قەتەر پێشوازیی جیاجیا لە هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیال دەكات

12:08 - 2022-11-21
وەرزش
265 جار خوێندراوەتەوە

هەرێز جەمال 


هەڵبژاردەی بەرازیل و یەكێك لە بەهێزترین پاڵێوراوەكان بۆ بردنەوەی جامی مۆندیالی قەتەر - 2022 گەیشتە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەمەد لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، بەوەش تەواوی 32 هەڵبژاردە بەشدارەكەی ئەم مۆندیالە گەیشتنە وڵاتی میواندارییكەری مۆندیال كە یارییەكانی لە دوێنێ یەكشەممەوە دەستیانپێكردووە .
یەكەم هەڵبژاردەی بەشدار لە مۆندیالی 2022 كە گەیشتە قەتەر هەڵبژاردەی ئەمریكا بوو، 10 رۆژ پێش دەستپێكی یارییەكان گەیشتن و راستەوخۆ پاش گەیشتنیان مەشقەكانیان دەستپێكرد .
لیژنەی رێكخەری مۆندیالی 2022 ماوەی چەندین ساڵە پلانی تۆكمەو تەواوی بۆ شوێنی مانەوەی هەڵبژاردە بەشدارەكان داڕشتووە و تەواوی یاریگاكانیشی دەستنیشانكردووە كە هەڵبژاردەكان مەشق و راهێنانی تێدا بکەن.
پاش ئەمەریكاش هەڵبژاردەكان پەیتا پەیتا بە پێی خشتەیەكی دیاریكراو رۆژانە لە 10/11/2022 -ەوە گەشتی وڵاتی قەتەریان كرد، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كەمپێكی مەشق و راهێنانی لە ئیمارات كردەوەو لەوێوە بەرەو دۆحەی دراوسێی ئیمارات رۆیشتن ، بە پێی هەواڵی میدیاكان تانگۆ زۆرترین پێداویستی مانەوەو خۆراكی تایبەتیان لەگەڵ خۆیان پێچاوەتەوەو لەگەڵ خۆیان ئەو كەلوپەلانەیان گواستۆتەوە تاوەكو لە ماوەی مانەوەیان بەكاری بهێنن.
هەرچی هەڵبژاردەی مەغریبە یەكەم هەڵبژاردەی عەرەبی بوو كە گەیشتە خاكی قەتەر كاتێك شەوی 13/11/2022 فرۆكەكەیان لە دۆحە نیشتەوە، پاش ئەوانیش تونس و كۆریای باشوور و ئێران و سویسرا گەیشتن ، رۆژی 16/11/2022 هەڵبژاردەی سعودیەش بە شێوازێكی تەواو جیاواز گەیشتنە خاكی قەتەر كاتێك هەڵبژاردەكە بە تەواوی یاریزانان و ستافی راهێنەران و كارگێری بە جل و بەرگی رەسمی وڵاتەكەیانەوە لە فرۆكە دابەزین، هاوشێوەی سعودیەش هەڵبژاردەی گانا شەوی هەینی لە ئەكرای پایتەختی وڵاتەكەیانەوە بە جل و بەرگی نیشتیمانی وڵاتەكەیانەوە بەرێككەوتن و لە خاكی وڵاتی میواندارییکەری مۆندیال نیشتنەوە .
بە پێی رووبەری بچووكی وڵاتی قەتەر، دەبێتە یەكەم وڵات كە زۆربەی شوێنی مانەوەی هەڵبژاردە بەشدارەكان و شوێنی مەشقكردنیان لە یەكترەوە نزیكەو لە دوورترین ماوەی دووریان لە یەكترەوە 10 كیلۆمەتر دەبێت .

بابەتە پەیوەندیدارەکان