هەنگ بۆ ژینگە و هەنگوین بۆ ژیان

09:51 - 2022-11-27
ڕاپۆرت
644 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بووە شوێنی نمایشی بەرهەمی هەنگوینی شاخەکانی هەرێمی کوردستان. 
هەنگ بۆ ژینگەو هەنگوین بۆ ژیان، حەوتەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنگوین بوو لە شاری سلێمانی، ماوەی چوار رۆژ هەنگەوانان لە پارکی ئازادی بەرهەمی هەنگوینیان تێدا خستەڕوو.
فێستیڤاڵەکە بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستانە.
هەنگوین لە هەنگەوانان بکڕن
لوقمان عومەر سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەنگوین رایگەیاند، 34 هەنگەوانی شارەزا بە هەنگوینی سروشتی شاخەکانی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.
جگە لە خستنەڕووی شیلەی هەنگوین و شانە و  و بەرەمێو، جیاوازی کەرەستەی کۆن و نوێی بەخێوکردنی هەنگ و ئامادەکردنی هەنگوینیش لەلایەن هەنگەوانانەوە خرانەڕوو، هاوکات بەشێک لە هەنگەوانان جگە لە هەنگوین بەرهەمە خۆماڵییەکانی رۆن و کەرەی کوردی و کەشک و دۆینە و روبەهەناریشیان نمایشکردبوو.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەنگوین وتی، یەکێک لە ئامانجەکان نەهێشتنی گلەیی هاووڵاتیانە لە هەنگوینی ناوبازاڕ و ئەم فێستیڤاڵە کردنەوەی دەرگایەکە بۆیان تا راستەوخۆ هەنگوین لە هەنگەوانەکە بکڕن.

باشترین هەنگوین نمایشکراوە
کەژاڵ ئەبوبەکر کڕیارێک بوو وتی، خێزانەکەم حەزیان لە هەنگوینە و باشی دەخۆن قەت لە بازاڕ نایکڕم و ساڵانە سەردانی ئەم فێستیڤاڵە تایبەتانە دەکەم  و بەشی پێویست هەنگوین دەکڕم، لەبەرئەوەی تاڕادەیەکی زۆر لێی دڵنیایت کە هەنگوینی ساغت پێ دەفرۆشن.
سەرجەم ئەو هەنگەوانانەی بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە ئەندامی کۆمەڵەی هەنگەوانانن و لوقمان عومەر سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەنگوین ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر سەردانی هەنگەڵانی زۆرینەیانمان کردووە و دەرکەوتووە هەنگەوانی نموونەین و باشترین هەنگوینیان هێناوە بۆ فرۆشتن.
مەحمود عەبدوڵڵا هەنگەوان لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانی هەنگوینی نمایشکرد بوو وتی، کڕیارێکی باشم هەیە و نرخی هەنگوین لەلام بە 60 هەزار دینارە، ئەم فێستیڤاڵە بووەتە شوێنێکی باش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەکەم و هەر لەم رێگەیەوە کڕیاری تایبەتم پەیدا کردووە. 

نزیکەی 500 تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبووە
ئەمساڵ تەنها لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 500 تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبووە ئەوەش وایکرد نرخەکەی هەرزانتر بێت و نرخی کیلۆیەک هەنگوین لە 40 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 100 هەزار دینار.
سەلام عەلی کڕیارێکی ترە و جگە لە هەنگوین رۆنە کەرەشی کڕی بوو وتی، ئێرە شوێنێکی باشە بۆ دەسکەوتنی هەنگوینی ساغ  و ئەگەر دەتەوێت شەکرت پێ نەفرۆشن دەبێت لەم فێستیڤاڵانە و لە دەستی یەک هەنگوین بکڕیت.
بەرهەمی هەنگوینی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە جۆرە باشەکانی هەنگوین لە دنیادا و پێشتر لە چەندین پێشانگە و فێستیڤاڵی دەرەوەدا بەشداری کردووە و ئەوە سەلمێنراوە.
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی هەزار و 500 تۆن هەنگوین هەیە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ تەواوی ئەو پێویستییە پڕ ناکاتەوە بۆیە هەنگوین لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێت کە زۆرینەیان ئێرانی و هۆڵەندین و بەهۆی کەمی نرخیانەوە خواستیان لەسەرە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان