خوێندراوەتەوە

بۆ زامنكردنی مافە دەستوورییەكان یەكێتی تەئكید لە یەكڕیزیی نیشتمانی دەكاتەوە 

راپۆرتی: جێگر خدر

نوێنەرانی كورد لە بەغدا و چاودێرانی سیاسی، جەختدەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كورد یەكڕیزیی خۆی بپارێزێت، تا ئامانجە بەدینەهاتووەكان بێنێتەدی و مافە دەستوورییەكانیشی بپارێزێت.

یەكڕیزی، یەكێك لە ئامانجە  سەرەكییەكانی یەكێتی
لەوبارەیەوە، دكتۆر بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەدا «لە پاڵ خزمەتكردن بە گەلی كوردستان، لە هەموو قۆناغەكاندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئامانجێكی دیكەی سەرەكیشی هەبووە، ئەویش دژی هیچ ئایدیۆلۆژیایەكی جیاواز نەبێت و هەوڵی سڕینەوەی هیچ لایەنێكی نیشتمانیشی نەداوە، ئەم سیاسەتەش رابەرەكەی دایڕشتووە، كە سەرۆك مام جەلال لە بەغدا، هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی لایەنە ناكۆك و دژەكان بوو»، وتیشی: ئێستاش بە هەمان گوڕوتینەوە و لەسەر هەمان رێباز، یەكێتی كار بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد و پێكهاتەكانی دیكە دەكات، ئەقڵیەتی گفتوگۆ و لێكنزیكبوونەوە و كاری پێكەوەیی شاڕێی خەباتی یەكێتییە، كاركردن بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عیراق و رێزگرتن لە پیرۆزییەكانی یەكدی رێگەیەكی دیكەیەتی، ئەمانەش تەنها دروشم نین، یەكێتی بە كردار سەلماندوویەتی. نوێترین بەڵگەش لە دواهەمین هەڵبژاردندا، یەكێتی بەر لە پڕۆسەكە تێكڕای حزبە كوردستانییەكانی بانگ كرد بۆ نێو هاوپەیمانییەكی بەهێزی كوردستانی تا بە یەك لیست بەشداربن. هەروەها لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، یەكێتی پەیامی بۆ هەموو براوەكانی هەڵبژاردن نارد كە پێكەوە بە یەك تیم و بە وەرەقەیەكی هاوبەشەوە بچنە بەغدا و پێكەوە شەڕی مافە دەستوورییەكان بكەن، ئەمانە هەموو لە نموونە جوانەكانی رێگە و رێبازی یەكێتی-ن و بەردەوامیش دەبێت لەسەری.
ئەوەشی روونكردەوە، لەم قۆناغەدا كە كێبڕكێكانی سەرۆكایەتییەكان و پێكهێنانی كابینەی نوێ لەوپەڕی گەرموگوڕیدایە و چۆتە ململانێی قووڵەوە، یەكێتی هەر پێداگرە لەسەر یەكڕیزی و دەیەوێت هەموو براوەكانی هەڵبژاردن بێبەش نەبن لە دەسەڵات و هیچ لایەك پەراوێز نەخرێت.

 


تەبایی، بە بەهێزی دەمانهێڵێتەوە
هەروەها، د.فوئاد عەلی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كاتێك سەرۆك مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا بوو، هەمیشە هەوڵیدەدا كە هێزە كوردستانییەكان یەكهەڵوێست و یەك تیم بن، ئەوە خوێندنەوەیەكی ژیرانە بوو بۆ دۆخی عیراق، چونكە كورد بە سەنگ و قورساییەكی زۆرەوە رووەو بەغدا دەچوو، لەو سەردەمەشدا ئەگەرچی لە نێوان پێكهاتەكاندا و لەناو خۆشیاندا جۆرێك لە ناكۆكی هەبوو، بەڵام كورد نەدەبووە بەشێك لە ململانێكان و بگرە هەوڵی چارەسەری دەدا، هەمووان لەسەر مێزی كورد، كە مام جەلال رابەرایەتی دەكرد، كێشەكانیان بۆ چارەسەر دەكرا، لە ئاكامیشدا كورد بە قازانجی سیاسی لێی دەهاتە دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە دۆخی سەقامگیری عیراق و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی كورد دیوە ئەرێنییەكەی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی گەلەكەمانە، یەكێتی ئێستاش ئەو سیاسەتە رێك و رەوانەی پەیڕەوكردووە و بافڵ جەلال تاڵەبانی لەوپێناوەدا داوای یەكڕیزی و یەكدەنگی لە هەموان كردووە، ئەو تێگەیشتنەی یەكێتی بۆ پرسە نەتەوەییەكان وایكردووە، كە هەمیشە یەكێتی وەك هێزێكی تێكۆشەر و كاریگەری سیاسی لە نێو خەڵك و هەرێم و عیراق و ناوچەكەدا بهێڵێتەوە.

لایەنەكان سازش بۆ یەكدی بكەن
لای خۆیەوە، د.موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، هۆشداریی دەدات لە ئەگەری یەكنەبوون و رێكنەكەوتنی لایەنەكان، كە «دەستوور و دواجار هەرێمی كوردستانیش دەكەوێتە بەردەم مەترسییەوە». وتیشی: لەم دۆخەدا عیراق لەبەردەم دوو ئەگەردایە، رێكەوتن و سازانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی رازیكەری تێكڕای پێكهاتەكان، یان شەڕی ناوخۆ و كودەتای سەربازی. «لە ئەگەری تێكچوونی بارودۆخی عیراقیش، دەستووری وڵات نامێنێت، كە دەستووریش نەما، بە واتای نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش دێت، دەشڵێت: لەبەر ئەو مەترسییانەیە، ئێمەش داوای یەكڕیزیی هەموو لایەنەكان دەكەین، پێویستە سازش بۆ یەكدی بكەن و بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان لە سەرووی خواستە حزبییەكانەوە بێت. ئەگەر عیراق بشێوێت، گورزی كوشندە بەر هەرێم دەكەوێت، عیراق دەوڵەتە و چەندان شەڕیشی تێدا رووبدات دواجار دەبێتەوە بە دەوڵەت و دۆخەكەی ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەو بارودۆخەی ئێستای هەرێم، دەستوور رایگرتووە، بۆیە دەبێت بیپارێزین.

سیاسەت و ستراتیژی كورد پێویستی بە یەكبوونە 
هەروەها، ئارام عەلی چاودێری سیاسی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ كورد، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی گرنگترین هەنگاوی سیاسییە لەمڕۆدا، ئەگەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە لەو پێناوەدا، بەڵام مەترسییەكانی قۆناغەكە پێویستی بە هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر و تێكڕای لایەنەكانی دیكەیە. عیراق و ناوچەكە بەتایبەتی دوای جەنگی ئۆكرانیا، لەبەردەم مەترسی نێوخۆیی، پاشان نێودەوڵەتیدایە، بیر و سیاسەت و ستراتیژی كورد پێویستی بە یەكبوونە.

#یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان