بەرازیل، میوانی هەمیشەیی مۆندیالەكان

11:49 - 2022-11-21
وەرزش
455 جار خوێندراوەتەوە

مۆندیالی قەتەر ئەمڕۆ دووشەممە پێدەنێتە دووەم رۆژی یارییەكانییەوە، 32 هەڵبژاردەی نوێنەری سەرجەم كیشوەرەكان كە بەهێزترین هەڵبژاردەكانی كیشوەرەكانیانن بەشداریی تیادا دەكەن.
یەكێك لە هەڵبژاردە بەشدارەكان بەرازیلە، ئەم هەڵبژاردەیە لەگەڵ چەند هەڵبژاردەیەكی تر، یەكێكە لەو هەڵبژاردانەی پاڵێوراوی سەرەكین بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی مۆندیال و بەرز كردنەوەی جامی مۆندیال، ئەم هەڵبژاردەیە چەند لاپەڕەیەكی زێڕین و دەوڵەمەندی لەلاپەڕەكانی مێژووی مۆندیالدا هەیە، لەم راپۆرتەدا تیشكێك دەخەینە سەر چەند لاپەڕەیەكی درەوشاوەی مێژووی ئەم هەڵبژاردەیە.

فایلی هەڵبژاردەی بەرازیل
*هەڵبژاردەی بەرازیل میوانی هەمیشەیی و بەردەوامی مۆندیالەو لەسەرجەم مۆندیالەكاندا بەشداربووەو لە هیچ مۆندیالێك دانەبڕاوە.
* لەیەكەمین مۆندیالەوە (مۆندیالی ئۆرۆگوای - 1930) بەشداریی كردووە و  ئەم مۆندیالەی قەتەر دەبێتە 22 یەمین مۆندیال كە بەشداریی تیادا بكات.
*یەكەمین هەڵبژاردەیە زۆرترین جامی مۆندیالی بەرز كردۆتەوە كە پێنج جامە، بە جیاوازی یەك جام لە پێش هەریەكە لە هەڵبژاردەكانی ئەڵمانیاو ئیتاڵیاوەیە كە ئەمان هەریەكەو 4 جامی مۆندیالیان بەرز كردۆتەوە.
*یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل ساڵی 1914 دامەزراوەو دوو ساڵ دواتریش بۆتە ئەندامی یەكێتیی تۆپی پێی ئەمریكای باشوور و ساڵی 1923 یش بۆتە ئەندامی فیفا.
*پاش ئەوەی هەڵبژاردەی بەرازیل درووستدەكرێت، هەر پاش درووستبوونی هەڵبژاردەكە، بەمەبەستی كردنی یارییەكی دۆستانە چوون بۆ ئەرجەنتین و یارییەكی دۆستانەیان لە گەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ كردو ئەرجەنتینییەكان 3-0 ئەم یارییەیان بردەوە.
*ئەم هەڵبژاردەیە جامی مۆندیالەكانی 1958 - سوید، 1962 - چیلی، 1970 - مەكسیك، 1994 - ئەمریكا، 2002 - كۆریا و ژاپۆنییان بەرز كردۆتەوە.
*لەم مۆندالەی قەتەردا بەرازیلییەكان لە گروپی حەوتەمدا یاریی دەكەن، هەریەك لە هەڵبژاردەكانی (سربیا، سویسرا، كامیرۆن) لەگەڵ بەرازیل لەم گروپەدان.
*یەكەم یاریی بەرازیل رۆژی 24/11 بەرامبەر سربیا دەبێت، رۆژی 28/11 دووەم یاریی خۆی بەرامبەر سویسرا دەكات، سێیەم یارییشی بەرامبەر كامیرۆنەو رۆژی 2/12 ئەم یارییەش دەكات.
*دیارترین ئەستێرەكانی ئەم هەڵبژاردەیە لەم مۆندیالەدا بریتین لە (نەیمار و ماركینۆس-پاریس سان جێرمان، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ-ریاڵ مەدرید، رافینیا-بارسیلۆنا، ئەنتۆنی و كاسیمیرۆ-مان یونایتد، ئەلیسۆن بەیكەر-لیڤەرپوڵ، ریچارلیسۆن-تۆتنهام).
*رۆژی 16/6/2016 یەكێتیی تۆپی پێی بەرازیل بۆندێكی رەسمی لەگەڵ ئادینۆر لیۆناردۆ باچی كە بە تیتی ناسراوە مۆر كردووەو لەو كاتەوە تا ئێستا ئەم راهێنەرە بەرازیلییە سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردەیە دەكات.
*لە پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەمریكای باشووردا هەڵبژاردەی بەرازیل بە كۆكردنەوەی 45 خاڵ یەكەم و ئەرجەنتین بە 39 خاڵ دووەم و ئۆرۆگوای بە 28 خاڵ سێیەم و ئۆكوادۆر بە 26 خاڵ چوارەمی پاڵاوتنەكان بوون و راستەوخۆ گەیشتنە دوا یارییەكانی مۆندیال.

بابەتە پەیوەندیدارەکان