ئەستێرە بێ چانسەكانی كیشوەری رەش

11:09 - 2022-11-14
وەرزش
492 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یادگار ساڵح 


رۆژ لەدوای رۆژ دەستپێكردنی مۆندیالی 2022 - ی قەتەر نزیك دەبێتەوە، سەرجەم هەواداران و یاریزانانی تۆپی پێ لەچاوەڕوانیی دەستپێکردنی ئەم مۆندیالەدان بەتایبەتیش هەواداران و یاریزانانی تۆپی پێ وای دەبینن کە مۆندیالێكی جیاواز و كەشێكی تایبەتی دەبێت.
 لەم مۆندیالەدا چەندین یاریزان و ئەستێرەی دیاری كیشوەرەی ئەفریقا بەهۆی سەرنەكەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەكانیانەوە بۆ دوا یارییەکان، لەم مۆندیالە بێ بەش دەبن و وەك هاندەر و بینەرێکی ئاسایی سەیری یارییەکانی دەکەن، چەندین یاریزانی ئاست بەرز كە لەئەوروپا یاری دەكەن، لەم مۆندیالە بێ بەش بوون، دیارترین ئەو یاریزانانە ئەمانەی خورەوەن؛
محەمەد سەڵاح
یەكێك لەیاریزانە دیارەكانی ئێستای جیهانی تۆپی پێ محەمەد سەڵاح-ە، هەڵبژاردەی میسر لەپاڵاوتنەکانی کیشوەرەکەیەوە نەگەیشتە دوا یارییەكانی مۆندیال، ئەمەش دوای ئەوەی لەیارییەكی چارەنووسسازدا بەلێدانی پەنالتی یەكلاكەرەوە بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال شكستی هێنا،
محەمەد سەڵاحی باشترین گۆڵكەری  ئەمساڵ و وەرزی رابردووی خولی نایابی یانەكانی ئینگلتەرا خەونەكەی نەهاتە دی تا وەك پریمەرلیگ بتوانێت لەم مۆندیالەشدا هەوڵی بوون بە گۆڵكەر و ئەنجامی باش بدات، محەمەد سەڵاح لەساڵی 2011  - ەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی میسر بانگهێشتكراوە، لەو ماوەیەدا لە 86 یاریدا بەشدار بووەو توانیویەتی 49 گۆڵ تۆماربكات.
ریاز محرەز
ریاز محرەز لەگەڵ یانەكانی لیستەر سیتی و مان سیتی ناو و ناوبانگێكی زۆری دەركرد، بووبە یەكێك لەیاریزانە دیارەكانی ئەوروپا و كیشوەری ئەفریقا، بەهەمان شێوە لەگەڵ هەڵبژاردەی جەزائیریش ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، بەڵام نەیتوانی ببێتە فریادەرس بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئەمەش هاندەرانی بێ هیوا كرد، بەتایبەت كەجەزائیر لەیارییەکانی پاڵاوتندا(1-2) بەرامبەر كامیرۆن دووچاری شكست هات و نەیتوانی سەركەوتوو بێت، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو یاریزانە لەساڵی 2014ەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی جەزائیر بانگهێشتكراوە و تا ئێستا لە 77 یاریدا بەشداربووە و خاوەنی 27 گۆڵە.
فرانك كیسی
لەمیركاتۆی هاوینەدا فرانك كیسی یەكێك بوو لەو یاریزانانەی لەلایەن چەند یانەیەكی دیاری ئەوروپاوە گرنگییەكی زۆری پێدەدرا، دواجار ریزی یانەی ئەی سی میلانی بەرەو بارسیلۆنا بەجێهێشت، بەڵام لەگەل هەڵبژاردەی كوت دیڤوار سەركەوتوو نەبوو تا بگەنە دوا یارییەكانی مۆندیال،  بەتایبەت دوای ئەوەی لەقۆناغی گروپەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئەفریقا لە پلەی دووەمی گروپەكەیاندا وەستان وسەركەوتوو نەبوون، كیسی لەساڵی 2014ەوە لەریزی هەڵبژاردەی كۆت دیڤوار یاری دەكات و لەو ماوەیەدا 60 یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەكەی كردووەو خاوەن 7 گۆڵە.

ئۆبامیانگ
پیێر ئیمریك ئۆبامیانگ ئەو ئەستێرەیەی لە یانەی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە درەوشایەوەو دواتر بەرەو خولی نایابی یانەكانی ئینگلتەرا هەنگاوی ناو یانەی ئارسناڵ بووە وێستگەیەكی تری دەركەوتنی، دواتر رووی لەیانەی بارسیلۆنا كردو ئێستاش لەریزی یانەی چێڵسی یاری دەكات، ئەو ئەستێرەیەی كیشوەری رەش لە ساڵی 2009 - ەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی گابۆن بانگهێشتكراوە، كاتێك لەیارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیال یاریان دەكرد لەریزی یانەی بارسیلۆنا بوو، بەڵام نەیانتوانی قۆناغی گروپەكان ببڕن و لەپلەی دووەمدا گیرسانەوە و نەگەیشتنە دوا یارییەكانی مۆندیال.
ئۆسیمین
یەكێكی تر لەو ئەستێرە و یاریزانە ئاست بەرزانەی ئەفریقا كە ناتوانێت لەیارییەكانی مۆندیالدا بەشدار بێت، ڤیكتۆر ئۆسیمین-ی هێرشبەری یانەی ناپۆلی و هەڵبژاردەی نایجیریایە، ئەمەش سەرەرای ئەوەی نایجیریا لەرابردوودا یەكێك بووە لەهەڵبژاردە ئاست بەرزەكانی ئەفریقا و خاوەن یاریزانی ئاست بەرز بووە، بەڵام لەقۆناغی پاشكۆی پاڵاوتن بەرامبەر هەڵبژاردەی غانا دووچاری شكست بوون و لەبەدەستهێنانی بلیتێكی دوا یارییەكانی مۆندیال سەركەوتوو نەبوون.
جگە لەم یاریزانانە، چەند یاریزانێكی تریش بەهەمان شێوە لەدوا یارییەكانی مۆندیال بێ بەش بوون، لەوانە: محەمەد ئالننی-هەڵبژاردەی میسرو یانەی ئارسناڵ، یفیس بوسوما-ی یاریزانی تۆتنهام و هەڵبژاردەی مالی، عیمادۆ حەیدرا-یاریزانی هەڵبژاردەی مالی و یانەی لایپزیگ.

#دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان