سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: نامەوێت هیچ دیوارێك لە نێوان من و خەڵكدا هەبێت

09:38 - 2022-11-16
کوردستان
927 جار خوێندراوەتەوە

״مەبەستمانە كێشەكان چارەسەر بكەین و خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین״

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: نامەوێت هیچ دیوارێك لە نێوان من و خەڵكدا هەبێت، هێڵێكی گەرم بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئامادەكراوە، راشیگەیاند: مەبەستمانە كێشەكان چارەسەر بكەین و خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین، وتیشی: رێكەوتنەكانی پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەت جێبەجێنەكراوە، ئاماژەی بەوەش دا «ئێمە داوای لامەركەزیمان كردووە، نەك دووئیدارەیی».

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی دیدارێكی راشكاوانەدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، تیشكی خستەسەر چەندین پرسی گرنگی هەنووكەیی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستان و شێوازی حوكمڕانی و پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و رایگەیاند: من بڕوام بەوەیە خزمەتی خەڵكەكەی خۆم بكەم و تەنها كورد وایە 45-50 ملیۆن كەسین، بەڵام پەرتەوازەین.
 لەبارەی د.لەتیف رەشیدەوە، وتی: كاك لەتیف لە ئەوەڵین رۆژەكانەوە لەگەڵ مام جەلال-دا بووە، ئەو دەبوو ناوی لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتیدا بوایە، پێموایە لەوبارەیەوە غەدری لێكراوە.
لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی و  بەڕێز مەسعود بارزانی-دا، وتی: پەیوەندیم لەگەڵ كاك مەسعود زۆر باشە، دەمەوێت پەیوەندیم لەگەڵ كاك مەسعود باشبێت، بەڵام كەسانێك و دەستێك هەن ناهێڵن ئەو پەیوەندییە باش بێت، «نزیكەی 15 بۆ 16 جار سەردانم كردووە»، وتیشی: دەمەوێت حكومەتەكەمان خزمەتی ئەملاش و ئەولاش بكات، بەڵام هەست دەكەم دووئیدارەیی هەیە، راشیگەیاند: ئامادەین بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ پارتی، دەمانەوێت لە لاپەڕە نوێكەدا لەگەڵ پارتی كێشەكان چارەسەر بكرێن، هەروەها وتی: ئێمە هەرگیز دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە، لەكوێ دەیانەوێت و چۆن دەیانەوێت بە بەشداریی بیانییەكان، بە بەشداریی حزبە كوردستانییەكان، هەر خۆمان و خۆیان، ئێمە ئامادەین.
لەبارەی پرسی داهاتەوە، وتی: من جیاوازییەكی زۆر دەبینم و ئەوەی هەیە دووئیدارەییە، ئاماژەی بەوەش دا «31هەزار كۆمپانیا هەن 7 هەزاریان لە سلێمانییە، چوار هەزاریان کارناکەن، ئیتر چۆن باجی ئێرە وەك ئەوێ دەبێت»، راشیگەیاند: منیش دەمەوێت بزانم ئەو داهاتەی سنووری سوریا و نەوتی هەندێك ناوچە بۆكوێ دەچێت؟، ئەوەشی راگەیاند: چارەسەر ئەوەیە داهاتی هەموو كوردستان كۆبكرێتەوە و بە دادپەروەری دابەش بكرێتەوە، هەرلەوبارەیەوە وتی: وڵات بە پینەو پەڕۆ ناڕوات بەڕێوە، پارەی پاككردنەوەی سلێمانی حكومەت نایدات، ئێمە دابینیدەكەین، حكومەت مووچە نادات، دەرماڵەی خوێندكاران نادات، دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان دابین ناكات.
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستانیشەوە، وتی: لای من گرنگە گوێ لە هەموو لایەك بگرین، نابێت بپرسین پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی تر بۆچی دەست لەكار دەكێشنەوە؟ پارتی دەڵێت بەلامەوە گرنگ نییە، من بەلامەوە گرنگە.
لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، ئەوەی خستەڕوو كە پارتی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت، من ناچمە هەڵبژاردنێكەوە كە لیستەكەی خاوێن نەبێت، كێ دەچێتە گەمەیەكەوە كە بزانێت ئەنجامەكەی چییە؟، وتیشی: چالێنجێك بۆ پارتی، وەرن قانوونی هەڵبژاردن بگۆڕین و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، سبەی هەڵبژاردن دەكەین، ئەوەشی خستەڕوو: با چارەسەری كێشەی پێكهاتەكان بكەین و هەڵبژاردن بكەین، داوا دەكەین پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت.

״ئێمە داوای لامەركەزیمان كردووە،  نەك دووئیدارەیی״
״وەرن قانوونی هەڵبژاردن بگۆڕین و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، سبەی هەڵبژاردن دەكەین״

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان