جەنگی داهاتووی سروشت

11:24 - 2022-11-27
دووتوێ
371 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

بەپێی لێکدانەوە و توێژینەوەی زۆربەی زانا جیهانیەکان هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەواو گەرمی گۆی زەوی مرۆڤ خۆیەتی و هەر خۆیشی زەرەرمەندی سەرەکی ئەو تێکچوونەیە و تا دێ بارەکە خراپتر دەبێت، ئەگەر واش بڕوات مەترسی دەکەوێتە سەر حەوانەوە و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەکان، بۆیە لەقۆناغی داهاتوودا مرۆڤ بۆ خۆشگوزەرانی خۆی هەوڵ دەدات ئاژەڵ و گیانلەبەرانی تری سەر رووی زەمین لەناو ببات، ئەوکات کاردانەوە دروست دەبێ و جەنگێکی گەورە لەنێوان هەردوولادا بەرپادەبێت.
توێژەرێکی زانکۆی  University of Washington ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە جەنگی داهاتوو لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵە و لەم جەنگەدا هەردوولا زیانی گەورەیان پێدەگات، توێژەرەکان نموونەی ساڵی 2015 دەهێننەوە کە لە کەنار دەریاکانی ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی دەریاکە روویدا، ماسی و نەهەنگەکان ئەوناوەیان چۆڵکرد و روویان لە ناوچەیەکی تری فێنک کرد، ئەوکات وەرزی راو گۆڕانی بەسەرداهات و بەهۆی بێکاری و گەڕان بەدوای نێچیر راوچییەکان ژیانیان کەوتە مەترسییەوە، هەروەها سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وڵاتی بوتسوانا ئاژەڵانی کێوی و گۆشت خۆرەکان ناوچە چۆڵەوانی دارستانەکانیان بەجێهێشت و لەشار و شارۆچکەکان نزیکبوونەوە و زیانیکی زۆریان بە خەڵکی گەیاند.
بەپێی هەمان توێژینەوە لە ساڵانی رابردوو لە ئەمریکا ئەمە روویدا و بەهۆی تێکچوونی کەشوهەواوە ورچی دڕندە بەناو یەکەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان بڵاوبوونەوە و بارێکی شڵەژاو مەترسیداریان دروستکرد، لە زۆر شوێن شەڕ لەنێوان مرۆڤ و ورچ دروستبوو، ئەمساڵیش  بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ناو ئاو لە دورگەی گرینلاند ورچی سپی چووە دەشتایی و هەڵیکوتایەسەر بنکەیەی پاسەوانی دەریا و وێنەگرێکی تیمێکی تەلەفزیۆنی کە لەوێ بوون بریندار کرد و دواتر گیانی لەدەستدا، ئەو ورچە بەهەمان هۆکارەوە چەند رووداوێکی دروستکردووە لەهیندستان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کەمبوونەوە و نەمانی خۆراک و گژوگیای مەڕوماڵات و سەرمانگای لێ کەوتەوە و بەهۆیەوە نەخۆشییان لەنێودا بڵاوبۆوە و ئەو نەخۆشییە بۆ مرۆڤ گوازرایەوە، دیسانەوە هەر لە دارستانەکانی ئەمریکا بەهۆی گەرما نەخۆشی «لایم» لەناو ئاسک بڵاوبۆوە و ئەمەش بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، لەکوردەواری پەندێکی باو هەیە دەڵێت» برسیەتی رەگێكی لەهاریە» واتە کاتێک یەکێک برسی بێت لەوانەیە هار ببێت، هاربوونیش کەتنی بەدواوەیە جا چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ، زانا ئوسترالیەکانیش سەلماندوویانە زۆرجار گۆڕانی کەشوهەوا زیان بە بەروبوومی کشتوکاڵی دەگەیەنێ و زیندەوەرانی وەک کوللە زەردەواڵەی جۆراجۆر لەگەرما پەنا دەبەنە بەر بەروبوومەکان و بۆ بەدەستهێنانی خۆراک لەو رووەک و سەوزاییانە دەدەن وئافات دروست دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی مرۆڤ بەدوای خۆیدا دەهێنی و ناچار دەبن دەرمان و ژەهر لە دژیان بەکاربێنن و لەو پرۆسەیەدا قەتلوعامی زیندەواران هی چاک و خراپ دروست دەبێت و تەڕو وشک بەیەکەوە دەسوتێت.
زۆربەی توێژینەوەکان پەیوەندیەکی پتەو دەبینن لەنێوان مرۆڤ و گیانلەبەرانی ترو گۆڕانی کەش و هەواش لەسایەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەمتەرخەمی مرۆڤ دەزانن و وەک هۆکارێکی نانەوەی کارەسات و ئاژاوەی دادەنێن، بۆیە شارەزایان داوا لەمرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان دەکەن کە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی ژیان بدەن بە کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگە تا مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرو باڵندە و سروشت بەیەکەوە خۆشگوازەران بژین و دووربن لە کارەسات و ئاژاوە و یەکتر لەناوبردن، هەربۆیە لەمساڵدا دۆسیەی کەشوهەوا چۆتە ناو ئەجێندای سیاسی و ئیداری دەسەڵات و پارتە سیاسیەکان بەرنامەی خۆی لەسەر ژینگە دامەزراندووە، چونکە بۆتە پێویستییەکی حەتمی و دیاردەیەکی واقیعی ژیانی کۆمەڵگەکان. 

سەرچاوە: Science 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان