كێشەی مامۆستایان و خوێندنی بەشی كوردی، پرسی سەرەكیی یەكێتی بووە لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە بەغدا هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە خستووەتەگەڕ.
لەوبارەیەوە، سەباح شێخ حەبیب جێگری دووەمی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاند: «پرسی مامۆستایان و خوێندنی كوردی لە كەركوك، لە سەرەكیترین كارەكانی وەفدی یەكێتی بووە لە بەغدا بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە یەكێتی لەگەڵ حكومەتەكەی سودانی وا رێكەوتووە مووچەی مامۆستایان بخرێتەسەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق، هەروەها بڕیاردراوە ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی كاری حكومەتەوە بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایانەی كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن و خزمەت بە خوێندنی كوردی دەكەن، مووچەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عیراق».
سەباح شێخ حەبیب، ئاماژە بەوەش دەكات كە بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو پرسە خراوەتە كارنامەی حكومەتی نوێی عیراق و جێبەجێ دەكرێت و لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی یەكێتی و وەزیری پەروەردەی عیراقیشدا تەئكید لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە دەبێت راژەی ئەو مامۆستایانە بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عیراق. «وەكو فراكسیۆنی یەكێتی-ش نووسراوێكمان ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ ئەو پرسە دابینبكرێت و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوامین بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە».
مامۆستایانی بەشی خوێندنی كوردی لە ناوچە جێناكۆكەكان ژمارەیان زیاتر لە 7 هەزار مامۆستایە و ئێستا مووچە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن، بەڵام كارە ئیدارییەكانیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقە و لەساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە ئەو كێشەیە بۆ مامۆستایان چارەسەربكات، بەڵام یەكێتی بە هەوڵی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیەی داوە و وەزیری پەروەردەی عیراقیش بەڵێنی چارەسەركردنی بە سەرۆكی یەكێتی داوە.
PUKMEDIA