مباپێ لەسەر رێچكەی ئەفسانەكانی فەرەنسا

10:48 - 2022-11-23
وەرزش
433 جار خوێندراوەتەوە

یادگار ساڵح

فەرەنسا هەمیشە ناوێكی دیارو ژمارەیەكی قورس و خاوەن چەندین ئەنجام و دەستكەوت و یاریزانی ئاست بەرز بووە لەتۆپی پێدا.
دوای هەریەك لە میشێل پلاتینی و زەینەدین زێدان و گۆست فۆنتین و تیری هێنری و ئیریك كانتۆنا و دیدیە دیشامپ و لیلیان تۆرام و لۆران بلان و چەندین ئەستێرەو ئەفسانەی تر، كیلیان مباپێ لەسەر رێچكەی ئەو یاریزانانە هەنگاو دەنێت و هەوڵدەدات بەهەمان رێگای ئەواندا بڕوات، یاریزانی ناوبراو لەیەكەم دەركەوتنیدا لەمۆندیالدا توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و ببێتە خاوەن ژمارەیەکی پێوانەیی.

یەكەم دەركەوتن و ریکۆرد
مۆندیالی 2018 – روسیا، سەرەتای هاتنەدی خەون و ئامانجەكانی مباپێ بوو، بووبە بچوكترین یاریزان لەمێژووی هەڵبژاردەی فەرەنسادا لەمۆندیالدا بەشدار بێت، ئەو كاتە تەمەنی 19 ساڵ و 6 مانگ بوو، بەڵام ئاستێکی نموونەیی نواند، بەتایبەت لەدووەم یاریی قۆناغی گروپەكان بەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ، فەرەنسییەکان بە تاكە گۆڵەکەی مباپێ كە لەدەقیقەی 34 دا كردی، سەركەوتنی تۆماركرد، ئەمەش ریکۆردێکی پێبەخشی کە بووە دووەم یاریزانی لاو لەمێژووی مۆندیالدا گۆڵ تۆماربكات کە کەمترین تەمەنی هەبێت (19 ساڵ و 6 مانگ)، لەدوای پێڵێ-ی ئەفسانەی بەرازیل كە لەمۆندیالی 1958 لەتەمەنی 17  ساڵ و 8 مانگ گۆڵی بۆ سامبا کرد.
بەهرەمەندەكەی فەرەنسا لەیارییەكی قۆناغی 16شدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گۆڵی دووەمی تۆماركرد، لەو رێگەیەوە بووە خاوەن ژمارەیەكی تر كە بچوكترین یاریزان بێت لەیەك مۆندیال دوو گۆڵ تۆماربكات.

هەوڵی تۆماركردنی سوپەر هاتریك
مباپێ-ی ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان لەساڵی 2017 ەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی فەرەنسا بانگهێشت كراوە، لە 59 یاریدا بەشدار بووە، 28 گۆڵی کردووە و 21 گۆڵیشی بۆ هاورێ یاریزانەكانی دروستكردووە، لەو ژمارە یارییە 7 یارییان لە مۆندیالدا بووە.
لەگەڵ یانە پاریسییەكەش كە لەساڵی 2017ەوە لەریزی ئەو یانەیە یاریی دەکات، 190 گۆڵی لە 237 یاریدا كردووە، ئاستە بەرزەكەشی وای لێكردووە ببێتە یەكێك لەو یاریزانانەی خاوەن گرانترین بۆندەكانی تۆپی پێیە.
 لەمۆندیالی 2022ی قەتەریش هەلێكی زێڕین لەبەردەم ئەو یاریزانەدا هەیە، تا بتوانێت وەك ئەستێرەكانی پێشوو چەند دەستكەوت و ریكۆرد تۆمار بکات، یەكێكیان شكاندنی ریكۆردە ناوازەكەی گۆست فۆنتین-ی هاونیشتمانییەتی كە لەمۆندیالی 1958 و لەیاریی دیاریكردنی پلەی سێیەم و چوارەمی ئەو مۆندیالەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیای رۆژئاوا، توانی  چوار گۆڵ (سوپەر هاتریك) تۆمار بکات، لەو كاتەوە هیچ یاریزانێكی فەرەنسا نەیتوانیوە سوپەر هاتریك تۆماربكات.
ئامانجێكی تری مباپێ ئەوەیە ببێتە گۆڵكەری مێژوویی فەرەنسا لە مۆندیالدا، کە ئێستا گۆستین فۆنتین تاكە یاریزانی فەرەنسایە 13 گۆڵی لەدوا یارییەكانی یەك مۆندیالدا كردبێت و لەپێشەنگی گۆڵكەرانە، تیری هێنری دووەمە بە 6 گۆڵ و هەریەك لەمیشێل پلاتینی و زەینەدین زێدان-یش خاوەن 5 گۆڵن، بۆیە ئەو یاریزانە توانای بڕینی بەربەستی چەند پلەیەكی هەیەو هیچ نەبێت دەتوانێت پلەی دووەمی لە هێنری وەربگرێت.
ئەو یاریزانە تەمەنی کەمەو دەتوانێت مەترسی لەسەر ریکۆرەكەی میرۆسلاڤ كلۆزەی ئەڵمانیش درووست بکات کە بە 16 گۆڵ و رۆناڵدۆی دیاردەی تۆپی پێ و ئەفسانەی بەرازیلی بە 15 گۆڵ لەپلەکانی یەكەم و دووەمی گۆڵكەرانی مێژوویی مۆندیالدان. 

خاوەن خێراترین گۆڵی لیگاوەن
كلیان مباپێ لەم وەرزەی خولی یانەكانی فەرەنسا (لیگاوەن)، پێشەنگی گۆڵكەرانی خولەكەی گرتووەو خاوەنی 12 گۆڵە،  هەروەها توانی خێراترین گۆڵ لەمێژووی لیگاوەنیشدا تۆماربكات، كاتێك لەهەفتەی سێیەم و بەرامبەر یانەی لیل لەسانیەی 9 دا گۆڵی پێشكەوتنی بۆ پی ئێس جی کرد، بۆیە راهێنەرو هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكەن بتوانێت لەدوا یارییەكانی ئەم مۆندیالەدا ببێتە خاوەنی خێراترین گۆڵ، کە برنارد لاكومپ-ی ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا خێراترین گۆڵی لەمۆندیالی 1978 تۆماركردووە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پاش 29 سانیە لەدەستپێكردنی یاریی.
مباپێ كە ئێستا تەمەنی 23 ساڵە، هەوڵ بۆ شكاندنی ریکۆردێکی خۆی دەدات كە لە مۆندیالی 2018 تۆماریكردووە، کاتێک توانیویەتی 15 بڕین (مراوغە) لەیەك یاریدا بەسەركەوتووی ئەنجامبدات.
دوا پرسیار بۆ ئەو یاریزانە فەرەنسییە ئەوەیە، ئایا دەتوانێت لەچەند مۆندیالیکی تر بەشدار بێت؟، بەتایبەت وەك تیری هێنری کە لەمۆندیالەكانی (1998و 2002و 2006و 2010) بەشدار بووە، ئایا مباپێ تا چەند مۆندیالی تریش بڕ دەکات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا دەتوانێت بۆ جاری دووەم لەسەریەك ببنە خاوەنی جامی مۆندیال؟ ئەو ریکۆردەش لەپێشوودا هەڵبژاردەكانی ئیتاڵیا و بەرازیل بەدەستیانهێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان