کێ جامی مۆندیال دەباتەوە؟

11:29 - 2022-11-23
وەرزش
410 جار خوێندراوەتەوە

ئاکۆ عارف 

هەموو جارێک کە پاڵەوانێتیەک دەستپێدەکات، بەتایبەت مۆندیالەکان، ھەر کەس ئەو تیپەی خۆی خۆشی دەوێت دەپاڵێوێت بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانێتیەکە و لەبەرامبەردا باس لە بەھێزی چەند تیپێک و ئەگەری بردنی نازناو لەلایەن تیپی تریشەوە دەکات.
لە مۆندیالی قەتەردا ئەرجەنتین لەھەموان بەھێزترە، بەڵام ھەڵبژاردەکانی بەرازیل، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکاش زۆر بەھێزن، رەنگە دواجار ھێزیش کێبڕکێ یەکلایی نەکاتەوە بەڵکو چانس یان تاکتیک یاخود دەرفەتی زێرین بۆ تیپێک ھەموو شتێک دەگۆڕێت.
مۆندیالی 2002 کە لە کۆریا و ژاپۆن بەرێوە چوو، ھیچ ھەڵبژاردەیەک ھێندەی ئەرجەنتین و فەرەنسا بەھێز نەبون، کەچی بەرازیل کە کورد ووتەنی بە ھەزار شەڕەشەق سەرکەوتبون بۆ ئەو مۆندیالە، جامەکەی بەرزکردەوە.
بەندە پێموایە گەر بێتو میسی ئەم جامە بۆ ئەرجەنتین بباتەوە، ئەوا مۆندیالی قەتەر بۆ هەمیشە بە زیندویی و پرشنگداری دەمێنێتەوە و بۆ ھەمیشە باس دەکرێت ، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی من خۆم ھاندەری ئەرجەنتینم، بەڵکو ئەوە ئەستێرە ناودارەکانی جیهان و زۆرێکیش لە شارەزایانی ئەم بۆنەیە و ئەوانەی پەیوەستن بە یاریی تۆپی پێوە وادەڵێن.
ئەم مۆندیالە پێش وەخت بە مۆندیالی میسی و ئەرجەنتین  پێناسەکراوە، جا میسی  و خۆی و تیپەکەی گەر جامەکەی بەرزبکەنەوە بێگومان   دەیسەلمێنن  کە مۆندیالی راستە قینەی خۆیان بووە.
بێگومان بەشداریکردنی مۆندیال خۆی لە خۆیدا بردنەوەیە، رۆحی ئێستای تانگۆییەکان و توانای فەرەنسیەکان و تاکتیکی ئیسپانییەکان و  ناو و ناوبانگی بەرازیل و ماکینەکانی مانشافت و لێهاتووی بەلجیکاو بەهێزی ئاشەکانی ھۆڵندا، خوێندنەوەی زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام خۆشتر ئەوەیە ھێز و توانا و لێزانی شتەکان یەکلایی بکاتەوە نەوەک چانس.

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان