ئا: یادگار ساڵح
ركابەریی و بەشداریكردن و ئەنجام و جامی مۆندیال خەون و ئاواتی هەموو یاریزانێكی تۆپی پێیە كە دەبێتە مێژوویەكی گرنگ لەژیانیدا و شانازییەكی گەورەش دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بتوانێت نازناو یان ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنێت، بۆیە هەریەك لەكریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگال و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتین، لەدوا یارییەكانی مۆندیالی 2022 - قەتەر دوا هەل و ئامانجیان دەبێت، چونكە تەمەنی هەردووكیان روو لە هەڵکشانە و ناتوانن لەمۆندیالی داهاتوو بەشدار بن.
پاڵێوراوی سەرەكین بۆ بوون بە پاڵەوان
ئەو دوو یاریزانە لەژیانیاندا بوونەتە خاوەن سەرجەم دەستكەوت و نازناو و ژمارە پێوانەییەکان، بەتایبەت مێسی خاوەن زۆرترین نازناو و خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانە لەوانە؛ نازناوی خولەكانی ئیسپانیا و فەرەنساو كوپا ئەمریكا، بەهەمان شێوە رۆناڵدۆش، بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەم دوو یاریزانە لەمۆندیالی قەتەردا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوان دەبێت.
مێسی ئامادەكارییەكی باشی بۆ دوا یارییەكانی مۆندیال كردووە، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پاڵێوراوێكی سەرەكی بردنەوەی نازناون، لە ساڵی 2005 - ەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی تانگۆ بانگهێشتكراوە، تائێستا لە 165 یاریدا بەشدار بووەو توانیویەتی 91 گۆڵیش بكات، هەوڵێكی تری ئەو یاریزانە بۆ بوون بە گۆڵكەری مۆندیالە، هەرچەندە ئەو یاریزانە لەچوار بەشداریكردن لەدوا یارییەكانی مۆندیالەکانی (2006و 2010 و 2014و 2018) توانیویەتی تەنیا 6 گۆڵ تۆماربكات، بۆ شكاندی ژمارەی پێوانەیی و بوون بە گۆڵكەری مێژوویی پێویستی بە تۆماركردنی 9 گۆڵ هەیەو ئەوش بۆ یاریزانێكی میسی ئەستەم نییە.
چانسی رۆناڵدۆ
چانسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بوون بە گۆڵكەری مێژوویی مۆندیال زیاترە، هەرچەندە هەڵبژاردەی پورتوگال لەریزی ئەو هەڵبژاردانە نییە كە پاڵێوراوی سەرەكی بێت بۆ بەدەستهێنانی نازناو.
رۆناڵدۆ لەچوار مۆندیالی 2006 و 2010 و 2014 و 2018 بەشدار بووە، لە 15 یاریدا 7 گۆڵی کردووە، هەرچەندە رۆناڵدۆ ئەم وەرزە بەبارودۆخێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت لەگەڵ یانەی مان یونایتد و لەبارودۆخێكی دەرووونی خراپدایە، بەڵام تواناو لێهاتووی ئەو یاریزانە ئەوەی لێ چاوەڕوان دەكرێت بتوانێت ژمارەیەكی زۆری گۆڵ تۆماربكات و سود لەكەمترین هەل وەربگرێت.
گۆڵكەرە دیارەكان لەمێژووی مۆندیالدا كە لە مۆندیالی 1930ەوە دەستیپێكردووە، بەهۆی قورسی و هەستیاری یارییەكان و ركابەریی قورسەوە نەیانتوانیوە ژمارەیەكی زۆر گۆڵ تۆماربكەن، پێنج گۆڵكەرە دیارەكەی مۆندیالیش ئەمانەن:
گۆڵكەران
میرۆ سلاڤ كلۆزە
1 - كلۆزەی هێرشبەری ئەڵمانیا لەسەردەمی خۆیدا یەكێك بوو لەیاریزانە ئاست بەرزەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاو ئەوروپاو جیهان، لەگەڵ مانشافت لەدوا یارییەكانی هەریەك لە مۆندیالەكانی (2002 و 2006 و 2010 و 2014) توانیویەتی 24 یاریی بکات و بە 16 گۆڵیش گۆڵكەری مێژوویی مۆندیالە، مۆندیالی 2006 - یش بۆتە گۆڵكەر بەتۆماركردنی 5 گۆڵ.
رۆناڵدۆ
2 -رۆنالدۆی هەڵگری نازناوی دیاردەی تۆپی پێ و ئەفسانەكەی بەرازیل ، سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناو تا مۆندیالی 2014 گۆڵكەری مێژوویی مۆندیالیش بوو، بەڵام كلۆزە نازناوەكەی لێ سەندەوەو بەتۆماركردنی 15 گۆل لە 19 یاریی مۆندیالەكانی (1994 و 1998 و 2002و 2006) دووەم باشترین گۆڵكەری مێژوویە، هەروەها بە 8 گۆڵ بۆتە گۆڵكەری مۆندیالی 2002.
گێرد مۆلەر
3 -ئەڵمانییەكان سەرەڕای سەروەری و نازناو و ژمارە پێوانەییەكانیان لەمێژووی مۆندیالدا، لەسەر زۆربەری ریكۆردی تاكی یاریزانانیش لەركابەریدان، بەتایبەت گۆڵكەری مێژوویی مۆندیال، ئەوەتا یاریزانێكی تری مانشافت لەپلەی سێیەمدایە ئەویش گێرد مۆلەرە، مۆلەر سەرەرای ئەوەی بەبەراورد لەگەڵ كلۆزەو رۆناڵدۆ دوو مۆندیال بەشدار بووە و 13 یاری كردووە، بەڵام خاوەن 14 گۆلە، مۆندیالی 1970 بووەتە گۆلكەر و تەنیا لەو مۆندیالەدا 10 گۆڵی كردووە.
فۆنتین
4 -گاست فۆنتین ئەستێرەیەكی ناوازە و دەگمەنی هەڵبژاردەی فەرەنسایە، هەرچەندە تەنیا لەیەك مۆندیالدا بەشداربووەو 6 یاریی کردووە، بەڵام توانیویەتی بەئاستە بەرز و ناوازەكەی پارێزگاری لە پلەی چوارەمی گۆڵكەرانی مێژووی مۆندیال بكات، لە مۆندیالی 1958 -دا بەتەنیا 13 گۆلی كرد و بووە گۆڵكەری ئەو مۆندیالە، بەجۆرێك لەیارییەكی قۆناغی گروپەكان لەبەرامبەر هەڵبژاردەی پاراگوای سێ گۆڵ (هاتریك) و لەیاری دیاریكردنی پلەی سێیەمی لەبەرامبەر ئەلمانیا چوار گۆڵ (سوپەر هاتریك)ی كردووە، هەروەها لەو كاتەوە پارێزگاری لەو ژمارە پێوانەییە دەكات و تاكە یاریزانە بتوانێـت لەیەك مۆندیالدا ئەو ژمارە گۆڵە بكات،
پێڵی
5 - ئەدیسۆن ئارانتیس دۆناسیمینتۆ ناسراو بە (پێلێ)ی ئەفسانەو گۆڵكەر و هێرشبەرە ناوازەکەی بەرازیل، سەرەرای چەندین ژمارەی پێوانەیی، ئەو بچوكترین یاریزانە لەمێژووی مۆندیالدا گۆڵ بكات، لەمۆندیالی 1958 داگۆڵی کردووە كە تەمەنی 17 ساڵ و 244 رۆژ بووە، لەلایەكی ترەوە بەپێی ئەو ژمارە و ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، لەژیانیدا هەزارو 363 یاری كردووە، لەو ژمارە یارییە خاوەن هەزارو 283 گۆڵە، هەروەها خاوەنی زۆرترین هاتریكە لەژیانی یاریكردنیدا و توانیویەتی 92 هاتریك بكات، بەڵام ژمارە پێوانەییە گەورە و ناوازەكەی پلەی پێنجەمی گۆڵكەرانی مۆندیالە، كە لە 14 یاریی مۆندیالەكانی (1958و 1962و 1966و 1970) توانیویەتی 12 گۆل تۆماربكات.