سەرۆک بافڵ: دەبێت کێشەکانی مامۆستایان و خوێندنی کوردی لە کەرکوک چارەسەر بکرێن

07:45 - 2022-11-21
کوردستان
503 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئیبراھیم نامس جبوری، وەزیری پەروەردەی عیراق.

‏‎لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن کرا و چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ خوێندکاران و مامۆستایان وەک یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی کۆمەڵگە جەختی لێکرایەوە.

‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە کێشەی خوێندن بە زمانی کوردی و راژەی مامۆستایان کرد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی مامۆستایان چارەسەر بکرێن و خوێندن بە زمانی کوردی لە شاری کەرکوک بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوامانکردووە راژەی مامۆستایان بگوێزرێتەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی عیراق و مافە یاساییەکانیان بەدەستبهێنن. کە ئەمەش یەکێک بووە لەو خاڵە گرنگانەی لە کارنامەی حکومەتی نوێ جێگیرکراوە و پڕۆژەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

‏‎کێشەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن و خوێندکارانی خوێندنگەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکیتر بوو لە تەوەرەکانی دیدارەکە و سەرۆک بافڵ وتی، ئێمە لە خەمی بەرەوپێشچوونی ئەو کەرتە گرنگەی کۆمەڵگەین و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت، کارەکانیشمان لە رابردوودا بۆ خزمەتی خوێندکاران و مامۆستایان دەرخەری ئەو راستییەن. لە کاتێکدا ئەرکی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بڕەخسێنن و هەنگاو بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکەدا بنێن.

‏‎لە بەرامبەردا ئیبراھیم نامس جبوری، وەزیری پەروەردەی عیراق ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی کرد لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ خزمەتی پەروەردە و پڕۆسەی فێرکردن و رایگەیاند، بەڵێن دەدەین بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکەین و لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبهێنین تاوەکو بتوانین خزمەتی خوێندن بە زمانی کوردی و مامۆستایان بکەین.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان