پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی

01:05 - 2022-11-21
کوردستان
382 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ رۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. رۆژی یادکردنەوەی مێژوویەک لە تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو رۆڵە خوێنگەرمانەی نیشتمانە کە بە خوێنی خۆیان ئازادی و سەرفرازیی کوردستانیان نەخشاند.

ئەمڕۆ یادی هەموو ئەو شەهیدە قارەمانانە دەکەینەوە کە گڕیان بەتاریکییەوە دەنا و مژدەی هاتنی رۆژێکی نوێیان بە ئێمە بەخشی. یادی ئەو جوامێرانەی لە رۆژانی شکست و نائومێدیدا هیوابەخش و لە شەوەزەنگدا تروسکایی ئێمە بوون.

ئێمە خوێنی رژاوی رۆڵەکانمان و خەم و ئازاری چەند ساڵەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان لەیادنەکردووە. هەوڵەکانمان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر، بەگژداچوونەوەی نادادی و ستەم و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان، هێمای وەفاداری و دڵسۆزیمانە بۆ شەهیدان و ئەو بەها باڵایانەی رۆحی خۆیان لەپێناودا بەخشیووە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەبات لەپێناوی ئازادی و سەرفرازیی خەڵکی کوردستان، دەبێت ئەمڕۆش بەهەمان رۆحییەت و بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەند ساڵە و رێبازی پیرۆزی سەرۆک مام جەلال و هاوەڵەکانییەوە، درێژە بەو خەباتە بدەین و کوردستانمان بگەیەنینە ئەو کەنارەی رووبارێک خوێنی لەپێناودا رژا.

دروود بۆ رۆحی پاکی شەهیدان و سڵاو و رێزی بێسنوورمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکەیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
21ی تشرینی دووەمی 2022

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان