ئەدەب و سانسۆر

09:51 - 2022-11-24
ئەدەب و هونەر
38 جار خوێندراوەتەوە

جۆن سەزەلەند

لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی

هەروەک چۆن مێژووش نیشانی داوە هەرکاتێک ئەدەب لە ژێر فشاردا بووبێت، کۆتوبەند کرابێت یاخود هەر کاتێک لە ئاوارەییدا نووسرابێت، کاری گەورەی لە دەست هاتووە. لە هەموو شوێنێک و لە هەر دەورانێکی مێژوودا دیکتاتۆرەکان نیگەرانییان لە ناوەڕۆکی کتێبەکان هەبووە. کتێب بەلای دەسەڵاتەوە ئارامی دەشێوێنێت و وەک ماتەوزەیەکی شێواندنی دەوڵەت چاوی لێکراوە. وەک دەزانرێت ئەفلاتوون دەستەبەرکردنی ئاساییشی دەوڵەت بە دوورخستنەوەی سەرجەم شاعیران دەزانێت. 
بەدرێژایی چاخەکان، بە ئەمڕۆشەوە ئەمە نەگۆڕاوە. ئەو چینەی کە نووسەرانی گەورەشی تێدان، لەگەڵ رقی دەسەڵات بەرەوڕوون. لیستی درێژی ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان کردووەتە قوربانی ئەدەب جێی سەرنجە. دانیاڵ دیفۆ بەهۆی نووسینی شیعری ساتیرییەوە کەوتە زیندان. دەگوترێت کاتێک بە ستوونی سووکایەتیپێکردنەوە بەستراوەتەوە خەڵکەکە لەباتی ئەوەی هێلکەی تێبگرن، گوڵیان بۆ هەڵداوە. سەلمان روشدی بەهۆی ئەو رۆمانە رەخنەییەی کە نووسی، ناچار بوو دە ساڵی تەمەنی لە "ماڵی ئاساییش" بەسەر ببات. جۆن میڵتن ناچار بوو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت و لە دوای خۆیەوە ئەو رۆمانانەی بەجێهێشت کە سووتێنران. لە بەرهەمەکەیدا، کە بە ناوی ئاریۆپاگێتیکایە و لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوەیە، دەڵێت: "لەنێوبردنی کتێبێکی باش، هاوشانە لەگەڵ لەنێوبردنی مرۆڤێک. ئەو کەسەی مرڤێک دەکوژێت، رۆحلەبەرێک کە مێشکی بەکاردەهێنێت و روخساری خوداوەند دەسڕێتەوە. ئەو کەسەی کتێبێکیش لەنێودەبات خودی عەقڵە."

کتێبە مەترسیدارەکان
کۆمەڵگە جیاوازەکان لەبارەی "کتێبە مەترسیدارەکان"ەوە کاردانەوەی جیاواز نیشان دەدەن. بە بەراوردکاری لە نێوان وڵاتانی وەک فەرەنسا، روسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەمە بە روونی دەهێنێتە بەرچاو. هەر کام لەو وڵاتانە بەشێوەی تایبەتی خۆی شەڕی بەرانبەر ئەدەب راگەیاندووە یاخود سنوورداری بۆ ئەدەب هێناوەتە پێشەوە. رژێمی بەر لە شۆڕشی فەرەنسی بەتەواوی چاپ و بڵاوکردنەوەی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. مەرج بووە هەر کتێبێک "بە تایبەتمەندیی خۆیەوە" ئیزن لە دەوڵەت وەربگرێت. ئەو کتێبانەی هاوشێوەی کاندیدی ڤۆڵتێر، کە رێگەپێدانی دەوڵەتیان نەبووە، وەک چەکی شۆڕش سەیرکراون. ئەو نووسەرە رۆشنگەرانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەیان کتێبەکانیان نووسیوە، لە نێو خۆی وڵاتەکەیان وەک نارنجۆکی ئایدۆلۆژی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. 

کتێبەکانی ئێمیل زۆلا قەدەغەکران
لەگەڵ هاتنی شۆڕشی فەرەنسی  دەستەبەری ئازادییەکان کرا، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ناپلیۆن دووبارە ئازادییەکان سنووردارکرانەوە. لە ساڵی 1857 دوو کتێب لەو وڵاتەدا بڵاوبوونەوە و دەستبەجێ نووسەرەکانیان دادگاییکران. یەکێکیان رۆمانی مادام بۆڤاری فلۆبێرت و بژاردەی شیعرەکانی گوڵەکانی خراپەی بۆدلێر. هەردووکیان بە "پێشێلکردنی ئاکاری گشتی" تۆمەتبارکران. بەڵام دواتر ئەو دۆزەی دژ بەو دوو کتێبە کرایەوە، کە لە فەرەنسای ئەمڕۆییدا لە ریزی شکۆدارترین بەرهەمەکان دادەنرێن، وایان کرد فراوانترین بوار بە ئەدەبی ئەو وڵاتە بدەن. لەو وڵاتانەی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن سەرەتا کتێبەکانی ئێمیل زۆلا قەدەغەکران، بەڵام دوای ئەوەی ئەدەبی ئەو وڵاتەیان بردە ئاستێکی تر ئیتر ئازاد بوون.
لە بەریتانیا ئازادییەکان زیاتر دوای شەڕی یەکەمی جیهانی جێگەیان گرت. تاوەکو سەدەی هەشت پێشینە بۆ کۆنترۆڵی سیاسیی بوو. هەر نووسەرێک بۆ دەسەڵات مایەی بێزاری بوایە، بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت بە قوللـەی لەندەنەوە هەڵدەواسرا یاخود وەکو دێفۆ دادگایی دەکرا و بە ستوونی شەرمەزارکردنەوە هەڵدەواسرا. 
بە تایبەت سانسۆری شانۆ لە بەریتانیا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو. چونکە شوێنی نماییشکردنی شانۆ شوێنی "کۆبوونەوە" بوو و بینەرانیش قەرەباڵغییەک بوون کە بە ئاسانی "کێشەیان دەنایەوە". سانسۆری شانۆ تاوەکو ساڵی 1960 بەردەوام بوو. 
بەشێوەیەکی سەیر دوای ئەوەی رۆمانی خۆشەویستی شاتەرلی خانم ـی دی. ئێچ لۆرانس بڵاوبووەوە و هیچ ناڕەزایی و سکانداڵێکی بەدوای خۆیدا نەهێنا. ئەمە وای کرد رێگە لەبەردەم ئازادییەکان خۆش بکات لە بەریتانیا. 
لە سەردەمی روسیای قەیسەردا بەشێک لە گەورەترین بەرهەمە ئەدەبییەکان کەوتنە ژێر فشاری بیرۆکراسیەتی سانسۆری قەیسەرەوە. لێرەشدا یەکێک لە پارادۆکسەکانی مێژووی ئەدەب دێتەبەر چاومان: نووسەران بۆ ئەوەی لە بەربەستی چاودێرە بێتواناکان دەربچن ئاستی شانۆییەکانیان بەرزکردەوە. بۆ ئەمەش رێگەیەکی جیاواتریان بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە رەخنەی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە دۆستۆیڤسکی باس لە هەماهەنگی و هاودەستی ئەو سێ برایە دەکات کە دەیانەوێ ئەو باوکەی بەرگەی ناگرن بکوژن. قەیسەریش لەلایەن خەڵکەوە وەک "باوکی بچکۆلە" ناودەبرێت. 

ئەو ئازادییە رەها نەبوو
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن پیوریتانییەکانەوە ئازادی رادەربڕین و نووسین و خوێندنەوە دامەزرا. ئازادی ئاخاوتن لە ساڵی 1787 لە دەستووری ئەمریکادا لە مادەی یەکەمدا جێگیرکرا. بەڵام ئەو ئازادییە رەها و گەردوونی نەبوو. لە پێکهاتەی فشاری فیدراڵیدا  و ئەو ئازادییانە تێکەڵ بوون. ئەو بەرهەمە ئەدەبییەی لە بۆستن قەدەغە بوو لە نیویۆرک نەدەفرۆشرا. 
لە ئەڵمانیا لە ساڵانی 1913-1933 لە کۆماری ڤایماردا لە رەهەندە مێژووییەکەیەوە  بە رووکار رژێمێکی ئازادیخوازانە هەبوو. برێخت کە ئۆپێرای The Threepenny Opera نووسی لە سەردەمی خۆیدا هاوشێوەی نەبینراوە، فۆڕمێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی لە شانۆ داهێنا و ئاسەوار و جێپەنجەی خۆی بەسەر هەموو جیهانەوە بەجێهێشت. کاتێک فاشیستەکان هاتنە سەر دەسەڵات، دەستیان کرد بە فشارێکی زۆردارانە. کتێبەکان سووتێنران.جگە لەوەی کە حزبەکەیان بواریان پێ داوە رێگەیان بە هیچ شتێکی تر نەدا و هەوڵیان دا هۆشی تەواوی گەل بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بۆ ماوەی دە ساڵ هیچ بەرهەمێک بڵاونەبووەوە کە بەهای مێژوویی هەبێت. لەوەش خراپتر دوای روخانی رژێمی فاشیستی ئەو ژەهرە بوو کە لە دوای رووخانی لە دوای خۆیەوە بەجێی هێشت. 
تاوەکو ئێستاش خەبات دژی سانسۆر درێژەی هەیە. وەک مێژووش نیشانی داوە کاتێک ئەدەب لە ژێر فشار و سانسۆردا دەبێت، یاخود زنجیر و کۆتوبەند دەکرێت بەرهەمی بەپێزی ئەدەبی دێنە ئاراوە. بگرە وەکو قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیەوە دێتەوە بوون. ئەمەش خەباتی بەرچاوی رۆحیەتی مرۆڤبوونە.

سەرچاوە: oggito

بابەتە پەیوەندیدارەکان